حکومەتی نوێی عیراق و پێگەی کورد
سۆزان حەمە تاتە- نووسەر
بەربژێری هاوپەیمانیی شیعەکان، کەوا خاوەنی زۆرترین کورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەستنیشان کرا، بەو پێیە عەلی زەیدی دەستدەکات بە کۆبوونەوە و سەردانی لایەنە سیاسییە خاوەن کورسییەکان دەکات بۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی بە پەرلەمان و وەرگرتنی متمانە.
پەیوەندیدار بەو پرسە گرنگە، بەشداریی کورد و وەرگرتنی پشکی شایستە بەخۆی بابەتێکی زۆر هەستیار و گرنگە و دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لەم کاتەدا کێشەی زۆر لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق هەیە، بەشی زۆری ئەو کێشانە کەڵەکە بوون و چارەسەرکردنیان قورسە، بەڵام سووربوون لەسەر چارەسەرکردنیان پێویستیی بە هاودەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هەیە، دیسانەوە بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دروستکردنی ئەو هاودەنگییە قورسە، بەڵام بێ هاودەنگیی کوردستانی ناکرێت بڕوا بەوە بکەین، پێگەی کورد لە عیراق بەهێز دەبێت و دەتوانین مافە دەستوورییەکانمان وەربگرینەوە.
پێگەی کورد لە بەغدا دەکرێت لە چەند رێگەیەکەوە بەهێز بکرێت:
یەکەم: هێز و لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی پێویستیان بەوە هەیە، بە وەرەقەیەکی سیاسیی کوردستانییەوە لەگەڵ بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراق گفتوگۆ بکەن، راستە هەر هێزێکی سیاسیی کوردستانی ئەجێندای جیاوازی خۆی هەیە، بەڵام ئامانجەکە کوردستانە و پێویستە لەپێناو کوردستاندا لەسەر وەرەقەیەکی سیاسیی کوردستانی رێکبکەون.
دووەم: کورد پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعەکان هەیە، دەکرێ ئەو پەیوەندییە بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر و بەشدارییەکی کارا لە حکومەتی نوێدا، چونکە بێ بەشداریی کارا مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی زیاتر دەبن و هێزی سیاسیی واش هەیە ژەهری لەسەر زار و بەرنامەیە بەرامبەر کوردستان.
سێیەم: روونە هەژموونی وڵاتانی گەورەی وەکو ئەمریکا و وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر هێزە سیاسییەکانی عیراق هەیە، دەکرێت هەرێمی کوردستان پەیوەندیی باشی لەگەڵیان، بکاتە هۆکارێکی گرنگ بۆ ئەوەی رێز لە مافەکانی کورد بگیرێت و پێگەی خۆی پێ بەهێز بکات، ئەوەش لە چوارچێوەی وەستانیان لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و سوود لێوەرگرتنی بۆ دەستکەوتی زیاتر بۆ کورد.
ژینگەی سیاسیی عیراق و پرۆسە دیموکراسییەکەی بۆ ئەوە دەستنادات کورد وەکو ئۆپۆزسیۆن بێ، بەڵکو دەبێت بەشدارێکی کارای پرۆسەی سیاسیی بێت و لەگەڵ هێزە گەورەکانی شیعە و سوننە لە باشترین بارودۆخی پەیوەندییەکانیدا بێت، لەو رووانگەیەوە کەوا کورد خاوەن دۆزی نەتەوەیی و سیاسییە، نەک وەکو هەندێک هێزی دیکە کە تەنها ئامانجیان بەدەستهێنانی چەند کورسییەک و بەشداریی حکومەتە بۆ دەستکەوتی کاتی.