ژنان هێزی سەرەکین لە بە جیهانیبوونی بازاڕی ئۆنلایندا

بازاڕی ئۆنلاین لە ساڵی ٢٠٢١ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و هەموو ساڵێک بە ڕێژەی ٪٣٠-٣٩ زیاد دەکات، ژنانی گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ٢٢-٤٤ ساڵیدایە زۆرینەی ئەو ڕێژەیە پێکدەهێنن، لە جیهاندا زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن کەس بەشداری لە دروستکردنی بازرگانی تایبەت بە خۆیان دەکەن.

بازاڕی ئۆنلاین لە ساڵی ٢٠٢١ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و  هەموو ساڵێک بە ڕێژەی ٪٣٠-٣٩ زیاد دەکات، ژنانی گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ٢٢-٤٤ ساڵیدایە زۆرینەی ئەو ڕێژەیە پێکدەهێنن، لە جیهاندا زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن کەس بەشداری لە دروستکردنی بازرگانی تایبەت بە خۆیان دەکەن.

 

بێریڤان کەمال

سلێمانی- لە چەند دەیەی ڕابردوودا گواستنەوەیەکی خێرا بەرەو بە دیجیتاڵی بوونی ئابووری ڕوویداوە، ئابووری دیجیتاڵی و بازرگانی ئەلیکترۆنی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە گەشەسەندنی وڵاتانی جیهان، کە تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن گەشەی کردووە و ڕۆڵی گرنگی بینیووە لە بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا.

 

ئابووری دیجیتاڵی واتە مامەڵە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی بەڕێوەدەبرێن لەسەر ئینتەرنێت، قەبارەی ئابووری دیجیتاڵی لە نێوان ٪٤.٥-١٥.٥ لە جیهاندا گەشەی کردووە، بەشی دیجیتاڵی تایبەت بە خزمەتگوزاری گواستنەوە و گەیاندنی کاڵا و بەرهەمەکان بەرزبووەتەوە بە ڕێژەی ٪٤٥ بۆ ٪٥٢ لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٩، ئەم ڕێژەیەش نا یەکسانە لە نێوان وڵاتاندا کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان خێراتر و بەرفراوانترە وەک لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان.

 

بازرگانییە بچووکەکان لە سەرانسەری جیهاندا پلاتفۆرمی دیجیتاڵی وەک ئی بەی، ئەمازۆن، فەیسبووک، عەلیبابا بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ کڕیارەکان و وەبەرهێنەرەکان لە وڵاتانی دیکە بەکاردەهێنێت کە توانیوویەتی سنوورەکانی بازاڕکردن و بازرگانی فراوانبکات. 

ڕێژەی "بازرگانی تاکفرۆشی" واتە ئەو بازرگانیانەی لەلایەن تاکەکانەوە ئەنجامدەدرێت لە جیهاندا خەمڵاندنی بۆکراوە کە ئەو ڕێژەیە ٪١٠.٤ لەساڵی ٢٠١٧ بۆ ٪١٤.١ لەساڵی ٢٠١٩ زیادیکردووە، ئەم خەمڵاندنە لەلایەن ئیمارکتەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە کە کۆمپانیایەکی توێژینەوەی بازاڕە تێڕوانین و ئاراستەکانی پەیوەست بە بازاڕکردنی دیجیتاڵی و میدیا و بازرگانی دابین دەکات.

 

تاکەکان ڕاستەوخۆ بەشداری بە جیهانیبوونی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی دەکەن بۆ فێربوون و دۆزینەوەی کار و نمایشکردنی بەهرەکانیان و دروستکردنی پەیوەندییە کەسییەکان، نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن کەس پەیوەندی نێودەوڵەتیان هەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ کەسانێک کە لە وڵاتانی دیکە دەژین، ٣٦٠ ملیۆن کەس بەشداری لە دروستکردنی بازرگانی تایبەت بە خۆیان دەکەن.

 

نڤار عومەر ژنێکی گەنجە، تەمەنی ٢٤ ساڵە، بەڕێوەبەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی یەکێک لە کۆمپانیاکانە و هەروەها لە بواری بازاڕی ئۆنلاین کاردەکات و کارێکی تایبەت بە خۆی دامەزراندووە، لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باس لە گەشەسەندنی بازاڕی ئۆنلاین لە کوردستان دەکات و گرنگی هێزی کاری ژنان و سەربەخۆبوونیان لەو بوارەدا دەخاتەڕوو.

 

زیادبوونی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەهۆی بازاڕە ئۆنلاینەکانەوە

زیادبوونی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن تاکەکانی جیهانەوە بەڕێژەی ٪٢٩.٣ لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٪٥٣.٦ لە ساڵی  ٢٠١٩ مەزەندە دەکرێت.

 لێشاو و چڕی داتا لەسەر ئینتەرنێت لە نزیکەی ١٠٠ گێگابایت لە چرکەیەکدا لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٨٨٠٠٠ گێگابایت بۆ هەر چرکەیەک لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ زیادی کردووە، پاشان بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ماوەی  ئەو ساڵەدا لێشاوێکی زۆر لە بەکارهێنانی ئینتەرنێتدا بەدەیکرا بەهۆی: کارکردن بە ئۆنلاین، کۆنفرانسی ڤیدیۆیی، خول و بەرنامەی ئۆنلاینی تایبەت، ژمارەکان ئێستا خەمڵێنراوە بۆ زیاتر لە ١٠٠،٠٠٠ گیگابایت لە چرکەیەکدا.

 

زیادبوونی بازاڕی ئۆنلاین بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا زاڵ بوو بەسەر گەشەسەندنی ئابووری جیهانیدا، ڕێگریکردن و سنووردارکردنی چالاکییەکانی هاوڵاتیان بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی لە زۆربەی کەرتەکان و زۆربەی وڵاتان چالاکی ئابووری کەمکردەوە، و هاوسەنگی بازرگانی نێودەوڵەتیشی گۆڕی کە هاوردەکردنە نەریتییەکانی تێکدا و پاڵەپەستۆی زیاتری خستووەتە سەر هۆکارەکانی گواستنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان.

 

دەربارەی گەشەسەندنی بازاڕی ئۆنلاین، نڤار عومەر ئاماژەی بەوەدا دوو سەردەم هەیە سەردەمی پێش کۆرۆنا و سەردەمی دوایی کۆرۆنا و وتی: "خەڵکی بەهۆی ئەوەی لە ماڵەوە دەمانەوە و ئاستەنگی هاتوچۆ هەبوو بازاڕی ئۆنلاینیان بەکاردەهێنا بۆ داواکردنی پێداویستی و شتومەکەکانیان وەک ئاسانکارییەک، ئەمەش وای لە خەڵک کرد سوود لە سەردەمی گەشەسەندنی بازاڕی ئۆنلاین ببینن و سوود لەو کاتە ببینن کە لە ماڵەوە بوون و دەستیان بە توێژینەوە و گەڕان کرد و هەوڵیاندا بە بیرۆکەی نوێ و تازەگەرییەوە بازرگانی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن، هەر بۆیە کۆمەڵێک خاوەنکاری بە توانا لە ناو کورد دەرکەوتن."

 

لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە کاتێکدا کە پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا بڵاوبووەوە، گرێبەستی بازرگانی جیهانی بە ڕێژەی ٪٣.٥ و وەبەرهێنانی جیهانی بە ڕێژەی ٪٦ کەمبوویەوە، ئابووری جیهانی بە ڕێژەی ٪٤ کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ڕێژەی بازرگانی جیهانی لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٠ بە نزیکەیی ٪١٨ دابەزیووە بە بەراورد لەگەڵ هەمان مانگ لە ساڵی ٢٠١٩.

 

ڕاستگۆی خاوەنکارەکان بنەمای بازرگانییەکی سەرکەوتووە

نڤار عومەر وەک خاوەنکارێکی سەرکەوتوو باسی لەوەکرد کە هەر کارسازێک دەتوانێت سوود لە بازاڕی ئۆنلاین ببینێت بۆ پێشخستنی بیرۆکەکەی، و وتی: " کارسازەکان دەتوانن سەرەتای بیرۆکەی کارکردنیان بە ئۆنلاین دەستپێبکەن، چونکە ئاستەنگییەکانی بەردەمی کەمترن و تێچوویەکی کەمتری دەوێت و هەر کەسێک لە ماڵەکەی خۆیدا ئەنجامی دەدات و دەشتوانێت کاڵاکانی لە سنوورێکی فراوانتردا بە خەڵکی بناسێنێت."

 

دەربارەی لەدەستدانی متمانەی کڕیار بە بازاڕی ئۆنلاین ئاماژەی بەوەدا، کە ڕاستگۆی یەکەم بنەمای بازرگانییەکی سەرکەوتوو و دروستکردنی کڕیاری هەمیشەییە "گەڕاندنەوەی متمانە بە بازاڕی ئۆنلاین وەستاوەتە سەر خاوەنکارەکان کە سەرەتا دەبێت خۆیان کاڵاکان بکڕن و دڵنیاببنەوە لە کوالیتییەکەی و هەر کەموکورتییەک لە کاڵاکەدا هەبێت پێویستە پێشوەختە کڕیاری لێ ئاگاداربکەنەوە، پاشان چەندین شێوازی تازە بگرنەبەر بۆی کوالیتی بەرهەمەکانیان نیشانی کڕیار بدەن و دڵنیایان بدەنێ لە هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو کاڵایەی کە ئەوان دەیکڕن کە بە چ شێواز و ڕەنگێکە نەک تەنها ڕەسمێک لە ماڵپەڕە جیهانییەکانەوە بهێنن و بڵاوی بکەنەوە."

 

هەروەها باسی لەوەکرد دانانی کاڵاکان لە "بنکەی فرۆشتن" کە گۆشەیەکی بچوکی فرۆشگایەک، کافتریایەک یاخود هەر شوێنێکی دیکەیە دەتوانێت یارمەتی خاوەنکارەکان بدات کە لەڕێگەیەوە کوالیتی و تایبەتمەندی بەرهەمەکانیان نیشانی کڕیار بدەن.

 

ژنانی گەنج هێزی سەرەکین لە بازاری ئۆنلاین

دەستپێشخەریی بازرگانیی ئەلیکترۆنی جەختدەکاتەوە لەسەر تواناسازی و گەشەسەندنی کارامەیی بۆ ژنان، چونکە بە شێوەیەکی گشتی ڕووبەڕووی جیاکاری ڕەگەزی دەبنەوە لە کارکردندا، بە پێی ئەو ڕاپرسیانەی کە کراوە بازاڕی ئۆنلاین لە ساڵی ٢٠٢١ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و  هەموو ساڵێک بە ڕێژەی ٪٣٠-٣٩ زیاد دەکات، ژنانی گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ٢٢-٤٤ ساڵیدایە زۆرینەی ئەو ڕێژەیە پێکدەهێنن.

 

نڤار عومەر وتی: "بە خۆشحاڵییەوە زۆربەی ئەو خاوەنکارانەی بە شێوازی ئۆنلاین کاردەکەن ژنانی گەنجن، کە  لە ماڵەوە بەو ئامڕازانەی لە بەردەستیاندایە توانیوویانە کارێکی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن لە بری ئەوەی هەموو ڕۆژێک لە چاوەڕوانی ئەوەدا بن کارێکیان دەستبکەوێت."

 

ئەو داوای لە ژنانی دیکەش کرد کە ڕۆژانە لەسەر ئینتەرنێت لە ماڵپەڕەکان گەڕان و توێژینەوە ئەنجامبدەن و زانیاری کۆبکەنەوە، چونکە بازرگانییەکی ئۆنلاین لە هەر بوارێک کە تیایدا شارەزاییان هەبێت دەتوانێت خزمەت بە ژنان بکات کە خۆیان بەڕێوەبەری بن و بەردەوام نوێگەری تیابکەن.

 

 لە دیدی نڤار عومەردا "بازرگانی ئۆنلاین دەتوانێت سەربەخۆییەک بە ژنان ببەخشێت، نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕووی کاتی کارکردن و شێوازی هەڵسوکەوت و جلوبەرگیشەوە خۆیان دەبنە بەڕێوەبەر و خاوەن بڕیاری خۆیان، دواتر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کارەکەیاندا دەتوانن هەلی کار بۆ هاوڕێکانیان و ژنانی دیکەش بڕەخسێنن، ڕاستە ئاسان نیە، بەڵام بە باوەڕبەخۆبوون و هەوڵدان دەتوانن سەرکەوتوو ببن."

 

ت.پ