ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناچاردەکرێن دەستبەرداری مافە داراییەکانیان بن لە بەرامبەر بینینی منداڵەکانیان

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سەرپەرشتیکردن بووەتە ئامرازی فشار و موزایەدە لە دۆسیەکانی تەڵاقدا، زۆرێک لە ژنان ناچارن دەستبەرداری مافە داراییەکانیان بن لە بەرامبەر بینینی منداڵەکانیان، ئەم پراکتیزانەش پەڵەی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەجێدەهێڵن.

سۆما کەریمی

 

جوانرۆ- لە ماددەی ١١٦٩ی یاسای مەدەنی ئێراندا هاتووە، سەرپەرشتیکردنی منداڵێک کە دایک و باوکی لەیەکتر جیابوونەتەوە، تا تەمەنی حەوت ساڵان هی دایکە و دوای ئەوە بۆ باوکەکە دەگوازرێتەوە، ئەمە مافێکی یاسایی دایکە و پێویستییەکی دانوستانکاری نییە، ماددەی ١١٧٢ زیاتر پشتڕاستی دەکاتەوە کە هیچ کام لە دایک و باوکەکان مافی ئەوەیان نییە لەو ماوەی سەرپەرشتیکردندا کە بۆیان دیاری کراوە، چاودێریکردنی منداڵەکە ڕەت بکەنەوە.

 

سەرەڕای ڕوونی دەقە یاساییەکان، ڕاستی پراکتیکی کەلێنێکی گەورە لە نێوان یاسا و جێبەجێکردنیدا ئاشکرا دەکات، بەو پێیەی سەرپەرشتیکردن لە زۆرێک لە دۆسیەکانی تەڵاق لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێراندا لە "ماف و ئەرکێکی یاساییەوە" دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی فشار و موزایەدەی نێوان ئەو دوو لایەنە.

 

شینا ئەحمەدی ''ناوی خوازراو''، دایکی کچێکی تەمەن پێنج ساڵان، کە تەمەنی ٢٤ ساڵە، وردەکارییەکانی ژیانی هاوسەرگیرییەکەی گێڕایەوە، کە لەژێر فشار و زۆرەملێی خێزانەکەی دەستیپێکردووە و بەهۆی ناکۆکی زۆریشەوە بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە، وتی: بەڵگەنامەی جیابوونەوەکە بریتی بووە لە دەستبەرداربوونی مارەییەکەی بۆ ئەوەی خۆی و کچەکەی بخاتە ژێر چاودێری لیژنەی پەیوەندیدار، هەروەها بڕیاربوو دوای جیابوونەوەکە دڵنیایی دارایی وەربگرێت.

 

دوای دوو ساڵ لە جیابوونەوەکەی، شینا ئەحمەدی هیچ کام لەو قەرەبووە داراییانەی وەرنەگرتووە کە مافی خۆیەتی، لەکاتێکدا هاوسەری پێشووی بە سادەیی پێی گوتوە: "تۆ کچەکەت هەیە، ئەوە مارەیی تۆیە" ئەو ڕوونیکردەوە کە ئەو مافی سەرپەرشتیکردنەی کە بەپێی یاسا پێی دراوە بە شێوەیەکی کاریگەر بووەتە جۆرێک لە "پارەی مارەیی"، هەرچەندە باوکەکە نەیتوانیوە چاودێری منداڵەکە بکات.

 

ئەوەی شینا ئەحمەدی ئەزموونی کردوە، حاڵەتێکی گۆشەگیر نییە، هەروەها  ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین حاڵەت تۆمارکراون کە مافی سەرپەرشتیکردن بۆ دەستبەرداربوون لە مارەیی مامەڵەی پێوەکراوە، بەپێی ئەم نەخشەیە، ژنان خۆیان بە ناچاری دەستبەرداری مافە داراییەکانیان دەبنەوە بۆ ئەوەی منداڵەکەیان ببینن یان بیهێڵنەوە، لەکاتێکدا منداڵەکە دەبێتە موزایەدەیەک لە ڕێوشوێنی جیابوونەوەدا.

 

ڕوقیە سالم ''ناوی خوازراو''، کە تەمەنی ٣٣ ساڵە، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و بووەتە دایکی دوو منداڵ، وتی: لە تەمەنی شەش مانگییەوە کوڕە بچووکەکەی نەبینیوە، هەروەها کچە ١٣ ساڵانەکەشی ماوەیەکی زۆرە لێی دوورکەوتووەتەوە، هەرچەندە ڕێککەوتنەکە ڕێگەی پێداوە مانگانە جارێک بیانبینێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، مەرجی هاوسەری پێشووی بۆ دەستبەرداربوون لە سەرپەرشتی یان تەنانەت ڕێگەدان بە سەردانکردن، ڕوون بووە: "ئەگەر دەستبەرداری تەواوی مارەییەکەت بیت، منداڵەکان لەگەڵت دەمێننەوە، ئەگەرنا تەنها منداڵە بچووکەکە بەبێ کچەکەمان دەبەیت".

 

فشارە ئابووریەکان و نەبوونی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی ڕوقیە سالمی ناچار کرد پاشەکشە بکات، ئەمەش وایلێکرد دەستبەرداری بەشێک لە مارەییەکەی بێت لە بەرامبەر ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت منداڵەکانی ببینێت، بەڵام دوای جیابوونەوەکە ڕێز لە ڕێکەوتنەکە نەگیرا و لەو کاتەوە نەیتوانیوە منداڵەکانی ببینێت.

 

نەسیبە قاسمی ''ناوی خوازراو''، تا ئێستاش لە ژیانی هاوسەرگیرییەکی نەخوازراودا دەژی، نەک لەبەر قەناعەت بەڵکو لە ترسی یاسا، ئەوەش دووپاتدەکاتەوە، کە هاوسەرەکەی بەردەوام هەڕەشەی لێدەکات بەوەی لە بینینی منداڵەکانی بێبەش دەکات ئەگەر داوای جیابوونەوە بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەرپەرشتیکردن بۆ باوکەکە دەچێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەدەست توندوتیژی خێزانی و لایەنگری لەناو دادگاکان و نایەکسانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، تەنانەت بیر لە تۆمارکردنی سکاڵاش ناکاتەوە، چونکە پێی وایە دۆخی باشی دارایی هاوسەرەکەی و نەبوونی هیچ ڕەفتارێکی نەرێنی وەک بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان وا دەکات ئاسانکاری بدرێت بە سەرپەرشتیکردنی هاوسەرەکەی.

 

بەپێی ماددەی ١١٧٣ لە یاسای مەدەنی، ئەگەر بەردەوامی سەرپەرشتیکردن لەلایەن هەریەکێک لە دایک و باوکەکانەوە زیانی جەستەیی یان پەروەردەیی بە منداڵەکە بگەیەنێت، دادگا دەتوانێت بڕیارەکەی بگۆڕێت، بەڵام لە ڕاستیدا زۆرێک لە دایکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە توندوتیژی باوک، هەڕەشەکردن یان نەتوانینی چاودێریکردنی منداڵەکە بە دەگمەن کاریگەری ڕاستەقینەی لەسەر بڕیارەکانی دادگا دەبێت، لە ئەنجامدا زۆرجار "بەرژەوەندییەکانی منداڵ" کە دەبێ جێگەی سەرنجی بڕیارە دادوەرییەکان بێت، پشتگوێ دەخرێن.

 

توێژینەوە چۆنایەتییەکان کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ ئەنجامدراون، دەریانخستووە، کە جیاکردنەوەی زۆرەملێی دایکان لە منداڵەکانیان کاریگەریی دەروونی قووڵی هەیە، لەوانە خەمۆکی توند، دڵەڕاوکێی درێژخایەن، کەمخەوی، هەستکردن بە بێدەسەڵاتی لە بەرامبەر سیستەمی دادوەریدا.

 

چیرۆکەکانی شینا و ڕوقیە و نەسیبە تەنها چەند نموونەیەکن لەنێو هەزاران ژندا کە ڕووبەڕووی پێکهاتەیەکی نایەکسانی سەرپەرشتیکردن دەبنەوە، کە ناچارن لە نێوان "مانەوەی دایکان" و "دەستگرتن بە مافەکانیانەوە" هەڵبژاردن بکەن.

 

لەم چوارچێوەیەدا سەرپەرشتیکردن لە مافێکی یاساییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازی فشار، مارەیی دەبێتە موزایەدە و منداڵیش دەبێتە بابەتی دانوستان.