مهاباد، ژنان بە نانکردن چەرخی ژیانیان هەڵدەسوڕێنن

گوندی بێوران، ناوچەیەکی گەشتیاری و گوندێکی سەر سنورە، ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێرانەوە ڕووی تێدەکەن و ژنانیش بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان بە دروستکردنی نان و خواردنی کوردەوارییەوە سەرقاڵن.

 

ڕۆژین محەمەدی

مهاباد- گوندی بێورانی سەردەشت سەرسنورە لەگەڵ باشوری کوردستان، ڕێگەی دەروازەی کێلێ بە گوندەکەدا تێدەپەڕێت و سروشتێکی جوان و ناوچەیەکی گەشتوگوزاری هەیە، کە زۆربەی هاوڵاتیانی سەردەشت و شارەکانی دیکەی ئێران بۆ پشوودان و گەشتوگوزار ڕوودەکەنە ناوچەکە.

 

ژنانی گوندی بێوران بە درێژایی ڕێگەکە جێگەی نان دروستکردنیان داناوە و چەندین جۆری ناوەشکێنە، نان و کەلانەی کوردی دروستدەکەن و بە گەشتیار و سەردانیکارانی دەفرۆشن، ژنانی گوندەکە بە تەمەنە جیاوازەکانەوە سەرقاڵی نانکردنن و لە خەمی دابینکردنی بژێوی ژیانیاندان.

 

ئاژانسی نوژنها لەگەڵ پیرۆزە محەمەدی دووا کە سەرقاڵی نانکردن بوو

پیرۆزە محەمەدی تەمەنی ٣٠ ساڵە، ١٢ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ دایکیدا دەستی بەم کارە کردووە، دوایی کۆچی دوایی دایکیشی، لەگەڵ ژنێکی دیکەی گوندەکەدا بە ناوی ڕیحان دەستیان بەکارکردن کردووە، پیرۆزە محەمەدی دەڵێت: من کارەکەمم خۆش دەوێت و کڕیارێکی جیاوازم هەیە، لە ڕێگەی کارەکەمەوە بژێوی ژیانی خێزانەکەم پەیدا دەکەم، کار لەم گوندەدا بۆ من باش بووە و کڕیارێکی زۆرم هەیە".

 

پیرۆزە باس لە کارەکانی دەکات و وتی: ئێرە شوێنێکی گەشتیارییە و هاتووچۆیەکی زۆری لەسەرە، لە هەموو شارەکانەوە سەردانی ئێرە دەکەن و خواردنە کوردەوارییەکانی وەک شۆربا و کولیچە، کەلانە، نانی خۆماڵی و نانی ساج و چەندین جۆری دیکە دروستدەکەین تا بیانفرۆشین و بژێوی ژیانمان دابین دەکەین.

 

ت.پ