"دەسەڵاتداران دەیانەوێت تاک ئازاد و هۆشیار نەبێت"

هەرچەندە هەوڵی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق دەدرێت بەڵام چالاکوانان بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان، دەسەڵاتداران بێدەنگن چونکە ئامانجیانە کۆمەگەیەکی نا هۆشیار بێتە بوون و دەسەڵات ڕەت نەکاتەوە، بۆ ئەمەش یەکەم هەنگاو دەست دەبەن بۆ ئازادی ژن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە پاش بانگەشەکردن بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاستی یاساکە و گرنگییەکانیان لە کۆمەڵگەدا خستەڕوو، هەروەها مەترسی هەموارەکەشیان ڕاگەیاند کە هۆکارە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتداران و لایەنی پەیوەندیدار نەهاتووەتە دەنگ لە کاتێکدا بەو هەمووارە مافی ژن و منداڵ ڕەت دەکرێتەوە و کۆمەڵگەیەک بە ئەقڵیەتی پیاو بنیاد دەنرێت.

 

گەشە دارا پارێزەر دەربارەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵێک گۆڕانکاری مێژووی لە عێراقدا بوونی هەیە لە سیستمی مەلەکی بۆ کۆماری گۆڕانکاری ڕوویداوە، بەڵام لە عێراقدا تەنها یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ بۆ باری کەسێتییە ئەمەش لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییەوە هاتووەتە بوون، ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەی ڕوویانداوە لەبەرچاو گیراوە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی عێراق کۆمەڵگەیەکی موسوڵمانە و شەریعەتی ئیسلام پەیڕەو دەکات بۆ دانانی یاساکان هەر ئەم شەریعەتەشیان کردووە بە بنەما، بۆ ئەو مەبەستەش سود لە هەموو مەزهەبەکان وەرگیراوە.

 

گەشە دارا باسی لەوەکرد خودی یاساکە بەهۆی ئەو کەموکەرتیانەی تیایدایە پێویستی بە هەموارکردنەوە بوو وە بە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ لە پەرلەمانی کوردستان هەموارکرایەوە وتی: یاساکە کەمکورتی تیابوو بەڵام دەتوانین ئێستا بڵێین تاکە یاسایە کە مافە مەدەنییەکانی تیادا فەراهەم بوبێت، لە پاش هەموارکردنەوەکە گۆڕانکاری و گەشەکردنی باشی بەخۆیەوە بینی، وەک بابەتی فرەژنی کە مەرجدار کرا، مافەکانی ژن تا ڕادەیەک فەراهەمکرا.

 

"پڕۆژەیەکە تەواو مافەکانی ژن و منداڵ پێشێل دەکات"

گەشە دارا وەک پارێزەرێک باسی لەوەکرد چەندین جار هەوڵ دراوە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە بە پێی بەرژەوەندی پیاوان بەڵام شکستی هێناوە، ئەم هەوڵەی ئێستاش بۆ هەموواری یاساکە دەدرێت بێگوومان لە بەرژەوەندی ژندا نییە بۆیە ئەگەر لایەنی سیاسیش نەیەتە دەنگ پێویستە کەسانی ڕۆشبیر و چالاکوانان لە ئاستیدا بێدەنگ نەبن و هەڵمەتی هۆشیاری بڵاوبکەنەوە، دەڵێت: ئەمە پڕۆژەیە و تا ئێستا نەبووە بە یاسا، بەڵام کێشە لە پڕۆژەکەدایە و ئامانجیەتی پەرلەمانی عێراق بڕیار بدات لەسەر ئەوەی کە هەر تاکێک بە پێی مەزهەبی خۆی باری کەسی خۆی ڕێک بخات، ئەمەش کێشە دروست دەکات چونکە ڕێگە دەدات تاک بنەمای مەزهەبێک هەڵبژێرێت کە بە دڵیەتی لە کاتێکدا خۆی پێشتر لەسەر مەزهەبێکی تر بووە.

 

لە درێژەی قسکانیدا گەشە دارا ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵگەیەکی کراوە بوونی نییە و تا ئێستا مەزهەب بەڕێوەی دەبات، بە جۆرێک چۆتە پێکهاتەی کولتووری و ئەقڵیەتی تاکەوە، بۆیە ئەگەر ئەم پڕۆژەیە ببێت بە یاسا کۆمەڵگە و خێزان پەرت دەبێت، وتی: بۆ بابەتی ژن لەم پڕۆژەیەدا جیاوازیەکی تەواو کراوە، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە ببێتە یاسا عێراق پابەندییەکانی دەربارەی مافی منداڵ و ژن جێبەجێ ناکات و پێشێلیان دەکات، بەر لە هەموو شتێک پێشێلکردنی مافی منداڵە چونکە لە مەزهەبی جەعفەریدا ڕێگە دەدا منداڵ لە ٩ ساڵییەوە بدرێت بە شوو، یاخود لەسەر بێشکەوە مارە بکرێت، لە کاتێکدا منداڵ پێوویستی بەوەیە منداڵێتی خۆی بەڕێبکات نەک بکرێت بە کۆیلەیەکی سێکسی.

 

"ماددەکان لە دەستووردا دژ بە یەکن"

گەشە دارا باسی لەوەکرد، بە پێی پڕۆژەکە لە کاتێکدا ئەگەر ژن و پیاو مەزهەبی تایبەتی خۆیان هەڵبژێرن و ناکۆکی لە نێوان مەزهەبەکانیاندا دروست ببێت، بە پێی مەزهەبی پیاوەکە بڕیار دەدرێت ئەمەش دووبارە پێشێلی مافی ژن دەکات، دەڵێت: بەهۆی ئەوەی لە دەستووردا مادەی ٤١ هەیە و ڕێگە بە عێراقییەکان دەدات بۆ باری کەسیان مەزهەبی خۆیان هەڵبژێرن، لە کاتێکدا دەستوور باسی دیموکراسی و مافی تاک و ئازادییەکانیان دەکات، هەروەها بە پێی ماددەی ١٤ عێراقییەکان لەبەردەم یاسا بە بێ جیاوازی ئاین، نەتەوە، ڕەگەز و مەزهەب یەکسانن، بەڵام ئەم پڕۆژەیە ببێت بە یاسا هەموو نا یەکسانییەک دروست دەکات و پێشێلی ئەو ماددەیەی دەستوور دەکات.

 

دەربارەی ڕەنگدانەوەی ئەو پڕۆژە یاسایە لەسەر کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵگەی باشوور کۆمەڵگەیەکی موسوڵمانە و لە ڕووی یاسایشەوە ماددەیەکی دەستووریە کە تاک دەتوانێت بە پێی ویستی خۆی بنەمای مەزهەبەکان هەڵبژێرێت بۆیە مەترسیەکی زۆری هەیە، وتی: بەڵام قبوڵکردنی ئەم  یاسایە ئەستەمە لە کۆمەڵگەی کوردیدا چونکە ڕاستە کۆمەڵگەیەکی موسوڵمانە بەس دەمارگیری مەزهەبی نییە، کێشەکە لە تاک نییە بەڵکو لەوەدایە دەسەڵات خۆی بسەپێنێت، چونکە دەسەڵاتداران دەیانەوێت کۆمەڵگەی عێراقی بکەن بە کۆمەڵگەی شیعی.

 

"هەمووڵی بە کولتروورکردنی ئەو ئەقڵیەتە دەدرێت"

گەشە دارا بە پێویستی دەزانێت تاک هۆشیار بێت و پشتیوانی بزوتنەوە مەدەنییەکان بێت کە بەرەنگاری جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بوونەتەوە، دەڵێت: کاری ئێمەیە ڕوونکردنەوە بدەن بە هاوڵاتیان کە ئەم پڕۆژە یاسایە مەترسییە بۆ کۆمەڵگە و خێزانەکان، ڕەنگە ببێتە هۆکار بۆ دروستبوونی پێکدادان لەناو کۆمەڵگەدا، ئەمەش ویستی دەسەڵاتە و دەیانەوێت بە پێی ویستی خۆیان کۆمەڵگە بنیاد بنێن نەک لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون و ئازادییەکانی، بۆ ئەوەی تاک ئازاد نەبێت، خاوەن بڕیار نەبێت و کەسایەتی بەهێز نەبێت، چونکە تاکی بەهێز کۆمەڵگەی بەهێز دروست دەکات و دەسەڵاتی دیکتاتۆر ڕەت دەکاتەوە.

 

حزب یەکەیەکی شارستانی و مەدەنییە بەتایبەت ئەو حزبانەی خۆیان بە علمانی دەزانن و باوەڕیان بەوەیە کۆمەڵگە بە هەموو جیاوازییەکانییەوە پێویستە یەکسان بێت بۆیە گرنگە دەربارەی ئەم پڕۆژە یاسایە هۆشیار بن و بەرپرس بن بەرامبەر بە کۆمەڵگە و داهاتووی تاک بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکان نییە و بێ هەڵوێستن، دەڵێت: ئەگەر حزبەکانیش هەڵوێستیان هەبێت پێویستە تاک،  کۆمەڵگە و میدیا کار بکەن و فشاری کۆمەڵایەتی دروست بکەن، ئەگەر نا مێژووی خوێناوی عێراق بەردەوامی دەبێت و نا سەقامگیری و نا یەکسانی تاک دروست دەبێت.