لە ئامەد ١١ ژن دەستگیرکران

لە چوارچێوەی بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتی ئامەدەوە دەستیپێکردووە، ١١ ژن کە دەستبەسەرکرابوون بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.

ئامەد

 

وەک بەشێک لەلێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتی ئامەدەوە دەستیپێکردووە،  لە رۆژانی ١٦ و ١٧ی ئاداردا هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و ٢٥ ژنی سیاسەتمەدار و نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنی دەستگیرکرابوون، لە ١٨ی ئاداردا ٧ کەس لەو ژنانە سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکرابوو و ٨ کەسی تریشیان بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێرکرنی دادگادا ئازاد کرابوون.

 

هاوسەرۆکی شارەوانی سور فیلیز بولوتەکین، سکرتێری ژنانی لقی ئامەد سەندیکای تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی فاتمە یڵدزخان، سکرتێری ژنانی لقی ئامەدی یەکێتیی کرێکارانی یەکگرتووی گواستنەوە بەهار ئولوگ، چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژا) زەکییە گولەر، بیرسەن گونەش، سافییە ئاکداغ، ئەڤین یەلبۆگا، ئەمینە ئاکشاهین، ئەمینە چەتینەر، کەزیبان کودای و سونگول کاپانچی، لە دوای تەواوبوونی کاروباری رۆتینی وتە لێوەرگرتن، رەوانەى دادگا کران.

 

لە لێکۆڵینەوەکەدا لەسەر ڕێپێوانی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانیی تێکۆشان لە دژی توندوتیژیی دژ بە ژنان، چالاکی لە دژی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ و گردبونەوەی ٨ی ئاداری ڕۆژی جیهانیی ژنان لێپرسینەوە کرا.

 

فیلیز بولوتەکین، بەهار ئولوگ، فاتمە یڵدزخان و سۆنگول کاپانچی بڕیاری زیندانکردنیان بۆ دەرکرا و ژمارەی ئەو ژنانەی لەو ئۆپەراسیۆنە پاکتاوکارییەدا سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا، گەیشتە ١١ ژن.