"دەبێت سەرکەوتنەکانی ژنانی ئێزیدی ببنە نمونە بۆ ژنانی کورد"

گەلی ئێزیدی بە دریژایی مێژوو ڕووبەڕووی قڕکردن بووەتەوە و ژنان بەرکەوتەی یەکەم بوون لەهەر پەلامارێکی دوژمندا، چالاکوانێکیش دەڵێت: دەبێت لایەنە سیاسییەکان پێکەوە کار بکەن لەسەر دۆزی ئێزیدییەکان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- گەلی کورد و بەتایبەت ئێزیدییەکان، بەهۆی کوشتن و پەلاماری دەوڵەتانی داگیرکەر و گروپە تیرۆرستییەکانەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، ژنان بەرکەوتەی یەکەمی توندوتیژی و  دەستدرێژییەکانن، بەڵام هەوڵی کۆیلەکردنی ژن و کۆمەڵکوژکردنی وەک یەکەم داگیرکاری دەوڵەت، سەرکەوتوو نەبووە و ژنان هەمیشە هەوڵی یەکگرتنیان داوە بۆ ئەوەی بە ئیرادەوە هێرش و پیلانەکان تێکبشکێنن، کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەسەر گەلی ئێزیدیدا هات، نمونەیەکی ئەو شۆڕشانەیە، کە یەکەم شت ژنانیان بە ئامانج گرت، بەڵام ئیستا ژنانی ئیزیدی بوونەتە نمونەی ژنانێکی بەهێز و بە ئیرادە.

 

"گەلی ئێزیدی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە"

سازگار عەبدوڵا، چالاکوانی بواری ژنان و ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆی ٣ی ئاب ڕۆژێکی شووم بوو بۆ گەلی کورد و کارەساتێکی لەبیرنەکراو بوو، ئەوەی بەسەر گەلی ئێزیدیدا هات لەو ڕۆژەدا هاوشێوەی نییە لە مێژوودا، داعش هەر بە کوشتن و بە کۆیلەکردنی ژنان هەوڵی لەناوبردنی گەلی ئێزیدی دا، ئەمەش یەکەم ڕووداو نییە بەسەر گەلی ئێزیدا هاتبێ و هەر لە مێژەوە ڕووبەڕووی داگیرکاری و جینۆساید بوونەتەوە، بەڵام لە ٣ی ئابدا بە دڕندانەترین شێوە دەستدرێژیان دەکردە سەر ژنان بە بەرچاوی جیهانەوە، هەروەکو هەمیشەش دیسانەوە ژنان بوونە قوربانی یەکەم لەم جینۆسایدەدا، گەورەترین کارەساتیش ئەوەیە ئەو ژنانە منداڵیان بووە و لە لایەن خێزانی ژنەکانەوە منداڵەکان قبوڵ ناکرێت، ئەمەش وا دەکات ئەو منداڵانە بێ ناسنامە بمێننەوە.

 

"ژنان ڕۆڵی کاریگەریان دەبێت لە ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر پەلامارێک"

سازگار عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، لە هەر چوار پارچەی کورستاندا کورد بەردەوام لە بەردەم هەوڵی قڕکردن و لەناوچووندایە و بە درێژایی مێژوو هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی دەدرێت، ئەم ڕووداوانەش بەردەوام دەبێت و کۆتایی نایەت بەرامبەر بە کورد، چونکە کەس خاوەنداری لە کورد ناکات و هێزێکی سەربەخۆی نییە بەرگری لە خاکەکەی بکات، پەرتەوازەیی گەلی کوردیش ئەو ڕووداوانەی لێ دەکەوێتەوە.

 

وتیشی: ئەوەی جێگای سەرنجە دەبێت ئێزیدییەکان دووبارە پەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و ژیانی خۆیان دەست پێبکەنەوە و بتوانن بە ڕووی هەر هێرشێکی تردا بوەستنەوە، هەروەها دەبێت پەرە بە دۆسییەکانیان بدەن و لایەنەکانی باشووری کوردستانیش پشتگیری لە دۆزی ئێزیدییەکان بکەن، لەم کاتانەشدا یەکڕیزی ژنان ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت و پێوستە هەر ناهەقیەک کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، ژنان بێنە دەنگ و ڕێگری لێ بکەن، لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا توندوتیژی بەرامبەر هەر ژنێک کرا دەبێت بە دۆسییەی خۆمانی بزانین و پشتگیری لەو ژنانە بکەین.

 

"پێویستە ژنان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی پێکبهێنن"

سازگار عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، ئێستە شۆڕش شۆڕشی ژنە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەورەترین شۆڕشی ژن بەرێوە دەچێت، بۆیە ژنان ئەو هەموو توندوتیژیانەیان بەرامبەر دەکرێت و تا ئێستاش لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدارە دەدرێن و هەوڵی کپ کردنی دەنگیان دەدرێت، هەرچەندە بەشێک لە ژنان لە پۆستە سیاسییەکاندان، بەڵام بە هۆی ئەو سیاسەتەی حزبەکەی پەیڕەوی دەکات وای لێ کردون داکۆکی لە مافەکانی ژنان نەکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: جێگەی ئاماژەیە ئەو سەرکەوتنەی ژنانی ئێزیدی بەدەستیان هێنا، دەتوانین بیکەین بە نمونە بۆ ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان، هەروەکو دەستکەوتەکانی ژنانی ڕۆژئاوا، ئێمەش وەکو ژنانی باشووری کوردستان کارمان کردووە لەسەر دۆسیەکانی ژنان، پێویستە ژنانی هەموو پارتە سیاسییەکان یەک بگرن  بۆ ئەوەی بتوانین کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دروست بکەین و سیستمێکی یەگرتوو پێکبهێنین و پێکەوە کار بکەین، چونکە ئەم پەرتەوازییە زیانمان پێ دەگەیەنێت.