کوشتنی ژنان لە مەغریب تا دێت زیاد دەکات

خەدیجە حەلیل، بەرپرسی کۆمەڵەی یەکێتی ژنانی مەغریب، جەختی لەسەر پێویستی دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ ژنان کردەوە، بەتایبەتی ئەوانەی بەرکەوتەی توندوتیژی دەبن.

حەنان حارت

 

مەغریب- فێمینیستەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە مەغریب دوای تۆمارکردنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لەم دواییانەدا زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێداوەو ئەم تاوانانەیان بە قێزەونترین جۆری توندوتیژی دژی ژنان پێناسەکرد.

 

پلاتفۆرمی "کوشتنی ژنانی مەغریبی ڕابگرن" لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٥٠ تاوانی کوشتنی ژنانی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٣٠ تاوان و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە ٥ حاڵەتی کوشتن تۆمارکراوە.

 

کێ ژنانی مەغریب دەپارێزێت و ڕێوشوێنە پێشنیارکراوەکان بۆ باشترکردنی پاراستنیان لە توندوتیژی چین؟

لەمبارەیەوە، خەدیجە حەلیل، بەرپرسی کۆمەڵەی یەکێتی ژنانی مەغریب، ئاماژەی بەوەدا دیاردەی کوشتنی ژنان دیاردەیەکی جیهانییە و تەنیا پەیوەندی بە مەغریبەوە نییە، لە کۆمەڵگەی مەغریبدا ڕووداوەکان زیاد دەبێت، وتی: وەک چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵەی ژنان، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدەین سەبارەت بەم دیاردەیە تاوانەکان کە لە قێزەونترین جۆرەکانی توندوتیژییە کە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن.

 

سەبارەت بە هۆکار و پاڵنەرەکانی کوشتن بەگشتی و ژنان بەتایبەتی ڕوونیکردەوە، هۆکار هەیە بۆ ئەو هێرشانە، لەوانەش پێشکەشنەکردنی سکاڵا لەلایەن زیانبەرکەوتووانی توندوتیژییەوە، یان دەستبەرداربوونیان، ئەمەش وادەکات دەستدرێژکار بەردەوام بێت لە تاوانەکانیدا.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: یاسای ١٣l١٠٣ هەیە کە تایبەتە بە پاراستنی ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی لە ساڵی ٢٠١٨دەرچووە، بەڵام پارێزگاری پێویست بۆ ژنان دابین ناکات، داوای پێویستی باشترکردنی ئەم یاسایە دەکەین، بەتایبەتی کە بڕگەکانی باسکردنی تاوانی کوشتنی ژنان لەخۆناگرێت، لە چوارچێوەی یاسایەکدا کە گەرەنتی خۆپاراستن و پاراستن و قەرەبووکردنەوە بکات.

 

سەبارەت بە ڕێوشوێنە پێشنیار کراوەکان بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، جەختی لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هەردوو ڕەگەز لە تەمەنێکی بچووکەوە کردەوە و وتی: کۆمەڵەی یەکێتی ژنانی مەغریب هەوڵدەدات هۆشیاری گشتی سەبارەت بەم کارەساتانە بەرز بکاتەوە، بە دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری بە هاوبەشی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ ڕێکخراوەکان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، خەدیجە حەلیل داوای لە ژنان کرد بێدەنگی بشکێنن و پەنا بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ببەن بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاریی پێویست و سکاڵا لە لایەنە ئەمنییەکان تۆمار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژکاران.