ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران دژی چالاکوانانی ژن ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: تەرانە ڕەحیمی تەمەن ٢٠ ساڵ و دەستبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی کانوونی دووەمی گەلانی ئێران کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە و بەهۆی تێکچوونی سەختی باری تەندرووستییەوە لە زیندانی دەوڵەتئابادی ئەسفەهانەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دۆخی تەندرووستیی زۆر ناجێگیرە.
باس لەوەشکراوە، تەرانە ڕەحیمی پێشتر لە کاتی ئەشکەنجەداندا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ قاچ و پەراسووەکانی بریندار بوون، دواتر گوایە لە پلیکانەکانی گرتوخانەکە کەوتووەتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان گرنگییان بە برینەکانی نەداوە و بەهۆی نەبوونی پزیشکیش لە نەخۆشخانەی ناو زینداندا چارەسەری پێویستی بۆ نەکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی بەردەوامیی خوێنبەربوونی لووتی و ناڕەزایەتیی توندی زیندانییانی دیکە بەرانبەر بە کەمتەرخەمیی بەرپرسان، ناوبراو ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراوە.
لە لایەکی دیکەوە و لە دۆسیەیەکی جیاوازدا، مەحبووبە ڕەحمانی دانیشتووی شاری پەردیس لەلایەن لقی ٢٥ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیبراهیمی بە تۆمەتی “چالاکیی دژی دەوڵەت” سزای یەک ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە.




