ژنانی لیبیا لە دڵی ئاشتەوایی ڕۆڵی پیشەنگایەتی و زیانبەرکەوتوو بۆ ئاشتی دەبینن

لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی پەراوێزخستن و توندوتیژی، بانگەوازەکان بۆ بەهێزکردنی بوونی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان لە لیبیا و دەستەبەرکردنی بەشداری چالاکانەیان لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی هەمەلایەنە و دادپەروەرانەی نیشتمانیدا پەرەدەستێنێت.

هندیە عەشیبی 

 

لیبیا- سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە ڕووبەڕووی لیبیا دەبێتەوە، ژنان بەردەوامن لە ڕۆڵی سەرەکی چارەسەرکردنی ململانێکان و پرۆسەکانی بونیادنانی ئاشتیدا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە گرژی لەنێوان خێڵ و کوتلەکاندا تووشی دەبن. 

 

ژنان لە لیبیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە چارەسەرکردنی ململانێکان و هەوڵەکانی بونیادنانی ئاشتی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە گرژی لە نێوان خێڵەکان یان کوتلە جیاوازەکاندا تووشی دەبن، بەشدارییەکانیان لە نێوەندگیری و بەشداریکردن لە بڕیاردان دەست پێدەکات تا دەگاتە پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی، هەروەها چەسپاندنی بەهاکانی ئاشتی کۆمەڵگە و گواستنەوەیان لە نێوان نەوەکاندا، سەرەڕای ئەم ڕۆڵە گرنگانە، ژنان ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبنەوە کە ڕێگری لە بەشداریکردنی تەواویان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا دەکەن، ئەمەش داوای بەرزکردنەوەی نوێنەرایەتیکردنیان دەکات لە پۆستەکانی بڕیاردان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی هەمەلایەنە و بەردەوام. 

 

بەشداری چالاکانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان 

فەتحیە مەعدانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی "نیتاج" بۆ پەرەپێدانی توانای ژنان، جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی ژنانی لیبیا لە پرۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی نیشتمانیدا کردەوە، ئەم ڕۆڵە بریتییە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو ژنانەی کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها پاڵنەر و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە دەستپێشخەری و پلانەکانی ئاشتی، دیارترینیان بڕیارنامەی ١٣٢٥ کە دەسەڵاتدارانی لیبیا پەسەندیان کردووە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی. 

 

بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەم چوارچێوەی نێودەوڵەتییە کە ڕاستەوخۆ باس لە ژنان و ئاشتی و ئاسایش دەکات، لە ساڵی ٢٠٠٠ پەسەند کرا، ئامانجی دەستەبەرکردنی بەشداری ژنانە لە پرۆسەکانی بڕیاردانی پەیوەست بە ئاشتی و چارەسەرکردنی ململانێکان، چارەسەرکردنی توندوتیژی سێکسی لە شەڕی چەکداریدا، و وەڵامدانەوەی پێداویستییە تایبەتەکانی ژنان لە بارودۆخی دوای شەڕ و پێکدادانەکان، بەمەش دەرفەتی گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە کە دادپەروەری ڕەگەزی لەبەرچاو بگرێت بەرز دەکاتەوە. 

 

فەتحیە مەعدانی ڕایگەیاند کە ژنانی لیبیا هەمیشە چالاک بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و دابینکردنی چارەسەر، وتی: ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەدا بە درێژای مێژوو درێژدەبێتەوە. 

 

جەختی لە گرنگی هۆشیارکردنەوەی ژنان لە لیبیا کردەوە سەبارەت بە ڕۆڵی سەرەکییان لە گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانی لە ئاستە جیاوازەکاندا، هەروەها داوای کرد ئاسانکاریی لە ئامرازەکانبکرێت بۆژنان بۆ بە جێهێنانی ئەو ڕۆڵە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پاڵپشتی ماددی و ئەخلاقی و بەهێزکردنی توانای دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ سازدانی وۆرکشۆپ بە ئامانجی گواستنەوەی زانست و بیرۆکە لە نێوان نەوەکاندا، باسی لە گرنگی میدیای ناوخۆی و نێودەوڵەتی کردەوە لە تیشک خستنە سەر هەوڵەکانی ژنان و بەهێزکردنی ئامادەبوونیان لە پرۆسەکانی ئاشتەواییدا. 

 

سەلوا بوقيقيس یادی ئەو ژنانەی کردەوە، کە لە هەوڵی ئاشتەوایی نەتەوەیی لە لیبیا گیانیان لەدەستداوە، دیارترینیان سەلوا بوقەیقیس، چالاکوانی دیاری مافی مرۆڤ بوو، کە لەو ساڵانەی ئاژاوەگێڕی وڵاتەکەی گرتبووەوە، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانەوە تیرۆرکرا، جەختیشی لەوە کردەوە، کە مردنەکەی نوێنەرایەتی زیانێکی گەورە دەکات بۆ ڕێگای ئاشتی و دادپەروەری. 

 

داوای لە ژنانی لیبیا کرد هەوڵەکانی ئاشتەوایی نیشتمانی بەرەوپێش ببەن و کولتووری ئاشتی بڵاوبکەنەوە و کار بۆ بونیادنانی لیبیایەکی سەلامەت و دادپەروەرانە بکەن کە هەموو گەلەکەی لە باوەش بگرێت بەبێ دوورخستنەوە و پەراوێزخستن. 

 

هوەیدا مەنفی، سەرۆکی ڕێکخراوی "تنوير" "ڕۆشنگەری"بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە، جەختی لەسەر ڕۆڵی بەرچاوی ژنانی لیبیا کردەوە لە پێشخستنی هەوڵەکانی ئاشتەوایی لەناو ناوچە جێناکۆکەکاندا، ئاماژەی بە بەشداری چالاکانەیان کرد لە چەندین دانیشتنی گفتوگۆ و دانوستاندا. 

 

جەختی لە پێویستی بوونی ژنان لە هەموو قۆناغەکان و پرۆسەکانی ئاشتی لە لیبیا کردەوە و ڕایگەیاند، کە مەحاڵە باس لە ئاشتەوایی نیشتمانی ڕاستەقینە بکرێت بەبێ ئەوەی ژن لە ناوەڕۆکیدا بێت. 

 

ژنان هاوبەشی سەرەکین لە ئاشتەواییدا 

قەدریە عوسمان ساڵح، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی "صافات للتنمية" "گەشەپێدانی ئسەفەت"، جەختی لەوە کردەوە، کە بەشداری ژنان لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتیدا پێویستی بە پشتیوانییەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و هەوڵی یەکگرتووی هەمەلایەنە هەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەیی چالاکانەیان، جەختی لەسەر پێویستی بەهێزکردنی ژنان کردەوە، بەتایبەتی سەرکردەکانی ژنان، کە ڕەنگە ڕووبەڕووی سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی ببنەوە کە ڕۆڵی خۆیان لە گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانی سنووردار بکەن. 

 

داوای چڕکردنەوەی بەرنامەکانی هۆشیاری و بەشداریکردن، لەڕێگەی ڕێکخستنی وۆرکشۆپ و کۆبوونەوەی خولی پەروەردەی و سیمیناری ناوخۆی و نێودەوڵەتی، بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی و جەختکردنەوە لەسەر گرنگییان لە بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و دادپەروەرانە لە لیبیا. 

 

پێی وایە ژنانی لیبیا خۆیان سەلماندووە کە تاکێکی بەرپرسیارن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی دەبنەوە، تووشی قەیران و ململانێ و شەڕەکان بوون و تووشی ئاوارەبوون و لەدەستدانی دەرئەنجامی ئەو ڕووداوە بوون، وتی: پێویستە پیاوان متمانەیان بە تواناکانی ژنان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان و بە هاوبەش و باڵیۆزی ئاشتی لە دەستپێشخەرییە جۆراوجۆرەکاندا بیانزانن. 

 

ڕوونیشیکردەوە، کە خێڵەکانی تەوارق لە باشووری لیبیا پۆستی سەرکردایەتی بە ژنان دەبەخشن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر متمانەی زۆر بە زانیاری و لێهاتووی ئەوان لە بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی کێشەکاندا، هەروەها ژنانی لیبیا مێژوویەکی دیاریکراویان هەیە کە چەندەها سەدە دەگرێتەوە، بەشدارییان کردووە لە پشتیوانیکردنی سوپا و بەشداریکردن لە ڕزگارکردنی وڵات لە داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوڵی ڕۆڵی نیشتمانی و مرۆی خۆیانە لە بونیادنانی لیبیا.