توندوتیژی دژی منداڵان لە سووریا دووبارە دەبێتەوە... متمانەی پاراستن و یاسا لە کوێیە؟

لەگەڵ زیادبوونی چیرۆکەکانی توندوتیژی و دەستدرێژیکردنەسەر منداڵان لە سووریا، پێویستیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تاوانانە وەکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت کە پێویستی بە پاراستنێکی یاسایی و دەروونیی گشتگیر هەیە.

ڕۆشیل جونیور

 

سوەیدا ـ لە نزیکەی ساڵێکەوە، هەواڵ و چیرۆکەکانی پەیوەست بە توندوتیژی، ئازاردان و دەستدرێژیکردنەسەر منداڵان لە سووریا ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی ڕوون و کاریگەر نییە کە منداڵەکە یان خێزانەکەی پەنای بۆ بەرن لە کاتی ڕوودانی دەستدرێژید، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتانەدا، ئیتر کێشەکە وەک ڕووداوی تاکەکەسی و جیاکراوە دەرناکەوێت، بەڵکو وەک دیاردەیەک دەردەکەوێت کە پێویستە لە هۆکارە دەروونی، کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی وردبینەوە، پرسیارێکی بنەڕەتی بکەین: کاتێک سەرچاوەی مەترسی لە ناو ژینگەی خۆیدا بێت کێ منداڵەکە دەپارێزێت؟

 

ریم غەجری، شارەزای دەروونی ئاماژەی بەوەشکرد، کە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە پێویست دەکات وەک دیاردەیەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت کە پێویستی بە سەرنج و چارەسەر هەیە، نەک وەک هەر ڕووداوێکی سەربخۆ، کە منداڵان زۆر جار لاوازترین لایەنن، چونکە دەستدرێژیکەر سوود لە متمانەی منداڵەکە، ترسی یان نەتوانیی لە دەربڕین وەردەگرێت، ئەمەش وا دەکات هۆشیاری و گفتوگۆکردن لەگەڵیدا و سەرنجدان لەسەر هەر گۆڕانکارییەک لە ڕەفتاریدا ببنە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی پاراستن.

 

ڕوونیکردەوە، کە شەڕ، هەژاری، ئاوارەیی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان منداڵان دەخاتە ژێر فشارێکی قوڵی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە توندوتیژی و ئازاردان زیاد بکات، بەتایبەت کاتێک تۆڕەکانی پاراستن و پشتگیری دەوروبەریان لاواز دەبن، هەروەها هۆشداری دەدات لە مەترسیی بە چاوترساندن وەک ئامرازێکی قبوڵکراو بۆ پەروەردەکردن، چونکە ئاسایی کردنەوەی توندوتیژی دەبێتە هۆی ئەوەی کە دۆزینەوەی دەستدرێژی و دەستێوەردان بۆ پاراستنی منداڵ قورسترە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆمەڵگە لە ماوەی ڕابردوودا شاهیدی زیادبوونی چیرۆکەکانی پەیوەست بە دەستدرێژیکردنەسەر منداڵان بووە، لەوانەش حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە ناو ماڵدا یان لەلایەن کەسانی نزیک لە منداڵەکە، وتی: مەترسیی ئەم حاڵەتانە تەنها لەسەر زیانبەرکەوتوو نییە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ئەو منداڵانەی کە گوێیان لەم چیرۆکانە دەبێت و بۆ تەواوی کۆمەڵگەش، بەتایبەت لە سایەی نەبوونی هێڵێکی ئاسایشی ڕوون یان لایەنێکی ناسراو کە منداڵەکە یان خێزانەکەی پەنای بۆ بەرن.

 

دەستدرێژی لە زیانبەرکەوتوو کۆتایی نایەت

ریم غەجری باسی کرد، پرسی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان ناتوانرێت کورت بکرێتەوە لە پەیوەندییەک لە نێوان "دەستدرێژیکەر و دەستدرێژی لێکراو"، چونکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە و کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی درێخایەنی هەیە، کە دەستدرێژیکەر ڕەنگە بنەما و کێشەی دەروونی، خێزانی و ڕەفتاری هەبێت کە پێویستی بە تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە هەیە، بەڵام تێگەیشتن لە هۆکارەکان واتای پاساویدان بۆ تاوانەکە یان بێبەشکردنی تاوانبار لە بەرپرسیارێتی ناگەیەنێت.

 

لە بەرامبەردا، منداڵی دەستدرێژی لێکراو بە دەست شەرمەزاری کۆمەڵایەتی و فشار و ترسی تاوانبارکردنەوە دەناڵێنێت، کە ئەمەش ناچاری دەکات بێدەنگ بێت و ئەو ڕووداوە نەدرکێنێت کە تووشی بووە، وتی: مامەڵەکردن لەگەڵ زیانبەرکەوتوو دەبێت لەسەر بنەمای پاراستن، گوێگرتن، باوەڕپێکردن و پێشکەشکردنی پشتگیری بێت، نەک بارکردنی بەرپرسیارێتیی ئەوەی کە تووشی بووە بەسەریدا.

 

هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی بێدەنگی لەناو خێزانەکەدا و وتی: منداڵێک کە لە ژینگەیەکی ترس و چەوساندنەوەدا دەژی، ڕەنگە نەتوانێت قسە لەسەر ئەو شتانە بکات کە تووشی دەبێت، تەنانەت کاتێک هەست بە مەترسی دەکات، بۆیە پاراستنی منداڵ لە دروستکردنی کەشی پارێزراویەوە دەست پێدەکات کە بتوانێت قسە بکات بەبێ ترس لە سزا و سەرزەنشتکردن.

 

کەیسی "نور" پرسیاری یاسا دەوروژێنێت

ریم غەجری ئاماژە بە کەیسی "نور دەوس" منداڵ دەکات کە ڕای گشتی وروژاند، وەک نموونەیەک بۆ مەترسیی مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی لە ناو خێزان و ئامرازێک بۆ سزادان، کە لە کۆتاییدا دەگاتە ئەنجامی کارەساتبار.

 

لەو چوارچێوەیەدا، پرسیارێک لەسەر پێداچوونەوەی یاسایی دەوروژێنێت کە دەبێت منداڵەکە بپارێزێت، وتی: منداڵەکە یان خێزانەکەی لە کاتی ڕوودانی دەستدرێژیدا دەتوانن پەنا بۆ کوێ بەرن؟ کێ ئەو لایەنەیە کە ئەرکی پاراستنی و بەدواداچوونی کەیسەکە دەگرێتە ئەستۆ؟

 

جەختی لەوە کردەوە، کە کورتکردنەوەی ئەم جۆرە کەیسانە لە کوشتن یان تۆڵەسەندنەوەی تاکەکەسی شتێکی ڕەتکراوەیە، ئەوەی داوا دەکرێت بوونی یاسایەکی ڕوون و میکانیزمی پاراستن و دامەزراوەیە کە توانای وەستانەوەی پێش ئەوەی دەستدرێژییەکان ببنە تاوانی گەورەتر.

 

هەروەها چەمکی "سزادانی منداڵ" ناتوانێت ببێتە پاساوێک بۆ توندوتیژی، پرسیار دەکات لەسەر سنوورە جیاکەرەوەکانی نێوان سزادان و توندوتیژی، لەسەر بەرپرسیارێتی یاسایی کاتێک ئەوەی پێی دەوترێت سزادان دەبێتە هۆی ئازاردانی منداڵەکە یان کوشتنی.

 

پێویستی بە پێداچوونەوەی ڕوون

ریم غەجری جەختی لەوە کردەوە، که چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە زیاتر لە کاردانەوەیەکی کاتی هەیە لەسەر ڕووداوێک کە سەرنجی هەواڵەکان ڕادەکێشێت و پاشان دیار نامێنێت، بەڵکو ئەوەی داوا دەکرێت، دروستکردنی سەنتەر و میکانیزمی ڕاستەقینەی پاراستنە بۆ منداڵان، نەک تەنها دامەزراوە کە ناویان هەبێت بێ توانایەکی کارا بۆ دەستێوەردان و بەدواداچوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەرپرسیارێتی پاراستنی منداڵان تەنها بەرپرسیارێتی خێزان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتییە کە دایک، باوک، برا، خوشک، قوتابخانە، دامەزراوەکان و کارمەندانی بواری منداڵان دەگرێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هەواڵەکانی پەیوەست بە توندوتیژی و بەکارهێنان.

 

جەخت لەسەر پێویستی بوونی "شوێنێکی جێگیر" دەکاتەوە کە منداڵان و خێزانەکانیان بتوانن پەنای بۆ بەرن، چونکە کێشەکە، دۆسیەیەک نییە کە لە کاتی ڕوودانی تاوانێکدا دەکرێتەوە و پاشان دادەخرێت، بەڵکو کێشەیەکە پێویستی بە بەدواداچوونی درێخایەن هەیە، بەهۆی ئەو کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی کە لەسەر منداڵان و کۆمەڵگە بەجێی دەهێڵن.

 

ترس لە هەواڵەکان مەترسی کەم ناکاتەوە

ریم لغەجری هۆشداری دەدات لەوەی کە زۆریی هەواڵەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی توندوتیژی دژی منداڵان، بەتایبەت کاتێک دووبارە دەبنەوە ترسناکن، ڕەنگە ئاستی نیگەرانی زیاد بکات و هەستی منداڵان بە پارێزراوی لاواز بکات.

 

بانگەواز دەکات بۆ بەدواداچوونی ئەم هەواڵانە بە هوشیارییەوە، نەخستنی منداڵان لەژێر وردەکاری کە لە توانای دەروونییان دەردەچێت بۆ بەرگەگرتن، لەگەڵ سەرنجدان لەسەر هۆشیاری لە جیاتی ترسان.

 

ڕیم غەجری پەیامەکەی بۆ خێزان و کۆمەڵگە کورت دەکاتەوە بە پێویستی پشتگوێخستنی هیچ نیشانەیەکی ترس یان گۆڕانکارییەکی لەناکاوی ڕەفتاری منداڵ، پێدانی بوارێکی پارێزراو بۆ قسەکردن بە بێ تاوانبارکردن یان هەڕەشە، فێرکردنی ئەوەی کە داوای یارمەتی شەرمەزاری نییە، پاراستنی منداڵ بە گوێگرتن لێی و باوەڕپێکردنی دەست پێدەکات، پاشان دابینکردنی لایەنێکی پارێزراو و یاسایەکی ڕوون کە بتوانێت پەنای بۆ بەرێت پێش ئەوەی ترس و بێدەنگی بگۆڕێت بۆ کارەسات.