"ئامانجی هاوسەرۆکایەتی تێپەڕاندنی بەڕێوەبردنی تاکەکەسی و بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزییە"

ژنان بە بەردەوامی خەباتیان دەکرد بۆ ڕزگارکردنی خۆیان، بیر و کارەکانیان ڕێکخست و لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە بونیادنانی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک و کارکردنیان، لە سیستمی هاوسەرۆکایەتیدا خۆیان سەلماند.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ-هاوسەرۆکایەتی لەڕێگەی بەرەوپێشبردنی یەکسانی ڕەگەزی لە هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا مەبەستی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە، چەمکی هاوسەرۆکایەتی لە چەمکی ئازادی ژنانەوە دێت، چونکە ئەوان یەکەم کەس بوون کە کۆیلە کران، کەواتە ئازادی کۆمەڵگە بەستراوەتەوە بە ئازادی ژنانەوە.

 

عەریفە بەکر، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی هاوسەرۆکایەتی ئەوەیە کە لە بەڕێوەبردنی تاکەکەسی تێپەڕێت و نوێنەرایەتیی دادپەروەر و ئیرادەی ئازاد بەرز بکاتەوە و هەموو ئەمانەش وەک دەرئەنجامی خەباتی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاو دامەزراندنی خۆبەڕێوەبردن بۆ ئەوەی ئەم خەباتە ببێتە سەکۆیەک بۆ دەستپێکردنی شۆڕشەکە، پێشتر ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە پەراوێز خرابوون و هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو، بەڵام لەگەڵ شۆڕش دەستیان کرد بە ڕێکخستنی خۆیان و گیان بەخدشین بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە.

 

ڕوونیشیکردەوە، ژنان دوای ئەوەی بە بیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشنا بوون، کە پێشنیاری پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و سیستمی خۆبەڕێوەبەری کرد، کە لەسەر بنەمای هاوسەرۆکایەتی خۆی بونیاد نا، ئەو مافانەیان وەرگرتەوە کە دیسانەوە لێیان دزرابوو.

 

دووپاتی کردەوە کە کۆنگرەی ستار ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە ڕێکخستن و بەهێزکردنی ژنان پێش شۆڕش و لە سەردەمی شۆڕشدا بەمەبەستی ئامادەکردنیان بۆ ئەنجامدانی خەباتێکی دوورودرێژ لە کۆمەڵگەدا، لە ڕێگەی کاری ژن و پیاو پێکەوە، یەکسانی لە کۆمەڵگە و کۆمەڵگەکاندا هەیە، ژنان لە سەردەمی شۆڕشدا ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوونەتەوە و بە جۆرێک بە تایبەتی لە سیستمی هاوسەرۆکایەتیدا، پیاوان هەمیشە پێیانوابووە کە کاری ژنان تەنها لە ماڵەوە سنووردارە، بەڵام ئێستا دەبینین کاردەکەن.

 

"ئەمڕۆ دەبینین کە ژنان پێگەی خۆیان لە هەموو بوارەکانیدا سەلماندووە"

عەریە بەکر جەختیشی لەوە کردەوە کە زۆرێک لە ژنان نەیانتوانی بەرەنگاری ئەقڵیەتی پیاوانە ببنەوە و لە ماوەیەکی کورتدا خۆیان بەدەستەوە داوە، وتی: ئەمە ڕاستییەکە کە ناتوانین ڕەتی بکەینەوە، بەڵام جگە لە هەموو ئەمانە، ئەمڕۆ دەبینین کە ژنان پێگەی خۆیان لە هەموو بوارەکانیدا سەلماندووە، ژنان خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا سەلماند و خۆیان لەو سنووردارکردنانە ڕزگارکرد کە کۆمەڵگە بۆیان دانابوو، کە بێبەشیان دەکردن لە هەموو مافەکانیان، ئەقڵیەتی پیاو هەزاران ساڵە سیاسەتی خۆی لەسەر کۆمەڵگە بەڕێوە بردووە، بۆیە ناتوانین لە ڕۆژێکدا یان تەنانەت لە ساڵێکدا بیگۆڕین، چونکە پێویستی بە کار و پەروەردەی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بگۆڕێت و ئاستەکەی لەسەر بنەمای ژیانی هاوبەش بەرزبکاتەوە.

 

باسی لەوەکرد زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سیستمی هاوسەرۆکایەتییان پراکتیزە کردووە، بەڵام وەک ئەو سیستمەی ئەمڕۆ نا چونکە بە تەواوەتی دیموکراسییە، لەسەر بنەمای ژنان بونیاد نراوە ئەمەش بووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی جیهانی بۆ شۆڕش و ڕۆڵ و بەرخۆدانی ژنان.

 

لە کۆتاییدا داوای لە هەموو ژنان کرد بچنە ڕیزەکانی خەبات بۆ ئازادی خۆیان هەموو ئەو ژنانەی خەون بە ئازادی دەبینن بەڵام هیچ بۆی ناکەن، دەبێت دەست بکەن بە خەبات بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی و دادپەروەری، دووبارە ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو پەیوەندییانە کە بە درێژایی مێژوو شێوێندراوە.