ژنان لە هەوڵدان بۆ فێربوونی کاری هەنگەوانی

هەرچەندە کاری هەنگەوانی و بەرهەمهێنانی هەنگوین کارێکی زەحمەتە بەڵام ژنان لە هەوڵی فێربوونیدان و بەشێکیان شارەزاییان پەیداکردووە و سەرقاڵی کاری بەخێوکردنی هەنگن و ساڵانە بەشداری دەکەن لە ڤیستیڤاڵی هەنگەوانی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە ڤیستیڤاڵی هەنگەوانییەکەی شاری سلێمانی کە ڕۆژی ١٤-١٨ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، ژمارەیەک ژن بەشداریان تێداکرد کە کاری هەنگەوانیان دەکرد یاخود هاوکارێکی سەرەکی خێزانەکانیان بوون بۆ کاری هەنگەوانی، ئەم ژنانە پێیان وابوو ژن و پیاو هیچ جیاوازییەکی نییە، بۆیە دەکرێت هەر کارێک ئەگەر قورسیش بێت ژن ئەنجامی بدات بە مەرجێک هەوڵی بۆ بدات و خولیای فێربوونی بێت.

 

"ژنێکی هاوڵاتی پێنجوێن شارەزایی لەسەر هەنگ و هەنگەوانی هەیە"

فەریدە محەمەدی تەمەن ٣٧ ساڵ، لەگەڵ باوکی و هەردوو براکەی سەرقاڵی کاری هەنگەوانین، لە ساڵی ٢٠٠٦ وە ئەم خێزانە لە باخی خۆیاندا لە گوندی ئیسماعیل ئاوای سەر بە پێنجوێن سەرقاڵی کاری هەنگەوانین.

 

باسی لەوەکرد بۆ بەخێوکردنی هەنگەکان و بەرهەمهێنانی هەنگوین زۆر زەحمەتی دەبینن چونکە جێگەی بەخێوکردنی هەنگەکانیان دوورە لە ناو شارەوە، هەروەها پێویستە لە مانگی چوارەوە ئاگاداری هەنگەکان بن تووشی هیچ جۆرە ڤایرۆسێک نەبن، چونکە ساڵانە یەک جار هەنگوین پێدەگات و یەک جاریش دەبێت بیبڕی بۆیە بەخێوکردنی زۆر زەحمەتە.

 

فەریدە لە درێژەی قسەکانی وتی: "ئەو کەسەی کاری هەنگەوانی بکات خولیای بۆی هەیە، چونکە کارێکی زەحمەتە، ژن هەیە خۆی هەموو هەنگاوەکانی بەرهەمهێنانی هەنگوین ئەنجام دەدات بێ بوونی هاوکاری هیچ کەسێک، هەروەها داوا لە ژنان دەکات ئەگەر خولیایان هەیە بۆ فێربوونی کاری هەنگەوانی ئەوا پەرەی پێبدەن و خۆیانی تێدا بدۆزنەوە و لە ڕێی دەورە و کتێبی تایبەتەوە شارەزایی کۆبکەنەوە".

 

ئاماژەی بەوەشدا هاوڵاتیانی کوردستان ئەوەندەی هەنگوینی ناسروشتی بەکارهێناوە سیقەیان بە هەنگوینی سروشتی نەماوە هەمیشە وا دەزانن سروشتی نییە، بۆیە فەریدە داوا لە هەنگوین فرۆش و هەنگەوانەکان دەکات بە دڵ و ویژدان کاری خۆیان بکەن، هەر کەسێکیش کڕیاری هەنگوینە پێشتر تامی بکات تا ڕاستی سروشتی و ناسروشتیبوونی هەنگوینەکەی بۆ دەربکەوێت.

 

"تامی هەنگوین پشت دەبەستێت بەو گوڵەی شیلەکەی لێوەردەگرێت"

ڕۆژان ئیبراهیم، وەک ژنێک لەگەڵ باوکی کاری سەرپەرشتی بەخێوکردنی هەنگ دەکات، ساڵانە لە ڤیستیڤاڵی هەنگەوانییەکەدا بەشداری دەکەن و هەنگوینەکانیان پێشکەشی هاوڵاتیان دەکەن، ئەو هەنگوینانەی ئەم کچ و باوکە بەرهەمی دەهێنن هی چەندین ناوچەیە وەک شاخی هاربڕ لە پێنجوێن، هەنگوینی شارباژێڕ و قەندیل.

 

تام و بۆنی هەروەها ڕەنگی هەنگوین پشت دەبەستێک بە جۆری گوڵەکە و ئەو سروشتەی لێوەی بەرهەم دێت، بۆ نمونە هەنگوین هەیە تامێکی تاڵی تێدایە چونکە شیلەی گوڵی "تاڵیشک" وەردەگرێت زیاتر بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت نەخۆشی شەکرەیان هەیە و پێویستیشە هەنگوین بخۆن.

 

ت.پ