"کەمی سزای تاوانی قومارکردن هۆکاری زیادبوونی قومار کردنە"

قومارکردن بووەتە سەرچاوەیەک بۆ مامەڵەپێکردنی ژنان وەک کاڵایەک، یاسا لەم بابەتەدا ڕۆڵی بەرچاو نابینێت و پارێزەرێکیش دەڵێت: کەمی سزا ئەنجامدانی قومارکردنی ئاسان کردووە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە وڵاتێکدا کە یاسا سەروەر بێت و لە خزمەتی کۆمەڵگەدا بێت، سیستمی ژیانیی ڕێکدەخات بە پێی سەردەم، بەڵام لە عێراقدا ئەو یاسایانەی هەیە نزیکەی نیو سەدەیە کاری پێ دەکرێت و هەموارکردنەوەی پێویستی بۆ نەکراوە و بنەمای یاساکەش سزای تاوانبار بە ئەندازەی تاوانەکە نادات.

 

قومارکردن، یەکێکە لە سەرپێچییە یاساییەکان، بەڵام ئەگەر مامەڵە پێکردنی بە مرۆڤەوە پێبکرێت، دەبێتەوە تاوان لەو مامەڵەیدا ژنان دەبنە کاڵا و قوربانی، بۆیە سوکی ئەم سزایانە تاوانباران ناترسێنێت و قومار کردن بە ژنانەوە ڕوو لە زیادبوونە.

 

"قومارکردن دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە"

 کەنار جەمال، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، قومارکردن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و میژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە هەموو کۆمەڵگەکانی جیهاندا بە پێی ئاستی پەرەسەندن قومارکردن ئەنجام دەدەن، بێگومان تێڕوانینی یاساس بۆ ئەم بابەتە بە پێی وڵاتان دەگۆڕێت، ئەنجامدانی قومارکردن یەکێکە لەو تاوانانەی لە یاسای سزادانی عێراقیدا باس کراوە، چونکە دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە، یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ لە ماددەی ٣٨٩دا بە چەند بڕگەیەک باسی تاوانی قومارکردنی کردووە، کە ئەو کەسانەی شوێنی ئەنجامدانی قومارکردن دەکەنەوە یان خۆیان ئەنجامی دەدەن، بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی دەکرێن و شوێنەکەیان دادەخرێت لەگەڵ سزادانیان بە بڕێک پارەی کەم.

 

"قومارکردن یەکێکە لەو یارییانەی مرۆڤ ئالوودە دەکات"

کەنار جەمال ڕوونی کردەوە، ئەو سزایەی بۆ ئەنجامدانی تاوانی قومارکردن دانراوە سزایەکی سوکە و هەر ئەمەش وا دەکات ئەنجامدانی ئاسان بێت لای خەڵک، واها لە تاوانبار ناکات کە نەگەڕێتەوە لە تاوانەکەی، ئەو کەسانەی ئەم تاوانە ئەنجام دەدەن ناتوانن بە ئاسانی وازی لێ بهێنن، ئەوانەشی ئەنجامی دەدەن لەبەر دوو هۆکارە، بەشێکیان بۆ هەژاری دەگەڕێتەوە کەسەکە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی قومارەوە بڕە پارەیەکی دەستبکەوێت، بەشێکیشیان تەنها بۆ خۆشی و بەسەربردنی کات ئەنجامی دەدەن، لە هەردوو حاڵەتەکەدا تاوانە و کاریگەری نەرێنیشی لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات.

 

وتیشی: بێگومان تەنها یاسا بەس نییە بۆ بنبڕکردنی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی وەکو قومارکردن، دەبێت پێش ئەوە ڕێگری بکەین لەو هۆکارانەی وا لە کەسەکان دەکات پەنا ببەنەبەر ئەنجامدانی ئەو تاوانە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەو کەسانەی ئەم تاوانە ئەنجام دەدەن، ژمارەیان زیاتر بووە و کەیسەکانی قومارکردن لە دادگاکانیشدا لە هەڵکشاندایە، ئەو یاسایانەی ئێستە کاری پێ دەکرێت زیاتر لە نیو سەدەیە دانراوە و بەشێکیان پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، داوا کراوە سزای تاوانی قومارکردن قورس بکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک ویستی ئەو تاوانە ئەنجام بدات سەرەتا بیر لە قورسی سزاکە بکاتەوە.

 

"لە یاسای سزادانی عێراقیدا قومارکردن بە ژنانەوە باس نەکراوە"

کەنار جەمال ئەوەشی خستەڕوو، لە یاسای سزادانی عێراقیدا باسی ئەوە نەکراوە، ئەگەر پیاوێک ژنەکەی یان کچەکەی لە کاتی قومارکردندا بدۆڕێنێت چی سزایەک دەدەرێت، چونکە ساڵانێکی زۆر بەسەر دەرچوونی ئەو یاسایەدا تێپەڕیوە و لە کاتی دەرچوونی ئەم یاسایەدا زۆر ئەستەم بووە قومارکردن بە ژنانەوە، بەڵام ئەمە دیاردەیەکی قیزەونە لە کۆمەڵگەکەماندا سەریهەڵداوە، باس نەکردنیشی لە یاساکەدا مانای ئەوە نییە ئەم کارە تاوان نییە، بەڵکو دەچێتە قاڵبی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە و سزاکەشی قورسە، لەم بابەتەشدا ژنان زەرەمەندی یەکەمن و هەر ژنێکیش کارێکی وای بەرامبەر کرا نابێت قبوڵی بکات.

 

دەشڵێت: لە هەرێمی کوردستاندا شوێنێک نییە هی قومارکردن بێت و مۆڵەت پێ دراو بێت، یاسا ڕێگە بە دانانی نادات، چونکە بە تاوان دادەنرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت شوێن نییە قوماری تێدا ئەنجام بدرێت، ئەو شوێنانەشی کە هەیە نایاسایین، بۆیە کردەوەی وەکو قومارکردن بە ژنانەوە تیایدا ئەنجام دەدرێت.

 

"پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوە"

کەنار جەمال جەختی کردەوە، بەشێک لەو شوێنانەی قوماری تێدا دەکرێت داناخرێن، چونکە دەستی سەرمایەدار و دەست ڕۆشتوویان لە پشتەوەیە، بۆ کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتەش دەبێت یاساکان هەموار بکرێنەوە و بەجۆرێک بن سزاکان قورستر بکات، لێکۆڵینەوە بکرێت لەسەر هۆکارەکانی تووش بوون بە ئەنجامدانی ئەم یارییەوە، وەکو بێکاری و نەبوونی هۆشیاری لای گەنجان، هەرەوها سنوورێک بۆ یارییە ئەلکترۆنییەکان دابنرێت کە ئەویش هۆکارێکە بۆ ئەنجامدانی قومارکردن.