خوێندکارانی کچی ئەفغانی بە فرمێسکی بێبەشبوون لە خوێندن ماڵئاوایی لە پۆلی شەشەم دەکەن

بۆ خوێندکارانی کچی ئەفغانی، تەواوکردنی پۆلی شەشەم هەنگاوێکی ئاسایی نەبوو لە گەشتە پەروەردەییەکەیاندا، بەڵکو هێڵێکی دابەشکاری ئازاربەخش بوو بۆ داهاتویان، چونکە تێگەیشتن کە ئەم ساتەوەختە دوا ئامادەبوونی فەرمییان دەبێت لە خوێندنیان.

بەهاران لەهیب

 

تەخار- ڕەتکردنەوەی خوێندن بۆ خوێندکارانی کچ لە ئەفغانستان تەنها لە ونبوونی وانەکانی خوێندنگەدا سنوردار نییە، بەڵکو کاردانەوەی قووڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی لێدەکەوێتەوە، لەوانە زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە، زیادبوونی هەژاری، دابەزینی گەشەسەندن و بێبەشکردنی کۆمەڵگە لە نیوەی توانای بەرهەمهێنانی.

 

ئەمساڵ بۆ هەزاران خوێندکاری کچی ئەفغانی، تەواوکردنی پۆلی شەشەم لە بڕگەیەکی ئاسایی لە خوێندندا گۆڕاوە بۆ وەرچەرخانێکی پڕ لە ئازار لە ژیانیاندا، چونکە دوای داخستنی کتێبەکانیان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی هیوایان چوونە پۆلی حەوتەمبوو، بەڵام نەیاندەزانی ئەو ساتە دوا ئامادەبوونی فەرمییان لە خوێندنگە دەبێت، هەروەها ئەو دەرگایانەی کە بڕیاربوو بۆیان بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە فێربوون، بۆ هەمیشە داخران.

 

ئەم خوێندکارانە کچانە لە تەمەنێکدان کە پەروەردە نەک هەر مافێکە بەڵکو پێویستییەکی سەرەتاییە بۆ گەشەسەندنی هزری و دەروونییان، بۆیە  بێبەشکردنی کچان لە خوێندن لەم قۆناغەدا، واتە لەناکاو بڕینی خەون و بەهرە و هیواکانیان کە تازە دەستیان بە شێوە وەرگرتن کردووە، هەروەها زۆرێک لەو کچانەی پۆلی شەشەمیان تێپەڕاندووە و تامەزرۆی ئەوەن ببنە مامۆستا، پزیشک و خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی داهاتوویەکی ناڕوون و نادیار دەبنەوە.

 

دەرئەنجامەکانی ئەم بێبەشبوونە تەنها لە تاکدا قەتیس نییە، بەڵکو بۆ خێزان و کۆمەڵگەش درێژدەبێتەوە، هەروەها ئەو کچانەی لە خوێندن بێبەشن زیاتر تووشی هاوسەرگیری پێشوەختە و کاری زۆرەملێی ناوماڵ و گۆشەگیری کۆمەڵایەتی دەبنەوە، ئەم دۆخە سووڕی هەژاری و نایەکسانی و وابەستەیی قووڵتر دەکاتەوە و تەواوی نەوەیەک لە دەرفەتی گەشەکردن بێبەش دەکات.

 

لە زۆرێک لە خێزانەکاندا دایک و باوک لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن، تەنانەت هەندێکیان هەوڵیان داوە خولی ماڵەوە یان پەروەردەی نافەرمی بۆ کچەکانیان دابین بکەن، بەڵام ئەم چارەسەرانە سنووردارن و هەمیشە ڕووبەڕووی مەترسی داخستن دەبنەوە، هەربۆیە نەبوونی سیاسەتێکی پەروەردەیی ڕوون و دادپەروەرانە، بارگرانییەکی دەروونی قورسی بەسەر کچان و خێزانەکانیاندا سەپاندووە.

 

ئەو خوێندکارە کچانەی ئەمساڵ پۆلی شەشەمیان تەواو کردووە، قوربانیی بێدەنگی ئەو بڕیارانەن کە بەبێ ڕەچاوکردنی داهاتوویان دەدرێن، ئەو بێدەنگییەی بەسەر ئەم نەوەیەدا سەپێنراوە، بەڵگەی ڕەزامەندی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی وەدەرنانی سیستماتیکی مافی خوێندنیانە، هەموو ڕۆژێک کە ئەم دەرگایانە بە داخراوی دەمێننەوە، بۆشایی نێوان تەماح و ڕاستی بۆ ئەم کچانە فراوانتر دەبێت، لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئەو کەسانەدایە کە پەروەردەیان کردە ئامرازی هەژموون و کۆنتڕۆڵکردن.

 

چووینە سەردانی ڕۆیا بێرین لە ماڵەکەی، کە تازە بڕوانامەی دەرچوونی پۆلی شەشەمی بە ڕێزلێنان وەرگرتبوو، ڕۆیا بێرین بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە هاتە ناو ماڵەکە، کە خۆشی سەرکەوتن گۆڕابوو بۆ خەمێکی قووڵ، نەیتوانی یەک وشە بڵێت و بە سادەیی بە دەنگێکی لەرزۆکەوە کە لە ناڕەزاییدا ڕژابوو، ئازارەکانی لەگەڵ دایکیدا باسکرد، فرمێسکەکانی ئاوێنەیەکی ئازارەکانی ملیۆنان کچی ئەفغانی بوو کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا مافی خوێندنیان لێ زەوت کرابوو، ئەو کچانەی کە بەهۆی کەمئەندامییەوە بێبەش نەبوون، بەڵکو لە ئەنجامی ئەو بڕیارانەی بەسەریاندا سەپێندرابوون بێبەشبوون.

 

لەو ڕۆژەدا ئەگەر بەناو کۆڵانەکانی پشتەوەی ئەفغانستاندا بگەڕایتایە،گوێت لە هاوار و ناڵە ناڵی ئەو کچانە دەبوو کە تازە پۆلی شەشەمیان تەواو کردبوو، ئەو کچانەی کە لەگەڵ هەر فرمێسکێکدا بەشێک لە هیوای بەردەوامبوونیان لە خوێندن لەدەست دەدا، کە شانبەشانی دایکە نیگەرانەکانیان، مامۆستاکان فرمێسکی خوێندکارەکانیان دەسڕییەوە، کە بە هیوابەخشیەوە دەیانگوت، مەترسن، ڕۆژێک دێت کە ئەم ستەم و تیرۆر و ڕق و کینە لە ژنان کۆتایی پێبێت و هەموومان داهاتوویەکی گەش و پڕ ئومێدمان دەبێت.