وانگاری ماتای... خەباتێکی ژنانە لەنێوان پاراستنی زەوی و ماف و ئازادییەکاندا

وانگاری ماتای چالاکوانی کینیایی، چاندنی درەختی کردە بەرخۆدانێک دژی وێرانکاری ژینگە و پیاوسالاری و ڕابەرایەتی خەباتی ژنان کرد، تا لە ساڵی ٢٠٠٤ ببێتە یەکەم ژنی ئەفریقی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.

وانگاری ماتای... خەباتێکی ژنانە لەنێوان پاراستنی زەوی و ماف و ئازادییەکاندا

ناوەندی هەواڵ

لە جیهانێکدا، کە قەیرانە ژینگەییەکان تێکەڵ بە ململانێی دەسەڵات و ماف و ئازادیەکان بوون، ژنان سەریان هەڵداوە کە بەرگریکردن لە سروشتیان کردووە بە جۆرێک لە بەرخۆدان و خەبات بۆ گۆڕانکاری، وانگاری ماتای کینیا یەکێک بوو لە دیارترین کەسایەتییەکان.

وانگاری ماتای لە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری نێری کینیا لەدایک بووە و یەکەم ژن بووە لە ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەفریقا کە بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە، ئەو بەربەستەکانی زاڵ بوو کە لەلایەن باڵادەستی پیاوانەوە لە بواری ئەکادیمیادا سەپێندرابوو تێپەڕاند، بەڵام خەباتەکەی لە دیوارەکانی زانکۆ زیاتر درێژبووەوە، چونکە شەڕێکی دژی ئەو لەناوبردنی ژینگە و پەراوێزخستنەی کە ژنان لە ناوچە گوندنشینەکاندا تووشی بوون لە سەردەمی دوای داگیرکاریدا ئەنجامدا.

لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چەوساندنەوەی بازرگانی دارستانەکان بووە هۆی وشکبوونەوەی ڕووبارەکان و تێکچوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئەمەش ئازارەکانی ئەو ژنانەی زیاتر کرد، کە بۆ بژێوی ژیانیان پشتیان بە کشتوکاڵ بەستبوو، بە ناچاری مەودای دوور و درێژیان بڕی بۆ ئەوەی بە دار و ئاوی پاک بگەن.

لە بەرامبەر ئەم ڕاستیەدا، وانگاری ماتای لە ساڵی ١٩٧٧دا بزووتنەوەی پشتێنەی سەوزی دامەزراند، بە بەکارهێنانی نەمام چاندنی وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێکچوونی ژینگە و پێشخستنی بەهێزکردنی ژنان.

لە نەمامچاندنەوە بۆ بەرخۆدانی سیاسی

بزووتنەوەکە بە ڕاهێنانی ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان بۆ بەرهەمهێنانی نەمام و چاندنی نەمام دەستی پێکرد، بەڵام بە خێرایی گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی ڕێکخراوی ژنان کە ڕووبەڕووی لەناوبردنی ژینگە و سیاسەتەکانی ڕژێمی پاوانخوازی دانیال ئاراپ مۆی بووەوە، هەر نەمامێک کە لەلایەن ژنانەوە چێندرابوو، تەنها هەنگاوێک نەبوو بۆ پاراستنی خاک لە داڕمانی زەوی، بەڵکو ئامرازێک بوو بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابوورییان و چەسپاندنی بوون و متمانە بەخۆبوونیان لە ژیانی گشتیدا.

بۆ وانگاری ماتای، چاندنی نەمام تەنها چالاکیەکی ژینگەیی نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە خەباتێکی فراوانتر بۆ دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ، چەندین جار ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستگیرکردن و هەڕەشەی پۆلیس بووەوە بەهۆی سەرکردایەتیکردنی ناڕەزایەتییەکان دژی دروستکردنی باڵەخانەیەکی بەرز لە پارکەکەی ئوهورو لە نایرۆبی و بەهۆی بەشداریکردنی لە مانگرتن لە خواردن لەگەڵ دایکانی زیندانییە سیاسییەکان، سەرەڕای سەرکوت و هەڕەشەکان، بێ لەرزین درێژی بە خەباتی خۆی دا.

خەباتێک کە لە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا گەیشتە لوتکە

لە ڕێگەی هەوڵەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی پشتێنەی سەوز، وانگاری ماتای بەشداری کرد لە چاندنی زیاتر لە ٥٠ ملیۆن نەمام لە سەرانسەری ئەفریقا، لە ساڵی ٢٠٠٤ خەباتەکەی بە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی گەیشتە لوتکە وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشدارییەکانی لە پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام و دیموکراتی و ئاشتی، کە بەمەش بووە یەکەم ژنی ئەفریقایی کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

وانگاری ماتای لە ساڵی ٢٠١١ کۆچی دوایی کرد، بەڵام میراسەکەی زۆر زیاترە لەو ملیۆنان نەمامەی کە چاندویەتی، میراسێک کە بەرجەستەی پێکەوەگرێدانی ژینگەپارێزی و ڕزگاری ژنان و دژە داگیرکاری و بەرگریکردن لە مافە دیموکراتیەکان بەرجەستە دەکات و بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بەو ژنانەی کە پاڵەوانی خاک و خودی ژیانن.