لە ناخی قەیرانی سووریاوە... ئەنجومەنی ژنانی سووریا هێزێکی ژنان بونیاد دەنێت کە ناوچە و پەیوەندییەکان تێدەپەڕێنێت

ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دامەزرا، کار بۆ بونیادنانی تەڤگەرێکی ژنانی یەکگرتوو دەکات کە ناوچەکان تێدەپەڕێنێت، بەرگری لە مافەکانی ژنان بکات، بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرز بکاتەوە.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ- لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سووریا شایەتی گۆڕانکاری قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی بووە، لەگەڵ شەڕێکی درێژخایەن کە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر هەموو کۆمەڵگە بەجێهێشتووە، لە نێو ئەم هەلومەرجەدا ژنانی سووریا وەک یەکێک لەو گروپانە دەرکەوتن کە قورسایی ئەو قەیرانەیان لە ئەستۆ گرتووە  ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و کۆچی زۆرەملێ و لەدەستدانی سەقامگیری خێزان و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، ئەمە جگە لە داڕمانی ئابووری و خزمەتگوزاری کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەبووە، ئازارەکانیان تەنها لە لایەنی مرۆیی سنووردار نەبوو، هەروەها ڕووبەڕووی دابەزینی دەرفەتەکانی بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، کە وایکردووە لە پێشەنگی هاوکێشەی بەرخۆدانی کۆمەڵایەتیدا بن.

 

مونا یوسف، کارگێڕی ئەنجومەنی ژنانی سووریا دووپاتی کردەوە، کە ئەنجوومەنەکە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی تەڤگەری سووریا و بەرزکردنەوەی بەشداریی ژنان لە لایەنە جیاوازەکانی ژیاندا، کە ئەمەش لەسەر بنەمای دیدگایەک بۆ بونیادنانی هاوبەشییەکی ڕاستەقینە کە مسۆگەری بوونی ژنان بکات لە داڕشتنی داهاتوو و بڕیاردانی سووریا.

 

پێویستی چوارچێوەیەکی ژنانی گشتگیر

لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕاستیەدا، پێویستی بە چوارچێوەیەک هاتە ئاراوە کە توانای یەکخستنەوە و کۆردیناسیۆنی هەوڵەکانی ژنان و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان لە ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا هەبێت، لێرەوە ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە ساڵی ٢٠١٧ دامەزرا، بۆ ئەوەی وەک ڕێکخراوێکی چەتر بۆ ژنانی سووریا لە هەموو باکگراوندەکاندا خزمەت یان بکات، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان لە داڕشتنی داهاتووی سووریا لەسەر بنەمای بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی و بوونیان.

 

لەم چوارچێوەیەدا، مونا یوسف، لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە جزیرە، دووپاتی کردەوە، کە دامەزراندنی ئەنجومەنەکە وەڵامێکە بۆ پێویستییەکی زۆر کە بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی ژنانی سووریا لە ساڵانی قەیرانەکەدا بەرگیان گرتبوو، وتی: ئەم هەلومەرجانە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی سووریای هان دا کە بەدوای چوارچێوەیەکی ژنانی گشتگیردا بگەڕێن کە توانای یەکخستنی هەوڵەکان و بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بەردەوام هەبێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەنجومەنەکە بە دیدێکی ستراتیژییەوە دەستیپێکردووە.، کە لەسەر بنەمای یەکخستنی دەنگی ژنانی سووریا و بونیادنانی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بە ئامانجی دروستکردنی هێزێکی ژنان کە توانای کاریگەری لەسەر سیاسەتی گشتی و بڕیاردانی هەبێت.

 

موبا یوسف جەختی لەوە کردەوە، کە ئەنجومەنەکە وەک بەشێکی سەرەکی لە پرۆژەی گواستنەوەی دیموکراتیک و بونیادنانی دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی ژنان دەکات،  هەر پڕۆژەیەکی سیاسی یان دەستووری کە مسۆگەری بەشداری کاریگەرانەی ژنان نەکات، دادپەروەری یان سەقامگیرییەکی بەردەوام بەدەست ناهێنێت.

 

دیدگا و ئامانجەکانی ئەنجومەن

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنەکە گرنگی بە گەیشتن بە ژنان لە گوندەکان و ناوچە دوورەکان داوە، لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە کە بەهێزکردنی ڕاستەقینە دەبێت هەموو ژنان بگرێتەوە بەبێ جیاوازی، لە هەمان کاتدا بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخە جیاوازەکان لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکاندا، هەروەها ئەنجومەن بەرنامەی مەشق و وۆرکشۆپی لە سەرکردایەتی ژنان، بەڕێوەبردنی پڕۆژە، و بونیادنانی توانا دەستپێکرد، جگە لە دانیشتنەکانی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی و شوێنی پارێزراو بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان.

 

سەبارەت بە فراوانبوونی جوگرافی، مونا یوسف ڕوونیکردەوە، ئەنجومەن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی بە کارەکانی کردووە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی لە ڕێگەی فەرمانگە و لیژنەکان و کامپەکانی نوێنەری ژنان ئامادەیی ڕێکخراوەیی لە ژمارەیەک ناوچەی سووریا بونیاد بنێت، سەرەڕای ئاستەنگە ئەمنی و سیاسییەکان، هەروەها کۆڕ و دانیشتنی گفتوگۆی ڕێکخست کە تێیدا سەدان ژن بەشداریان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە داهاتووی سووریا، بەتایبەتی دادپەروەری گوازراوە و ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوەکان.

 

مونا یوسف جەختی لەوە کردەوە، کە دەستوور یەکێکە لە پرسە گرنگەکان بۆ ژنانی سووریا، بەو پێیەی چوارچێوەی یاساییە کە شیوازی دەوڵەت و مافی خەڵکەکەی دیاری دەکات، داوای لە ژنان کرد، کە داوای  مسۆگەری دەستووری ڕوون بکەن کە یەکسانی تەواو و بەشداری کاریگەر لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا مسۆگەر بکات، لەگەڵ پێداچوونەوە بەو یاسایانەی کە بڕگەی جیاکارییان تێدایە، بەتایبەتی یاساکانی باری کەسی، هەروەها گەیشتن بە دادپەروەری پێویستی بە چاکسازی یاسایی گشتگیر هەیە کە پێگە و ڕۆڵی ژنان بەهێزتر بکات.

 

بەردەوامبوون لە کارکردن سەرەڕای ئاستەنگەکان

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی چالاکیی ژنان لە سووریا دەبنەوە، مونا یوسف ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجومەنەکە دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە، دیارترینیان یەکخستنی دەنگی ژنان و بەرزکردنەوەی پەیوەندی نێوان ژنان لە ناوچە جیاوازەکان و بونیادنانی تۆڕێکی فراوان و سنووربەزێنە،  هەروەها بەشداری کردووە لە تیشک خستنە سەر پرسەکانی ژنان لە کۆڕ و کۆڕبەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و گەیاندنی ئازارەکانی ژنان بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەشداریکردن لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەنامەیی سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە بەرگەی گرتووە.

 

مونا یوسف، لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی: قۆناغی داهاتوو پێویستی بە ئاستێکی بەرزتر لە ڕێکخستن و کۆردیناسیۆنی و کاری هاوبەش هەیە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئامادەیی ڕاستەقینە و کاریگەرانەی ژنانی سووریا لە هەموو قۆناغەکانی بونیادنانەوەی دەوڵەتدا، بەو پێیەی هاوبەشێکی بنچینەین کە ناتوانرێت بەدەر بکرێن لە داڕشتنی داهاتووی سووریای نوێ و کێشانی تایبەتمەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی.