ژنانی گوندی کاکۆسفلی هونەرمەندانی لەبیرکراون

ژنانی گوندی کاکۆسفلی لە دێهگولان سەرقاڵی فەرش چنین و باس لەوەدەکەن سەرباری ئەوەی کارەکەیان سەختە بەڵام بە ئەندازەی کارەکەیان شایستەکەی وەرناگرنەوە.

 

هیما راد

سنە- کاکۆسفلی، یەکێکە لە دوایین گوندەکانی دێهگولان لە دەوروبەری پارێزگای کرماشانە کە ئەمساڵ خەڵاتی نەتەوەیی چنینی گوڵیان وەرگرتووە، لەم گوندە لە هەموو ماڵەکاندا فەرش هەیە و ژنانیش سەرقاڵی چنینن.

ژنان بەردەوام خەریکی کاری چنین و نەخشی فەرشەکانن، بەڵام گلەیی لە نەبوونی بیمە و شوێنی دروست و فرۆشتنێکی دادپەروەرانەی فەرشەکانیان دەکەن و دەڵێن سەرەڕای زەحمەتی و هەوڵەکانیان نرخی فرۆشتنی فەرشەکان قەرەبووی ماندووییەکانیان ناکاتەوە.

 

ئاژانسی نوژنها چووه گوندی کاکۆسفلی و له نزیکەوه لەگەڵ ژنانی زەحمەتکێشی گوندەکە دووا کە بە جلی کوردییەوە پێشوازییان لێکردین.

 

ئامینە عیزەت یەکێکە لە ژنانی زەحمەتکێشی گوندەکە، فەرشە سەرنجڕاکێشەکانی نیشانداین کە خۆی چنیبوونی، باسی لەوەکرد ئەو پێیخۆشە دوکانێک بکاتەوە تیایدا کارەکانیان نمایش بکەین چونکە تائێستا ژنان تەنها لە ماڵەکانیاندا کارەکانیان ئەنجامدەدەن.

ئامینە عیزەت باسی لە ژنێکی دیکەی گوندەکەیان دەکرد بە ناوی ڕۆژین، ڕۆژینیش باسی لەوەکرد ژنان بە چەندین قەبارە و نەخشی جیاواز فەرشەکان دەچنن "نزیکەی مانگێکە فەرشێکی بە قەبارەی مەترێک و شەست سانتیمەترم چنیووە، بەڵام ناتوانم بە نرخێکی گونجاو بیفرۆشم بۆ قەرەبووکردنەوەی هەوڵەکانم، هیچ کەس و شوێنێک نییە نرخی جێگیریان پێبدات و کڕیارەکانیش ئەو نرخانەی دەیدەن زۆر کەمە و دواتر و بە قازانجی زیاتر دەیفرۆشنەوە بۆخۆیان."

 

دایە کوبرا ژنێکی دیکە گوندەکەیە کە ٤٠ ساڵە بە کاری چنینی فەرشەوە سەرقاڵە و لە دایکییەوە فێری فەرش چنین بووە، پێی وتین کە دەستەکانی لەپێناو ئەو ئیشەدا داناوە بەڵام نەبووە خاوەن داهاتێکی شایستە، بۆیە حەزم نەکرد منداڵەکانیشم هەمان ڕێچکەی من بگرن.

 

فاتمە کچی دایە کوبرایە و بەدەم فەرش چنینەوە باس لە کارەکەی دەکات و پێی وتین ئەو فەرشەی کە دەیچنێت ناوی "هەرەم باف"ە.

 

ت.پ