پارێزەرێک: بڕیاری "نێوەندگیری" کاتێک کە توندوتیژی هەبێت جێبەجێ ناکرێت

سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی “نێوەندگیری” کە تورکیا دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی لە یاسای خێزاندا، پارێزەر چاغلا گول بولوت ڕایگەیاند، چارەسەر لە نێوەندگیریدا نییە، بەڵکو لە جێبەجێکردن و باشترکردنی یاساکانی ئێستا دایە.

پێلین ئۆزکاپتان

 

ئیستەنبوڵ- یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە ڕێکارەکانی نێوەندگیری لە دۆسیەکانی کرێدا جێبەجێ دەکرێن، هەروەها هەمان ڕێکارەکان بۆ یاسای خێزانیش جێبەجێ دەکرێن، ئەم بڕیارە کاردانەوەی توڕەیی لەلایەن ژنان و پارێزەرانی پیاو و ژنەوە لێکەوتەوە.

 

چاغلا گول بولوت، وتەبێژی سەنتەری مافەکانی منداڵان لە سەندیکای پارێزەرانی ئیستەنبوڵ، ڕایگەیاند، نێوەندگیری نابێت بابەتی گفتوگۆ بێت لە یاسای خێزاندا، چونکە لەم یاسایەدا هەندێک داواکاری وەک تەڵاق، نەفەقە، سەرپەرشتیکردن و موڵک و ماڵ لەبەرچاو گیراوە، لە زۆربەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە تورکیا هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بە ژنانە و کاتێک بابەتەکە توندوتیژییە، ناتوانرێت نێوەندگیری ئەنجام بدرێت، چونکە ئەو کەسانەی کار دەکەن بۆ سەلماندنی ئەم توندوتیژییە یان بڕیارێک سەبارەت بەو توندوتیژییە، نێوەندگیری نین، ئەم بابەتانە لەلایەن دادگاکانی دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێن و تەنانەت ئەگەر بڕیاری هەڵەش هەبێت کە لەلایەن دادگاکانەوە دەرچووبێت، لەڕووی تیۆریەوە “نێوەندگیری ناتوانێت بڕیارێکی باشتر لە دادوەر بدات”.

 

نابێت ئەو ژنانەی لە توندوتیژی هەڵدێن لەگەڵ تاوانبارەکەدا کۆبکرێنەوە.”

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، نێوەندگیری لەو کەیسانەی پێشتر ئاماژەمان پێدا بە واتای کۆکردنەوەی ئەو ژنەی بەرکەوتەی توندوتیژی و ئەنجامدەرەکەیە، وتیشی: ئەگەری گەورە هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین دەرئەنجامی ئەم دۆخە، لە دۆسیەکانی جیابوونەوەدا کە بەهۆی توندوتیژیەوە تۆمار دەکرێن، دوو حاڵەتی جیابوونەوە هەیە. لایەنەکان و قوربانیانی توندوتیژی و ئەنجامدەرانی توندوتیژی و نێوەندگیریش نابێت ئەم دوو کەسە کۆبکاتەوە، ئەو دوو کەسە ڕووبەڕوون، ئەگەر ئەوە ڕووبدات، کێ ئەو کاتە گەرەنتی سەلامەتی ژنەکە دەکات؟، چونکە ئەگەر سەیری دۆسیەکان بکەین لە کەیسەکانی کوشتنی ژناندا، دەبینین کە زۆربەی ئەو ژنانە لەلایەن ئەو پیاوەوە کوژراون کە دەیانویست لێی جیاببنەوە، نێوەندگیری لە کەیسەکانی وەک ئەمانەدا ئەنجام نادرێت.

 

چاغلا گول بولوت ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی "نێوەندگیری"یەکی هاوشێوە بۆ ئەو ژنانە دراوە، کە دوای ئەو توندوتیژییەی بەرکەوتوون، چوونەتە ناوەندی ئەمنی، وەک داکۆکیکارانی مافی ژنان، یەکێک لەو شتانەی کە بێزارمان دەکات، دەستوەردانی خەڵکە، ئاگادارین هەندێک پیاوی ئەمنی ئەو ژنانە دەگەڕێننەوە کە سکاڵایان پێشکەش بە ناوەندە ئەمنییەکان کردووە، پێیان دەڵێن (ئاساییە، هیچ شتێکی خراپت بەسەر نایەت، چونکە ئەو هاوژینی تۆیە)، ئەمە سەرسوڕهێنەرە.

 

"دەبێت عەقڵیەت بگۆڕدرێت"

چاغلا گول بولوت ڕوونی کردەوە، ژنان لە توندوتیژی هەڵدێن و پەنا دەبەنە دەوڵەت یان دامودەزگاکانی ژنان، من پارێزەرێکی خۆبەخشم لە دامەزراوەی داڵدەدانی ژنانی سەقفی وەنەوشەیی، بەڵام وەک پارێزەر ناونیشانی ئەو داڵدەدانانە نازانین کە ژنان پەنایان بۆ دەبەن، لەوێ ئەو ژنانەن کە هەڵدێن و ناسنامەکەیان دەشارنەوە، ژنیش هەیە ناچار بووە ناسنامەکەی بگۆڕێت، لەو حاڵەتانەی کە ئەو دوو لایەنە پێکەوە کۆببنەوە، ئەگەری ئەوە هەیە پیاوەکە ژنەکە بکوژێت، وەک کوشتنی ئەمینە بولوت، زۆرن ئەو ژنانەی لە شەقامدا لەبەردەم منداڵەکانیاندا کوژراون، وەزیر باسی لەوە کرد کە (ئەم ڕێکارە لە جیهاندا جێبەجێ دەکرێت)، بەڵام تورکیا هێشتا ئامادە نییە بۆ گۆڕینی ئەو ئەقڵیەتەی کە نێوەندگیرییەکە جێبەجێ دەکات.

 

"ئێمە نامانەوێت یاسای خێزان بنووسینەوە"

چاغلا گول بولوت ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا نێوەندگیری لە حاڵەتە جیاجیاکاندا بەکاردەهێنرێت، وەک حاڵەتی کار، وتیشی: پێویستە وەزیر دڵنیابێت لەوەی کە ئایا ڕێکارەکان کورتکراونەتەوە لەو حاڵەتانەی کە نێوەندگیری تێیدا جێبەجێ کراوە، ڕێژەی ڕێکەوتن لە نێوەندگیریدا زۆر کەمە، ڕێکارەکانیش کورت ناکاتەوە، ئەمەش بەس نییە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکە.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بە لێدوانەکەی وەزیر کرد کاتێک وتی "یاسای خێزان دەنووسینەوە" و وتی: ئەم لێدوانە بە داخەوە دەزانم، ئێمە نامانەوێت هیچ یاسایەک بنووسینەوە، ژنان زۆربەی مافەکانی خۆیان لە ئەنجامی خەباتی خۆیان بەدەستهێناوە، بۆیە پێویستە وەزیری خێزان و داد کۆببێتەوە و گفتوگۆ بکات لەسەر چۆنیەتی ڕێگریکردن لە ژنکوژی، نەک ئەم بابەتانە.