تارا حسێن: دەبێت هەموو هێزەکان خۆبەڕێوبەری شەنگال بە فەرمی بناسێنن
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی دەڵێت: بە هەموو پێوەرەکان قڕکردنی ئێزیدییەکان دەچێتە قاڵبی جینۆسایدەوە، بەڵام زۆربەی دەوڵەتان دانیان بەو جینۆسایدەدا نەناوە، کە واتای ئەوەیە هەر یەک لەو دەوڵەتانە دەستیان هەبووە لەو تاوانەدا.
شیرین ساڵح
سلێمانی- خاکی کوردستان و گەلی کورد هەمیشە چاوی دەوڵەتانی داگیرکەری لەسەر بووە و هەوڵی لەناوبردن و قڕکردنیان دراوە، لەگەڵ هەموو ئەو دوژمن و نەیارانەی گەلی کورد هەیەتی، هاوکاری هەندێک هێزی سیاسی کوردی، ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ داگیرکردنی خاک و شاخی کوردستان، هەر بۆیە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ و لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا گەلی ئێزیدی بۆ جاری ٧٤ فەرمانیان بەسەردا ئەنجامدرا و بە هەزاران ژن و منداڵ بە دیل گیران و کوژران.
"دەوڵەتانی داگیرکەر هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد دەدەن"
تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان گەلی کوردی دابەشکرد بەسەر چوار پارچەدا، ئەمە سیاسەتێکی پاوانخوازی هێزە جیهانییەکان بوو لەگەڵ دارودەستەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئامانج لەم پارچەکردنەش نەهێشتن و سڕینەوەی گەلی کورد بوو لەناو کولتوور و فەرهەنگ و زمانەکاندا، بەڵام گەلی کورد دوای ئەو ١٠٠ ساڵە مێژووی خۆی دەنووسێتەوە و گەلێکی بە ئیرادەیە، هەرچەندە لەناو گەلی کورددا هێڵێکی خیانەت هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە هێڵێکی شۆڕشگێڕی هەبووە، هەر بۆیە ئەم پەیماننامەیە هۆکارێک بوو بۆ بەردوامبوونی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد و لەو چوارچێوەیەشدا دەوڵەتانی داگیرکەر داعشیان دروستکرد و جینۆسایدیان بەرامبەر بە گەلی ئێزیدی ئەنجامدا لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا.
"لێدان هێرش بۆ سەر ژن، یەکێکە لە بنەماکانی داگیرکاری"
تارا حسێن ڕوونی کردەوە، دەوڵەتانی داگیرکەر و بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا بە دروستکردنی گروپێکی تیرۆرستی وەکو داعش هەوڵی داگیرکردنی ئەو ناوچانەیان دەدا کە هەمیشە چاویان لەسەری بوو، بەداخەوە دەستێکی خیانەتی ناوخۆیشی لەگەڵدابوو، بۆ ئەوەی ئازادی گەلی کورد کپ بکرێت و نەتوانرێت پێشەنگایەتی شۆڕش بکات، ئەو هێزە کوردیەشی لە شەنگال بوون (مەبەست لە پێشمەرگەکانی پەدەکەیە) بەبێ ئەوەی یارمەتی خەڵکەکە بدەن چەکەکانیان لە خەڵکەکە وەرگرتبوو و دواتر ناوچەکەیان چۆڵکرد، ئەمەش پەیامێک دەگەیەنێت کە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو بووە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەدەکەدا.
وتیشی: هەرچەندە هێزی داعش هێزیکی دڕندە بوون، بەڵام هێزەکانی پەیەدە توانیان خەڵکی شەنگال بپارێزن، هەموو ئێزیدییەک دەبێت ئەو ڕاستیە بزانێت کە پەیەدە دەستی هەبووە لە جینۆسایدی ئێزیدییەکان بۆ قڕکردنی ژنان و ئەو تێکۆشانە مەزنەی لەو کاتەدا بەڕێوەدەچوو، لێدان و هێرش لە ژن یەکێکە لە بنەماکانی داگیرکاری، لە لێدان لە ژنەوە بە ئامانجی خۆیان دەگەن، چونکە بنەماکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ژنەوە دەستپێدەکات، هەربۆیە داعش ژمارەیەکی زۆر لە ژنی برد و تا ئێستاش بەشێکی زۆریان لە ژێر دەستی ئەواندان.
"دەوڵەتان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان دان بە جینۆسایدی ئێزیدیەکاندا نانێن"
تارا حسێن ئەوەشی خستەڕوو، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕاستگۆ نین بەرامبەر بەو یاسایانەی هەیە سەبارەت بە پاراستنی ژنان، پێویستە هەوڵدانێک هەبێت بۆ ڕزگارکردنی ئەو ژنانەی لە ژێر دەستی داعشدان، ئەوانەشی ڕزگار کراون لە دۆخیکی دەروونی قورسدان و پێویستە تیمێک دابنرێت بۆ کار کردن لەسەر هێورکردنەوەی ئەو ژنانە، ئێستا ژنانی ئێزیدی بوونەتە پێشەنگی ژیانێکی ئازاد، ئەرکی هەموو هێزە سیاسییەکانیشە خۆبەڕێوبەری شەنگال بە فەرمی بناسێنن.
دەشڵێت: هەموو مرۆڤێک کاتێک لە دایک دەبێت جیاوازی ڕەگەزی و ئاین ناکرێت، بەڵکو سیستمە جیهانیەکان وایان کردووە ئەو جیاوازییە زەق بکەنەوە، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە شەڕ بدەن، ژن و پیاو و ئاینەکانیان بە یەکداداوە، لە کاتێکدا دەبوو بیکەن بە خاڵی پێکەوە ژیان، ئەقڵیەتی پیاوسالاری بنەمای سیاسەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانە، بۆیە هەر یەکێک لە ئاین و ڕەگەزی جیاواز کراون بە چەکێک بۆ لێدان لە یەکتر، ئێستاش بە فکری ڕێبەر ئۆجالان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا وەردە وردە سیحرەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەتاڵ دەبنەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا تارا حسێن، جەختی کردەوە، "بە هەموو پێوەرەکان قڕکردنی ئێزیدییەکان دەچێتە قاڵبی جینۆسایدەوە، بەڵام زۆربەی دەوڵەتان دانیان بەو جینۆسایدەدا نەناوە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت هەر یەک لەو دەوڵەتانە دەستیان هەبووە لەو تاوانەدا، ڕۆژانە چاویان لە هەموو ئەو پێشیلکاریەیە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، بەڵام بێدەنگن، چونکە بەرژەوەندیان لە بێدەنگیاندا دەبیننەوە".