ژنانی دێرەزوور ڕووبەڕووی دۆخی سەختی ژیان دەبنەوە

پیشەسازی دروستکردنی گسکی پوشی دەستی، یەکێکە لەو کارە دەستییە کۆنانەی کە تا ئەمڕۆ ژنان بە زیندووی هێشتوویانەتەوە، ئەمڕۆ لەنێو هەلومەرجی سەختی ژیاندا یەک ڕێگایە بۆ گەیشتن بە بژێوی ژیان.

 

زەینەب خەلیف

دێرەزوور- هەرچەندە ساڵانێکە گسکە پلاستیکییەکان دروستکراون، بەڵام ژنانی دێرەزوور لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پارێزگارییان لە کلتوری خۆیان کردووە و دانیشتوانی ناوچەکەش گسکە پوشەکانیان لەوانی دیکە پێ باشترە.

 

هودا ئەلئەسوەد، سەرقاڵە بە چەپکە پووشێکەوە تا بیگۆڕێت بۆ میراسێک کە چەندین ساڵە لەلایەن داپیرانییەوە دروستدەکرێت و دەکرێتە گسکی دەستی تا کاروباری ڕۆژانەی پێ بەڕێ بکرێت، هودا دانیشتووی گەڕەکی ئەلمەقسەمە و دەربارەی دروستکردنی گسکەکان دەڵێت: سەرقاڵی پیشەسازی دروستکردنی گسکی دەستیم، ئێمە لە زەوییەکانماندا دەیانڕوێنین و دواتر کۆیان دەکەینەوە و گسکیان لێدروست دەکەین.

 

هودا ئەلئەسوەد لە ڕۆژێکدا چوار گسک دروستدەکات و هەریەکێکیان نزیکەی دوو کاتژمێر دەخایەنێت هەتا دەیچنێت و دەیدورێتەوە بە پەت و ئامادە دەبێت بۆ فرۆشتن، ئەم کارە هەرچەندە سەختی خۆی هەیە، بەڵام ژنانی دێرەزوور بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بە دروستکردن و فرۆشتنەوەی گسکی پوشی دەستییەوە خەریکن.

 

ت.پ