"وڵاتێک کە هاووڵاتیانی داهاتووی لە زیندان بن، کارەسات دەبێت"

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسیانەی کە لە ئێستادا لە ئێراندا هەڕەشە لە منداڵان دەکەن و دەستدرێژی سیستماتیکی کەسانی پەیوەست بە حکومەت، پەروین ئازاد چالاکی مافەکان پێی وایە ڕیشەی ئەو دەستدرێژییانە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی دیکتاتۆری دژە گەل و دژە منداڵ لە ئێران.

شەهلا موحەمەدی

 

لە پێنجەمین مانگی دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی، کوشتن و دەستدرێژی و ئەشکەنجەدانی منداڵان بەردەوامە، لە کاتێکدا حکومەتی ئێران بە فەرمی ئەندامی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵانە و پابەندە بە پشتیوانی و جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان بۆ ژیانێکی ئارام، ئازادی قسەکردن و کۆبوونەوەی ئاشتیانە بە گشتی پێشێل دەکرێت و هەموو فەزای پەروەردەیی شوێنی تۆقاندنە، ئەشکەنجە و هەڕەشەی لە منداڵان کردووە، لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ژن چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پەروین ئازاد، چالاکوانی مافی ژنان ئەنجامداوە و ئەویش بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی کردووە.

 

منداڵان و لاوان لە بەرامبەر ڕژێم ڕاوەستان و خوازیاری ڕووخاندنی ڕژێم بوون"

پەروین ئازاد بە ئاماژە بە حکومەتی منداڵکوژی ئێران دەڵێت: ئەم حکوومەتە پێی وا نەبوو کە دوای ئەم هەموو کارە ئایدیۆلۆژییە و سەرمایەگوزارییە لەسەر منداڵان، کولتوور، کتێبی خوێندن، تەنانەت فەزای ئەلیکترۆنی ناردنی مەلا بۆ باخچەی ساوایان و بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ دامەزراندنی ئایدۆلۆژیای ئیسلام و پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوازی خۆیان، ئەم منداڵانە لە ناڕەزایەتی شەقامەکاندا ئامادەبن، وێنەی خامنەیی و خومەینی لە دیوارەکان بدڕێنن و لە پۆل و زانکۆکان و هەروەها بە لابردنی ئەو حیجابە ناچارییەی کە بەسەر کچاندا سەپێنرابوو، بە نەخێر بەم حکومەتەیان گوت و نیشانیان دا کە ئەوان ئەم ڕژێمەیان ناوێت و ژیانێکیان دەوێت بەختەوەر و دڵخۆش و ژیان بۆ ئەوەی بتوانن هیوایان بۆ داهاتوو هەبێت.

 

وتیشی: گەنجان و منداڵەکانمان لەم وڵاتەدا کە دەوڵەمەندە بە نەوت و سامانی سروشتی، هیچ ئایندەیەکیان نییە بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەی کە ئەم حکومەتە دایمەزراندووە، ئێستا ئێمە لە سەدەیەکداین کە لەگەڵ ئینتەرنێتدا دەژین، ئەم منداڵ و هەرزەکارانەی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان ئەو نەوەیەن کە جیاوازییەکان دەبینن و بەراورد دەکەن لەگەڵ وڵاتانی دیکە و دەبینن مافی منداڵان و هەرزەکاران لە وڵاتانی دیکەدا چۆنە و لە ئێران چۆنە؟،بەهۆی ئەم هەڵاواردن و نەبوونی ئیمکاناتی ئاسوودەیی هاتنە سەر شەقام و دەیانویست ئەم سیستەمە بڕوخێنن.

 

"ڕژێمی بە دەستی منداڵ و لاوان شکستی هێنا"

پەروین ئازاد بە ئاماژەدان بە بوونی منداڵان و هەرزەکاران لە ناڕەزایەتییەکان و ئەوەی نیشانیان دا کە ئەوان ئەم حکومەتە جیاکاری و نایەکسانەیان ناوێت: ڕژێمی ئێران لە لایەن ئەو منداڵ و لاوانەوە شکستی هێنا، چونکە پێی وابوو ئەم منداڵانە لە داهاتوودا ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت دەڕووخێنن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم سیستەمە نایەکسانەیان لەدژی خۆیان بەرزکردۆتەوە، هەر بۆیە ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکات و بەخراپترین شێوە گەنجان و منداڵان دەکاتە ئامانج.

 

تەنانەت بە پێی یاساکانی ڕژێمی ئێران و بە پێی یاساکانی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، هاتنە ناوەوەی هێزەکانی پۆلیس، سەربازی و جێبەجێکردنی یاسا بۆ ناو قوتابخانەکان قەدەغەیە، بەڵام حکومەتی ئێران بە ئامێری ئامبولانس چووەتە ناو قوتابخانەکانەوە و بە بیانووی چارەسەرکردنی بریندارەکان خۆپیشاندەرانی دەستگیرکردووە، بەم شێوەیەش ئەم گەنجانەیان خستە ژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ لێیانەوە، و توانیان شکست بەو گەنجانە ببەن و ناسنامەکانیان وەربگرن و لە ڕێگەی دانپێدانانی زۆرەملێ سزای لەسێدارەدان و زیندانیکردنیان بۆ دەربکەن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەشەنەکردنی ناڕەزایەتیەکان.

 

پەروین ئازاد لە درێژەی قسەکانیدا وتی: منداڵان و لاوان دەزانن کە ئازادی و یەکسانی و لەناوبردنی ئەم دەسەڵاتە پەیوەستە بە هاتنی ئەوان بۆ سەر شەقام و ڕاگەیاندنی داواکارییەکانیان لەسەر شەقام.

 

"ئەم حکومەتە لەسەر بنەمای لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی ژنان دامەزراوە"

ناوبراو بە ئاماژەدان بە سەرکوتکردنی منداڵان و سەپاندنی حوکمی ناڕەوا بەسەریاندا دەڵێت: ئێمە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و حکومەتێکی دژە گەلمان هەیە لە سەرەتای پێکهێنانی ئەم حکومەتەوە، یەکەم کەسانی مامەڵەی لەگەڵدا کردووە ژنان بوون، کە ئەو ژنانەیان ناچار کردووە بچنەوە ماڵەوە، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆشنبیری زنجیرەیەک خوێندکاری کوشت، هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە لەوەتەی ئەم حکومەتە دژە گەل و دژە منداڵ و دژە ئایینییە دروست بووە، لەسێدارەدان، ئەشکەنجەدان، زیندان، هێرش بۆ سەر ژنان و کردەوەی توندوتیژی کردووەتە بناغە.

 

پەروین ئازاد وتیشی: لە وڵاتێکدا کە لەسەر نەوت دەخەوێت، بۆچی منداڵی کرێکارمان هەبێت و لە بنەڕەتدا بۆچی ژنێکی منداڵمان هەبێت دواجار بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئابوورییەکان ڕوو لە لەشفرۆشی دەکات، واتە هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە بناغەی ئەم دەسەڵاتە لەسەر بنەمای کوشتن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان دامەزراوە، لە ڕاستیدا ئەگەر حیجاب و ئەشکەنجە و تیرۆر و توندوتیژی و ئێعدامی زۆرەملێ لە حکوومەتی ئێران بسەنرێتەوە، هیچی بۆ نامێنێتەوە، بۆیە ڕوونە هەرکەسێک ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو یاسا نامرۆڤانە بێت، سزای ٢٠ بۆ ٣٠ سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ برینداربوونی وەرزشوانانی کچ و لەدەستدانی یەک لە چاوەکانیان کرد و وتی: ژمارەیەک وەرزشوان بە ژنانەوە چاوێکیان لەدەستدا بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک لە دەموچاویان.

 

حکومەتێک کە لەسەر بنەمای دانپێدانان بێت لەگەڵ ئەشکەنجەی زیندان ئاساییە، ئەوانەی هاوکاری ڕێژیم دەکەن، ئەوانەی لەو پۆستەی بەرپرسان دانیشتوون، ئەوان هەمیشە لە لایەن سەرکردایەتی و حکومەتەوە پەسەند دەکرێن و ئەگەر سزای ٥ ساڵیان بەسەر کەسێک دا، ئەوە بۆ ئەوەیە وا خۆیان نیشان بدەن کە دەسەڵاتی دادوەرییان هەیە و دیاری بکەن کە پێویستە ئەم کەسە یان کەسانە سزا بدرێن، لە ڕاستیدا بەم ڕێکارانە، ئەوان بەنیازی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان دەبن.