لەودیو دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"
لەگەڵ بونیادنانی تەڤگەری ژنانی کورد لە ساڵانی نەوەدەکاندا، وەک هێزێکی چالاک و گۆڕانکاری لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بوو بە بنەمایەکی ناوەندی خەباتی ژنان.

هاجەر ئۆزدمێر
لە سەدەی بیست و یەکدا خەباتی ژنانی کورد تەڤگەری ژنان وەک قۆناغێک سەریهەڵداوە کە قبوڵکردنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکان پێناسە دەکاتەوە و سیستەمی پاوانخوازی هەڵوەشاندەوە کە ڕەگ و ڕیشەی لە هەزاران ساڵەی پاوانخوازیدایە، ئەم سەردەمە نەک تەنها درێژکراوەی خەباتەکانی پێشوو، بەڵکو مژدەی قۆناغێکی نوێی خەبات بۆ یەکسانیڕەگەزی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، لەم سەردەمەدا تەڤگەری ژنان شاهیدی بەرخۆدانێکی بێ وێنەن لە دژی نۆرمەکانی پیاوسالاری، ئەو بێدەنگییە دەشکێنن کە سیستەمەکانی هەڵاواردنی سیستماتیکی سەپاندویەتی.
لەم دواییانەدا، خەباتی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی تۆڕێکی هاوپشتی سنووری و زەمینەیەکی هاوبەش بۆخەبات، ئەو پلاتفۆرمانەی ژنان دروستیان کردووە و تۆڕەکانی هاوسۆزی و رێکخستن بوونەتە ئامرازێکی بەهێز کە خەباتی ژنانیان گشتگیرتر و یەکتربڕتر کردووە، لە سەرانسەری جیهاندا، ژنان لە پێشەنگی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمە سەرکوتکەر و دیکتاتۆرەکانن و داوای دیموکراتی، ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری دەکەن، لە هەمووی گرنگتر لە ڕێگەی بەرخۆدانیانەوە سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵایەتی دەکەن، دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بەرجەستەی ڕۆحی ڕزگاریخوازی ژن و ئامادەبوونی بەکۆمەڵ و ڕزگاری کۆمەڵایەتییە.
"ژن ژیان ئازادی" بنچینەی پڕۆژەی ڕزگاریخوازی کوردە
لەو کاتەوەی تەڤگەری ژنانی کورد لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی خۆی کردوە، وەک هێز و پێکهاتەیەکی گۆڕانکاری لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا دەرکەوتوە، ئەم دروشمە بۆتە بنەمای ناوەندی لە خەباتی ژناندا، ئیتر تەنها گوزارشت لە بەرگریکردن لە ناسنامە و ئازادی ناکات، بەڵکو بووەتە هێمای خەبات بۆ یەکسانی ڕەگەزی، بەرجەستەکردنی ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە و یادەوەری بەکۆمەڵی ژنان، تەنانەت بۆتە دروشمێکی جیهانی.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە درێژای مێژوو لە ڕوانگەی فیکرییەوە سەریان هەڵداوە و لەسەر بنەمای فەلسەفی دامەزراون، ئەم بزووتنەوەیانە پاشخانێکی تیۆری ڕوونیان هەیە و داواکاری بنەڕەتی دەخەنە ڕوو، یان جێپەنجەی خۆیان لەسەر سەردەمی خۆیان بەجێدەهێڵن و زەمینە بۆ گۆڕانکاری خۆش دەکەن، یان لە چوارچێوەی خۆیاندا سنووردار دەمێننەوە و کاڵ دەبنەوە، دروشمی "ژن ژیان ئازادی" لە چوارچێوەی خۆیدا توانای فەلسەفی هەڵدەگرێت کە شایستەی ئەوە دەکات ببێتە فەلسەفەی ئەم سەدەیە و شایەتحاڵی ئەو جۆرە ژیان و ڕێکخستنەی ژنان هەوڵی بۆ دەدەن.
ژنان وەک یەکێک لە دیارترین ئەکتەرەکانی مێژووی بیرکردنەوە و چالاکی سیاسی لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، لە ڕێگەی خەبات و بەرخۆدان و ئامادەبوونی خۆیانەوە، ئەگەری نوێیان بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵگە ئازادکراوەکان دابین کردووە، کە گەلان و پێکهاتەکان و پیاوانیش بە هەمان شێوە، سەرەڕای هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەیان لە ژیانی ڕۆژانە و زانست و هونەر و کایەی گشتی بە درێژایی مێژوو، خەباتی ژنان ئەمڕۆ لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیهان بە کەڵک وەرگرتن لە ئامراز و کەرەستەی جۆراوجۆر و بە ئیرادەیەکی بێوچان بەردەوامە.
نکۆڵی لە بوونی ژنان کراوە، و وەک بوونەوەرێکی نائاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، بەشێک لە سیستەمێکی پیاوسالاریە کە بۆ خزمەتکردنی سیستەمێکی پیاوسالاری دروست کراوە، ک لەوێ وەک بابەتی زاڵ دامەزران، بەڵام لەبەرامبەر هەموو ئەمانەشدا ژنان خەباتیان بۆ ژیان کردووە و سەرەڕای چەوساندنەوە و جینۆسایدی ڕەگەزی و هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی ژنان لەڕێگەی بوون و بەرخۆدان و خەباتیانەوە جێگەی خۆیان بەجێهێشتووە.
لە بەرامبەر ستەمکاران، ژنانیچەوساوە هەبوون؛ لەبەرچاوی کاهینەکان، ژنانی کاهین هەبوون؛ و لە بەرامبەر ستەمکاران و دیکتاتۆرەکان، ژنانی شۆڕشگێڕ هەبوون، ژنان هەمیشە ئەو کەسانە بوون کە گۆچانیان لە چەرخی سیستەمی پیاوسالاری داناوە و تەرازووی ئەو سیستەمەیان هەڵگێڕاوەتەوە.
چۆن دەژین؟ لە کوێوە دەست پێدەکەین؟ چی بکەین؟
تەڤگەری ڕزگاریخوازی کورد سەرەڕای ناکۆکی قووڵ بۆ هەزاران ساڵە هەلومەرجێکی نالەبار و سیستەمێکی دامەزراوی خوڵقاندووە کە بۆتە نۆرمە، مەیدانی جەنگی خەبات تێڕوانینی ئازادی ژنانی خستۆتە ناو جەرگەی هەموو پرسەکانەوە، بە پێشنیارکردنی فەلسەفەی ئازادی، ئەم بابەتە نەک تەنها وەک "پرسی ژنان" بەڵکو وەک بابەتێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر مامەڵەی لەگەڵدا کرد، لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەی گۆڕانی دیاری کرد و ئەو ئاسۆیەی ئاشکرا کرد کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەتوانرێت کۆت و زنجیرەکانی کۆیلایەتی بەسەر ژناندا بشکێنرێت، هەوڵێکی چنیوە بۆ گۆڕینی ئەم چارەنووسە و بەرەنگاری هەموو بەربەستەکان بووە، بۆیە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارانەی کە چۆن دەژین و لە کوێوە دەست پێدەکەین و چی دەکەین، بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی هەزاران ساڵ.
ئەو پەیام و ڕەوتانەی لە دەوری ئەم دروشمە سەریان هەڵدا، فەلسەفەی خەباتی ژنان لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمەوە دەخەنە ڕوو و ئاماژەن بۆ ئەو مۆدێلە ئازادییەی کە ژنان لە باوەشی دەگرن، ئەم سیستەمە بەهایە لە ڕووی پاشخانی تیۆریەوە، نوێنەرایەتی پێگەیشتووترین شێوەی مۆدێلی ئازادی دەکات کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیاری کردوە، هەروەها دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بە سەرنجدان بە کاریگەرییە بەهێزەکەی و دەستڕاگەیشتنە بەربڵاوەکەی، لە هەوڵی ژنان بۆ ئازادی تێدەپەڕێت، پیاوان و هەموو پێکهاتەکانی سروشتی زیندو و نازیندو لەخۆدەگرێت، کۆمەڵگە بە گشتی ئازاد دەکات و دەگۆڕێت.
مێژووی خەباتی ژنانی کورد خەباتێک نییە کە ئەمڕۆ یان لە ڕابردووی نزیکدا دەستی پێکردبێت، بەڵکو درێژکراوەی هەوڵی بەکۆمەڵی کوردە بۆ یەکسانی و ئازادی لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا، ئەم خەباتە هاوتەریب لەگەڵ بەرخۆدان و گەڕان بەدوای بووژانەوەی نوێدا پەرەی سەندوە، لەم ڕوانگەیەوە تێگەیشتن لە مێژووی خەباتی ژنانی کورد بۆ ئازادی، تێگەیشتن لە خەباتی ئەمڕۆ و گرنگییەکەی و ڕۆڵی ژن وەک بریکاری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕوونتر و قوڵتر دەکات.
"ژنان لە تەڤگەری سیاسییەکان سەرکەوتوو بوون"
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمیشدا بزووتنەوە و خەباتە سیاسییەکانی کورد بە سروشتێکی سیاسی و نەتەوەی و چینایەتییەوە سەریان هەڵدا، لە چوارچێوەی ئەو بزوتنەوانەدا بێ گومان ژنانی کورد وەک ئەکتەر و چالاکوان بەشداریان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری ئەوان تاکەکەسی مایەوە و تێکەڵ بە خەباتی هاوبەشی هەموو ژنان نەبوو یان ڕێگەیان پێنەدرا ئەو کارە بکەن.
لە تورکیا و کوردستان لەگەڵ دەستپێکردنی خەباتی نەوەی ٦٨ ژنانی کورد دەستیان کرد بە بەشداری چالاکانەتر، ئەم تەڤگەریانە بە پلەی یەکەم لە لایەن خوێندکارانی زانکۆ و ئامادەی پێکهاتبوون، بەڵام لە کاتی کودەتاکەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا زەبری زیاتریان بەدەستهێنا، کاتێک ژنانی کورد کە لە زیندانەکاندا بەندکرابوون، چالاکانەتر بەشدارییان لە خەباتی سیاسیدا کرد.
بەڵام دینامیکی خەباتی ژنانی کورد لەو سەردەمەدا بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای پاڵنەرە ناسیۆنالیستی و چینایەتییەکان پەرەی سەند و لە چوارچێوەی ناسیۆنالیستیدا قەتیس مایەوە، بە واتایەکی تر بەشداریکردن لەسەر بنەمای هۆشیاری ژنان یان خەبات بۆ ئازادی ژن لەو سەردەمەدا لاواز بوو.
ڕەگ و ڕیشەی دروشمی "ژن ژیان ئازادی"
لە سەرەتای نەوەدەکاندا ئاسۆی ئازادی ژنانی کورد چوارچێوەی نەتەوەی و چینایەتی تێپەڕاند، لەم قۆناغەدا ئیتر بەشداری ژنانی کورد لە خەباتی سیاسیدا تەنها لە بەرتەسکبوونەوەی هۆشیاری تاکەکەسی یان دەستەکۆمەڵی، چینایەتی، یان ناسیۆنالیستیدا سنووردار نەبوو، بەڵکو دەستیان کرد بە بەدەستهێنانی هۆشیارییەک کە لەسەر بنەمای ئازادی ژن بوو، کە ئەمەش بووە هۆی فراوانبوونی بەشداریکردن بۆ ئاستێکی کۆمەڵایەتی، کە گۆڕا بۆ هۆشیارییەکی سیاسی و تیۆری لەسەر بنەمای ئازادی ژنان، لەو کاتەوە خەباتی ژنانی کورد بووەتە تەڤگەریەکی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە.
بەشداری ژنان وەک بریکارە چالاکەکان لە خەباتدا تەنها جەستەی نەبوو، بەڵکو لە ڕێگەی هۆشیاری لە ئازادی ژنان و خەباتی جێندەریەوە پەرەی سەند، لەم قۆناغە بەدواوە تەڤگەری ژنانی کورد نەک تەنها لە ڕێگەی داخوازی نەتەوەی و چینایەتییەوە، بەڵکو لە ڕێگەی داخوازییە جیاوازەکانی خۆیەوە دەستی بە ڕێبەرایەتیکردنی خەبات کرد.
لەو چوارچێوەیەدا تەڤگەری ژنانی کورد دروشمی "کۆمەڵگە ئازاد نابێت تا ژن ئازاد نەکرێت" یان بەرزکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە، کە پرسی ئازادی ژنان ناوەکی پرسە کۆمەڵایەتییەکانە، تەنانەت لە پێشەنگی پرسە نەتەوەی و چینایەتییەکانیشدا داینا.
"داینامیکی گۆڕانی سیاسی"
ئەم دروشمە بووەتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی ژنان بەشداری خەباتێکی گەورە بکەن بۆ گۆڕینی هەموو ئەو گۆڕەپانە سیاسی و ڕێکخراوەییانەی کە بەشدارییان تێدا کردوە، ئەو دەستکەوتانەی لە ڕێگەی ئەم خەباتەوە بەدەست هاتوون، مۆڕاڵێکی بەرز و متمانە بەخۆبوونیان بۆ تەڤگەری ژنانی کورد هێناوەتە ئاراوە، هەروەها بەشدارییان کردوە کە ملیۆنان ژن بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەشداری خەبات بکەن، هەروەها دەرگای گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکانیان کردوەتەوە.
بێگومان ئەم گۆڕانکارییە ڕێکەوت نەبوو، چونکە ژنانی کورد بەردەوامن لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەورە لە هەموو گۆڕەپانێکی سیاسی و ڕێکخراوەی کە تێیدا بەشدارن و هەوڵ دەدەن گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنن، ئەم وەرچەرخانانە سەرەتا لە ململانێی بەرەنگاربوونەوە لە دژی عەقڵییەتی پیاوسالاری زاڵ لەناو پارت و دامەزراوەکاندا دەستی پێکرد و دواتر بۆ خێزان و شەقام و هەموو بوارەکانی ژیان درێژ بووەوە، لەم ڕوانگەیەوە خەباتی ژنان بۆ ئازادی بۆتە دینامیکێکی بنەڕەتی بۆ گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.
خەباتی ژنان بۆ ئازادی، پێکهاتە ڕێکخراوەی و دامەزراوەییەکانی ئێستای تێپەڕاندووە و گۆڕاوە بۆ خەبات بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە، هەروەها ئەو پاشخانەی کە ئیلهامبەخش بوو بۆ دروشمی "ژن ژیان ئازادی" وایکردوە خەباتی ژنانی کورد ئەمڕۆ نەک هەر دینامیکێک بۆ گۆڕانی سیاسی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، بەڵکو پایەیەکی بنەڕەتی خەباتی ژنان بۆ ئازادی لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت.
"فاشیزمی دەوڵەت لە دژی خەباتی ژنان و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا"
هەرچەندە ژنانی کورد لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، چ بە نووسراو و چ زارەکی، لە ڕێگەی ڕۆڵە سەرەکییەکانیانەوە سەرکەوتوو بوون، بەڵام لە پرسە سیاسی و ئابوورییەکاندا بە پەراوێزیی ماونەتەوە، عەقڵیەتی پیاوسالاری هەوڵی داوە خۆی لە هەموو بوارێکدا بسەپێنێت کە ژنان بتوانن خودی ڕاستەقینەی خۆیان دەرببڕن، ئەمەش بووەتە هۆی پەراوێزخستن و نامۆبوون و ڕۆڵیان.
لە نێو فشاری بەها کۆمەڵایەتییە زاڵەکان لە لایەک و فشاری بەها ئایینی و دۆگماتییەکان لە لایەکی ترەوە، ژنان بە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی سنووردار و پێناسەکراو سەپێنران، هەرچەندە خەباتی سیاسی ژنانی بە تەواوی بەسەر ئەم ئاڵەنگریەدا زاڵ نەبووە و هێشتا ئازادی خوازراوی بەدەست نەهێناوە، بەڵام دەستکەوتی بەرچاو و پێگەی پێشکەوتوی بەدەستهێناوە.
ژنانی کورد خەباتێکی دوولایەنە بەڕێوەدەبەن: دژی سیستمێکی پیاوسالاری و یەکلایەنە و دژی دەوڵەتێکی نەتەوەی کە تەنانەت دان بە بوونی خۆیاندا نانێت، لە چوارچێوەی مێژوویەکی دوورودرێژی خەبات و دوای تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەکان کە تیایدا باجی قورسیان داوە، ئەو دەستکەوتانەی ژنانی کورد بەدەستیان هێناوە، دەخرێنە بەر هێرشی دوژمنکارانەی سیستماتیک، لەبەرامبەر خەباتی ژنان، سیستەمێک لەسەر بنەمای گرتن، ئەشکەنجەدانی توند، زیندانیکردن، تیرۆرکردن، داخستنی دامەزراوەکان، دانانی سەرپەرشتیاران و بەئامانجکردنی بەردەوامی دەستکەوتەکانی ژنان بونیاد دەنرێت.