"هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی پێشێلکردنی مافی ژنانە"

ژنان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارەی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ و دەڵێن ڕێگە نادەین چیتر مافی ژن و منداڵ پێشێل بکرێت.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- بڕیار بوو ڕۆژی ٢٤ـی تەمووزی ٢٠٢٤ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، پێشنیازە یاسای هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ یەکێک بێت لە خاڵەکانی کارنامەکە، بەپێی ئەو پێشنیازەی پێشکەشکرابوو، دوو ماددە هەمووار دەکرانەوە، ئەوانیش مادەکانی ٢ و ١٠ن، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمووارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی ٤ـی ئاب لە پەرلەمان هەمووارەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.

 

ئەو هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی کە لەلایەن پارێزگارەکانەوە پێشکەش کراوە، کە بەنیازبوو لەبەردەم پەرلەماندا پەسەند بکرێت و دواتر کشایەوە، مەبەست لێی گەڕانەوەیە بۆ دەیان ساڵەی تاریکی و دواکەوتوویی لە سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیادا لە ساڵی ١٩٢٥، کاتێک یاسایەکی گشتگیر بۆ هەموو خێزانە عێراقییەکان لە هەموو مەزهەبەکاندا نەبوو، بەڵکو دەسەڵاتی یاسایی سوننە و دەسەڵاتی یاسایی جەعفەری پەیڕەوی لە دوو کاساسیۆنی ئەم دوو مەزهەبە دەکەن، کە پەیڕەوی لە دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی و فیودال و شێخەکانی هۆز دەکەن.

 

ئەم هەمووارکردنەوەیە ئامانجی لاوازکردنی پێگەی دەوڵەتی عێراقە لەبەرامبەر ئەو میساق و پەیماننامانەی کە پەسەندی کردوون سەبارەت بە پاراستنی منداڵان و ژنان، هەروەها پاشەکشەکردنە لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەڵام لە دوای خوێندنەوەی یەکەمی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی ژن هەڵمەتی دژی هەمووارکردنەوەی یاساکەیان ڕاگەیاند.

 

هەموواری یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی کچی تەمەن ٩ ساڵان و خوار تەمەنی یاسایی دەدات، ڕێگە بە فرەژنی دەدات، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشە و ململانێ و توندوتیژی خێزانی و لەدەستدانی مافی ژن و منداڵ، جگە لە خەرجی و میرات، زەوتکردنی ژنە لە نەفەقە، بێبەشکردنی کچ و دایک لە مافی میراتگری موڵک و ماڵی، جگە لە ڕێگەدان بە هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا و زۆر شت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەیە.

 

"بەو هەمووارکردنەوەیە ڕێگە دەدرێت سوکایەتی بە ژنان و منداڵان بکرێت"

خەدیجە موسا، سکرتێری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد وەک ژنانی چالاکوان لە دەڤەری ڕاپەڕین چالاکیان ئەنجامداوە بە بۆنەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، وتی: هەمووارکردنەوەی یاساکە ماف دەدات بەوەی منداڵ لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە بدرێت بە شوو، جگە لەوە ماف دەدات بە پیاوان ژنی دووەم و سێهەم و چوارەم بهێنن لە کاتێکدا ئەگەر ژنی یەکەم ڕازی نەبوو دەتوانێت جیاببێتەوە بەڵام هیچ مافێکی ناکەوێت، بە هەموو شێوەیەک سووکایەتی بە ژنان دەکات و لە مافەکانیان کەم دەکاتەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا خەدیجە موسا باسی لەوەکرد کە بە هەموو شێوەیەک دژی هەمووارکردنەوەی یاساکە دەوەستن و ڕێگە نادەن و بۆ ئەو مەبەستەش چالاکی ئەنجام دەدەن، داواکارن لە حکومەتی عێراق پێداچوونەوەیەک بە یاساکەدا بکات و ڕێگە بەو هەمووارکردنەوەیە نەدات و ڕێگە نەدات چیتر ژنان سوکایەتیان پێبکرێت و مافەکانیان پێشێل بکرێت.

 

"لایەنی پەیوەندیدار هەوڵی زیاتر تێکدانی کۆمەڵگە دەدات"

شادی سەمەد چالاکوان، ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ ئەوەی عێراق لە بارودۆخێکی سەخت و نا هەموواردایە بەڵام چەندین لایەن هەن دەیانەوێت فکری ئاینی و مەزهەبی خۆیان بسەپێنن، لە کاتێکدا دۆخی هاوڵاتیان لەوپەڕی خراپیدایە و کۆمەڵگە بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری مامەڵە دەکات لەگەل ژندا، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی کێشە خێزانییەکان، لە بری ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار و پەرلەمان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدا بن لە هەوڵی خراپترکردنی دۆخەکەدان و دەیانەوێت منداڵان بدەن بە شوو وە مافی ژن بە تەواوی نەهێڵن.

 

وتی: ئەم یاسایە سەر لە بەری دەستدرێژییە بۆسەر مافی ژن و منداڵ، لە کاتێکدا منداڵان پێویستیانە ژیانی منداڵێتی خۆیان ببەنە سەر بەڵام ئەمان هەوڵ دەدەن ئەو ژیانەیان لێ زەوت بکەن، جگە لەوەش هەوڵ دەدەن هاوسەرگیری نا یاسایی زیاد بکەن و ژنان بکەن بە کاڵا، هەروەها ژنان لە پاش جیابوونەوە هیچ مافێک وەرناگرن و حەقی خۆیان پێنادرێت.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد وەک ژنان و چالاکوانان هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت دۆخی عێراق باش ببێت نەک بەرەو خراپی بڕوات دەمانەوێت ڕێژەی جیابوونەوە کەمبکەینەوە چونکە زۆرینەی ئەوانەی جیادەبنەوە تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵەوەیە.