"هەمووارکردنەوەی یاساکە تێکچوونی کۆمەڵگەی لێدەکەوێتەوە"

هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دژ بە ژنان و منداڵانە و کێشە کۆمەڵایەتیەکان بەرەو زیادبوون دەبات، ژنێکیش دەڵێت: سەندنەوەی مافی دایکایەتی منداڵ کارێکی دروست نییە، تێکچوونی کۆمەڵگەی لێ دەکەوێتەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هەمووارکردنەوەی یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ ژیانی ژنان و منداڵان دەخاتە مەترسییەوە، ڕێگا خۆشکەرە بۆ زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا و ژنان و منداڵان زیان بەرکەوتووی سەرەکی دەبن، چونکە بەبێ ڕەزامەندی ژنان مافی دایکایەتیان لێ دەسەندرێتەوە و منداڵانیش لە تەمەنی ٩ ساڵیدا بە بێ ویستی خۆیان ژیانی هاوژینیان پێک دەهێندرێت.

 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوونی مەزهەبگەرای کێشەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام پشتبەستن بە مەزهەبەکانی دیکە بۆ دانان و هەمووارکردنەوەی یاساکان کارێکی مەترسیدارە و دژ بە مافەکانی مرۆڤە و کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبات.

 

بەشێکی زۆر لە ژنان و هاوڵاتیان ناڕەزایی خۆیان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی دەردەبڕن، ئامانجیانە بە چالاکییەکان ڕێگری لەو کارەساتەی دژ بە ژنان ئەنجام دەدرێت بگرن و دژی هەوڵەکانی هەمووارکردنەوەی یاساکە بووەستنەوە.

 

"بچوکترین مافی دایکایەتی بۆ ژنان بە ڕەوا نازانن و لێیان دەسەننەوە"

ئالا عومەر، دانیشتووی شاری سلێمانییە و خوێندکارە، باس لەوە دەکات، هەمووارکردنەوەی ماددەی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ لە عێراقدا کاریکی ناڕەوایە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان دەکرێت، دەڵێت: دوورخستنەوەی منداڵان لە دایکیان کارێکی ناڕەوایە بەرامبەر دایکان و منداڵان ئەنجام دەدرێت، سەندنەوەی مافی دایکایەتی دەبێتە هۆکاری تێکچوونی پەروەردەی منداڵان و شێواندنی کۆمەڵگە، هەبوونی ئەم یاسایانە و هەمووارکردنەوەیان کێشەی کۆمەڵایەتی لە ماڵەکاندا دروست دەکات.

 

هەروەها وتیشی: زۆرێک لە یاساکان دژی ژنان کاردەکەن لە دادگاکاندا، دەسەڵاتی ژنان دەخاتە ژێر ڕکێفی پیاوانەوە، بە هەبوونی ئەو یاسایە مافی هاوسەرگیری کردن و مافی پەروەردەکردنی منداڵ کە بچوکترین مافی ژنانە لێمان دەسەنێتەوە، پێویستە کۆمەڵگە و ژنان هۆشیاری تەواویان لە بارەی خراپی ئەو یاسایانەوە هەبێت، لە ڕێگەی کۆڕ و سیمیناراتەکانەوە ژنان هۆشیاری تەواو وەربگرن، ئەرکی ئێمەی ژنانە ئەگەر لەڕێگەی پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەیشەوە بێت هۆشیاری بدەینە کۆمەڵگەکەمان.

 

"هەموواری یاساکە کاریکی ناڕەوایە بەرامبەر ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێت"  

دیما ناسڕ، خوێندکارێکی دیکەیە و ئاماژەی بەوەکرد، هەمووارکردنەوەی یاساکە، کە یاسایەکی مەزهەبیە دژ بە ژنان کاری پێدەکرێت، دەشڵێت: هەمووارکردنەوەی یاساکە کارێکی خراپە بەرامبەر منداڵانی تەمەن ٩ ساڵ، بەشوودانی منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا تێکچوونی کۆمەڵگەی لێ دەکەوێتەوە، من وەک تەمەن ١٧ ساڵێک هیچ بە گونجاوی نازانم منداڵێک لە خوار تەمەنی ٢٠تەکانەوە ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، هەروەها سەندنەوەی مافی دایکایەتییە لە کاتێکدا منداڵ لە هەر تەمەنێکدا بێت پێویستی بە سۆزی دایکی دەبێت، یاساکان بە ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری داڕێژراون دەیانەوێت بە یاساکان ژنان قۆرخ بکەن.

 

ئەو خوێندکارە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەبوونی ئەم یاسایانە کارێکی دروست نییە بەرامبەر ژنان و مندآڵان ئەنجام دەدرێت، هیوادارم پەرە بەم یاسایە نەدرێت لەبەر سەلامەتی دەروونی و جەستەی منداڵان و ژنان، بە شودانی منداڵێک کە لە ڕووی دەرونی و جەستەییەوە ئامادەی هاوسەرگیری نییە، کارێکی قورسە، پێویستە هەموومان هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بدەین لەڕێگەی بانگەشەکانمانەوە، بەر بەم توندوتیژیانە بگیرێت.

 

"من زیان بەرکەوتووی ئەقڵیەتی پیاوسالاریم ڕێگە نادەم بە یاسایەک ژیانی منداڵەکانم وەک خۆم بێت"

شابانوو ئەحمەد، ژنێکی کارکەرە و ئاماژەی بەوەدا، پێکهێنانی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی منداڵ و بەبێ ڕەزامەندی هاوسەران کارێکی ناڕەوایە هەڵوەشاندنەوەی خێزانی لێ دەکەوێتەوە، دەشڵێت: وەک دایکێک ئامادەی ئەوە نیم منداڵەکانم لە تەمەنی ٩ ساڵیدا ژیانی هاوژینیان پێکبهێنن، پێویستە بگەنە تەمەنی دیاریکراوی خۆیان تا بتوانن ژیانیکی تەندروست بۆ خۆیان و منداڵیان فەراهەم بکەن، من ژنێکم زیانبەرکەوتووی ئەقڵیەتی پیاوسالاریم بەبێ ویستی خۆم ژیانی هاوژینیم پێکهێنا، ڕێگە نادەم منداڵەکانم بە هەمان زەحمەتیدا ژیان بکەن و هیچکات منداڵەکانم نادەمە کەسێکی دیکە پەروەردەیان بکات، منداڵەکانم پێویستیان بە نازی من هەیە.

 

لە کۆتاییدا وتی: پێویستە ئێمەی ژنان بۆ داواکردنی مافەکانی خۆمان بێینە دەنگ، لە ڕێگەی ئەنجامدانی هەڵمەتێکەوە ژنانی هەموو ناوچەکان هۆشیار بکەینەوە، دەبێت شارەزایان لەو بوارەدا هەوڵی هۆشیار کردنەوەی ژنان بدەن و لە ڕێگەی کەناڵەکانەوە هۆشیاری تەواو بدرێت بە هاوڵاتیان.

 

"سەندنەوەی مافی دایکایەتی و مافی منداڵ تێکچوونی کۆمەڵگەی لێدەکەوێتەوە"

سروە عومەر، ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵە لە بارەی یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقییەوە، باس لەوەدەکات، هەبوونی یاسایەک دژ بەژنان قبوڵ کراو نییە، دەشڵێت: هەمووارکردنەوەی  یاساکان و بێبەشکردنی منداڵ لە سروشتی منداڵی خۆی و بێبەشکردنی منداڵ لە سۆزی دایکی کارێکی ناڕەوایە بەرامبەر ژنان دەکرێت، ژنێک منداڵەکەی ماوەی نۆ مانگ هەڵدەگرێت و مافی ئەوەی پێنادرێت بەخێوی بکات کارێکی قورسە بۆ ژنان، بۆ پێکهێنانی ژیانێکی نوێ دەبێت هاوسەران تەواوکەری یەکدی بن، بەڵام منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵان لە کۆڵاندا یاری بکات لە بەرپرسیارێتی هاوسەرگیری شارەزا نییە، ئەمە هۆکاری داڕمانی کۆمەڵگە و تێکچووونی خێزانەکانە.

 

لە کۆتاییدا وتی: من بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە خێزانەکەی خۆمەوە دەست پێدەکەم، هۆشیاری دەدەم بە منداڵەکانم هۆشیار بن لە ئەرک و مافەکانی خێزان و پێکهێنانی خێزان، پاشان ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، هەروەها هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ڕاگەیاندکاران و میدیاکانەوە کارێکی باش دەبێت، پێویستە لە ڕێگەی کورتە ڤیدۆیەکیشەوە بێت، ئێمە کۆمەڵگە و ژنان هۆشیار بکەینەوە.