پەروەردەی چڕوپڕ لەلایەن ڕێکخراوی "سارا" بۆ ناساندنی یاسای خێزان دەدرێت

ڕۆزا عیسا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە ڕێکخراوی "سارا"، دووپاتی کردەوە کە ئامانج لە هەڵمەتی هۆشیاری کەمکردنەوەی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئاشناکردنیانە بە یاسای خێزان، کە مافەکانیان مسۆگەر دەکات و بەشدارە لە بونیادنانی ژیانێکی بەشداریکردن.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- یاسای خێزان بۆ ژنان یارمەتیدەرە لە گەیشتن بە ژیان بەپێی پرەنسیپی ژیانی بەشدارانە و چەسپاندنی چەمکی خێزانی دیموکراتیک، کە لە ژێر ڕۆشنایی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە بە چارەسەرێکی هەمەلایەنە دادەنرێت.

 

ڕێکخراوی "سارا" بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ١ی تەمووزدا، هەڵمەتێکی هۆشیاری کۆمەڵگەیی لە سەرانسەری ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دروشمی "ئێمە هیواین، ئێمە ئاشتیین" بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و ناساندنی یاسای خێزان بۆ ژنان دەستپێکرد.

 

سەبارەت بە ئامانج و بەرنامەی هەڵمەتەکە، ڕۆزا عیسا، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی ڕێکخراوی “سارا” لە شاری حەسەکەی کانتۆنی جزیرە ڕایگەیاند، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە سەختە و ئەو دۆخە قەیراناوییەی کە سووریا هەیەتی ئەزموونکردن و پێویستی جێبەجێکردنی یەکسانی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگەدا بۆ چەسپاندنی چەمکی خێزانی دیموکراتیک، کە بە چارەسەری سەرەتایی دادەنرێت بۆ زۆربەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی کە زیادیان کردووە لە ماوەی قەیرانی سووریادا، جگە لە کەمکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی خێزان کە لە هۆکارەکانی قەیرانەکە بوو، پێویست بوو لەسەر داڕشتنی یاسایەک ڕێکبکەون کە پەیوەندییەکانی ناو هەمان خێزان و ماف و ئەرکەکانی ناو خێزانەکە ڕێکبخات، هەروەها یاسای خێزان بناسێندرێت لەڕێگەی پەروەردەوە ڕوون بکرێتەوە.

 

"ئامانجمان پەروەردەی کۆمەڵگەو ژنانە"

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوی "سارا" چەندین لقی هەیە لە ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە شاری حەسەکەو سەرجەم شارۆچکەکانیدا جگە لە کامپەکان، هەروەها لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان کۆمەڵەکان و ئەنجومەنەکان پەروەردە پێشکەش بە ژنان دەکەین سەبارەت بەو توندوتیژیانەی کە دژی ئەوان و مافەکانیان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: لە سەرەتای ئەم مانگەوە ڕێکخراوی سارا هەڵمەتێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و ئاشناکردنیان بە یاسای خێزان لەسەر ئاستی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردووە، ئامانجمان لە هەڵمەتەکەدا ئەوەیە پەروەردە بدەینە کۆمەڵگە و ژنان بە تایبەتی لە گوند و شارۆچکە و شارەکان سەبارەت بە یاسای خێزان و توندوتیژی بە گشتی، ماوەی هەڵمەتەکە دوو مانگ دەبێت و هەموو کامپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە.

 

"لەگەڵ کۆنگرەی ستارو ماڵی ژنان کێشەکان چارەسەر دەکرێن"

وتیشی: یاسای خێزان، جیابوونەوە، هاوسەرگیریی لە تەمەنی بچووکدا، فرەژنی، هاوسەرگیری جێگرەوە، میرات، ناپاکی، نەفەقە، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، و هاوسەرگیری پارەی خوێن لەخۆدەگرێت، بەهۆی ئەوەی ئێمە لە ناوچەیەکی خێڵەکیدا دەژین، کۆمەڵگە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، ڕوودانی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەرئەنجامی داب و نەریتەکانە، وەک کوشتن، خۆکوشتن، فرەژنی و جیابوونەوە، ئەم کێشانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراو و تەڤگەرەکانی دیکەی ژنان چارەسەر دەکرێن، وەک ماڵی ژنان و کۆنگرەی ستار.

 

"یاسای خیزان مافەکانی ژنان دەپارێزێت"

لە کۆتاییدا ڕۆزا عیسا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت پێشێلکردنی مافەکانیانە و کاریگەری گەورەی لەسەر ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی هەیە، ژنان بە درێژایی مێژووی دوورودرێژییان، بوونەتە زیانبەرکەوتووی داب و نەریتی کۆن و ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارییەی کە مافەکانیان دیاری دەکات، بۆیە ئەرکی ئێمەیە بەرامبەر هەموو پراکتیزەکان بوەستین و دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بین کە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن، یاسای خێزان مافەکانی ژنان دەپارێزێت و بەشداری دەکات لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی.