ژنان لە ڕێگەی پێکەوەییان هەوڵی ئاشتی و بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدەن
ژنانی تەواوی پارچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێن: لە ڕێگەی بەشداریکردنمان لە کۆنگرەی نادا، زانیمان ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سەرکۆنەکردنی ژنانەوە دەناڵێنن، نەخشە داڕشتمان بۆ پێکەوەیی ژنان مافەکانمان بەدەستدەهێنین.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ژنان لە مێژووەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا بەدەست ئەقڵیەتی پاوان خوازییەوە دەناڵێنن، ژنان لە ڕێگەی ئاشنابوون بە مافەکانیان لە ڕێگەی چالاکی و کۆڕ و کۆنگرەکانەوە لە هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان بوون، تەواوی ئەو ئەشکەنجانەی لە دێرزەمانەوە ژنان لە ئەقڵیەتی پیاوسالاریدا گەنگەشەیان کردووە، بووەتە تێکۆشان لە لایەن ژنانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لە ئێستادا ژنان پێشەنگایەتی هێزەکانی پاراستن بۆ پاراستنی خاکیان دەکەن، لە کۆنگرەکاندا ژنان تەواوی ئاستەنگییەکان پێکەوە شرۆڤە دەکەن تا بتوانن لە ڕێگەی پێکەوەیی و ئاشتییەوە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بدەن، ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێگەی کۆتا کۆنگرەی ناداوە، تەواوی کێشە و چارەسەرییەکانیان پێشنیاری یەکدی کرد، تابتوانن پێکەوە بە ئەنجامدانی بەدەستهێنانی پرسی ئاشتی و مافەکانیان بەدەستبهێنن.
"ئێمەی ژنان پێویستە بیروڕای دروست و دیموکراتیانە بێنینە کایەوە"
نەرمین حسێن، بەڕێوەبەری دڵنیایی و جۆری سەرپەرشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی، باس لە پێکەوەیی یەکدەنگی ژنان بۆ دەستکەوتنی ئاستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات وتی: هەبوونی کۆنگرەکان و کۆبونەوەی ژنان لە کۆنگرەی نادادا هۆکاری ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان بوو، وەک دەزاندرێت ژنان نیوەی کۆمەڵگەن چەندین ئەرکی لە پەروەردەی و ئاشتی و پێکەوەی بەڕێوەدەبات، ئامانجی ئێمەی ژنان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە، هەوڵ بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەدەین، لە کۆنەوە ژنان ڕۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتدا هەبووە، ژنان بەرجەستەی کارەکان و دەستکەوتەکانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لە ڕێگەی یەکخستنی بیروڕاکانی ژنان تەواوی ئەو ئەقڵیەتەی باس لە لاوازی فکر و جەستەی ژنان دەکات ڕەتدەکەینەوە، بیروڕای دروست و دیموکراتیانە بێنینە کایەوە، تا بتوانین کۆمەڵگە بەرەو ڕوەتێکی پێشکەوتن و سەرفراز و دیموکراتیانە بەرین، ژنان بەردەوام لە چەندین شۆڕشدا بەشداریان کردووە، شۆڕشیان بۆ ژنبوونی خۆیان کردووە، پاشان شۆڕشیان بۆ ئازادی دیموکراتی و گەل و نیشتیمانەکەیان کردووە، ژنان لە پارچەکانی کوردستان لە ڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە ژنانی کوردی بە تەواوی جیهان ناساند، لە ڕێگەی هەڵگرتنی چەک و خەباتی چەندین ساڵەی شاخ و پاشان شارەکان ژنانی کوردی بە جیهانی دەرەوە ناساند، لە ئێستادا ژنانی چەک بەدەستی گەریلا و خەباتگێڕان لە ڕۆژئاوای کوردستان جێگای شانازین بۆ ئیمەی ژنانی کورد و تەواوی جیهان.
لە کۆتاییدا وەک ژنێکی باشووری کوردستان وتی: وەک ژنێکی باشووری کوردستان پشتیوانی خۆم و یەکبوونی خۆم بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پارچەکانی کوردستان دەردەبڕم، هەردەم لە چوارچێوەی کارەکانی ژنان بەشداری چالاکی و کۆڕ و سیمینارەکان دەکەم، هەوڵی هۆشیارکردنەوەی تەواوی ژنان دەدەم، ئێمەی ژنان بەردەوام هەوڵ بۆ پێکەوەیی و دیموکراتیکی دەدەین.
"ژنانی سۆماڵ هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدەن"
لەیلا، کاتیبە و توێژەری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی سۆماڵ، باس لەوەدەکات، ژنانی سۆماڵ بە گشتی هاودەنگن لەگەڵ یەکتر، بەرگری لە مافەکانیان دەکەن. ڕێکخراوی ژنان هەن کە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە ئەنجام دەدەن بۆ پەروەردەکردنی ژنانی سۆماڵ تا بتوانن بە هاودەنگی بوەستن، هاوبەشیمان لەگەڵ بکەن، هیواکانیان دەرببڕن، ئەوەی ئارەزووی دەکەن بەدەستی بهێنن، دەڵێت: من لە سۆماڵەوە بەشداریم لەم کۆنگرەیەدا کرد بۆ دەربڕینی دەنگی ژنانی سۆماڵ، هاوبەشکردنی خواستەکانیان بۆ بەشداریکردن و گۆڕانکاری و بەهێزکردن، تەنانەت بۆ بەشداریکردن بۆ فێربوون لە هاوەڵەکانم، ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان لەگەڵ هاوەڵەکانم لە وڵاتە جیاوازەکان بۆ کێشانی تایبەتمەندییە ڕاستەقینەکانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی کە گوزارشت لە نیگەرانییەکانی ژنان و کارەکانیان دەکات.
" ژنانی یەمەن هێشتا سنووردارکردنێکی زۆرمان لە یاساکانی یاسادانانی ناوخۆییدا هەیە"
ئەنجێلا سوڵتان مەعماری، ئەندامی هاوپەیمانی نادا لە یەمەنەوە وتی: کاتێک باس لە پێگەی ژنان لە یەمەن دەکەین، دەمانەوێت تیشک بخەینەسەر تەڤکەری شۆڕشگێڕانەیان و بەشداری بەهێزیان، پەرۆشییان بۆ ئامادەبوون لە هەموو گۆڕەپانەکانی یەمەن، لە هەموو کەرت و ڕێگاکان سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییە زۆرانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کە ڕێگری لە بەشداریکردنی کاریگەریان دەکەن و سنوورداریان دەکەن، ئێمە هێشتا سنووردارکردنێکی زۆرمان لە یاساکانی یاسادانانی ناوخۆییدا هەیە، بەڵام هێشتا لە گفتوگۆدایە لەم ئاڵەنگاریانە بۆ گەیشتن بەو شتەی کە دەیەوێت، هەروەها گرنگی شەڕەکان و کاردانەوەکانی لەسەر ژنان لەبیرناکەین و پشتگوێ ناخەین، لەوانەیە کاریگەری لەسەر زۆر کەرت هەبووبێت، لەسەر زۆر پۆل، بەڵام ژنان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بووە لەم شەڕە لە هەموو ئاستەکان، جا چ سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری، هەروەها ڕۆژانە، زۆرێک لە ژنان بژێوی ژیانیان لەدەستدا، بوون بە بژێوی ژیان و ئەو کەسەی کە چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی لەسەر ئاستی ژیانی ڕۆژانە جێبەجێ دەکات، هەروەها خواستی خۆی بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامێکی بەشدار و کاریگەر لە ژیانی سیاسیدا،
لە کۆتاییدا وتیشی: کە ژنانی یەمەنیش هەوڵی جوان و نایابیان هەیە لە پشتیوانیکردنی ژنان لە وڵاتانی دیکە، لە ڕێگەی هاوپەیمانی و تۆڕەکانەوە، لە ڕێگەی چەندین هاوپەیمانی و تۆڕی جیاواز و هەمەچەشنەوە کە پەیوەندییان بە پرسەکانی ژنانەوە هەیە لەسەر ئاستی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی، هەروەها لە ڕێگەی دیبەیت و ڕاگەیەندرا و هەروەها کۆنگرە، هەروەها ئەم کۆنگرەی هاوپەیمانی نادا کە ئێمە تێیدا ئامادەین.
" ژنانی ڕۆژهەڵات بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەوڵی ئازادبوونی فکری و جەستەی دەدەن"
سروە فایەق، هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وتی: پێکەوەیی ئێمە لە کۆنگرەکاندا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمانە، تا بتوانین لە ڕێگەی تەواوی نەتەوەکانەوە هەوڵی ئاستی و پێکەوەی بدەین، باسکردنی کێشەکانمان و ئاڵانگارییەکانان شرۆڤە کردنیان ئەرکی هەر ژنێکە لە تەواوی جیهان، ئێمە ئاشتی و پێکەوەیمان دەوێت، بۆیە هەوڵ دەدەین دەستلەناودەستی یەکدی مافەکانی ژنان بەدەست بخەین، ژنان لە دەوری یەک ئاماجدا کۆدەبەنەوە، پێویستمان بە پشتیوانی تەواوی جیهان هەیە تا بتوانین دەستکەوتمان هەبێت، وەک ژنێکی ڕۆژهەڵات بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد، بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی " هەوڵ بۆ ئازادبوونی ژنان دەدەم.