"ئاسودەیی ژنان لەگەڵمدا وادەکات لە کارەکەم بەردەوام بم"

لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر ژن لە شارۆچکەی سەیدسادق خاوەنکاری خۆیانن، تا لەڕووی مادییەوە لەسەر پێیەکانی خۆیان بوەستن، ئەو ژنە گەنجانە دەڵێن کارکردنی ئێمە ئاسودەی دەدات بە ژنانی دیکەش.

 

ئاسودە محەمەد

شارەزوور- ژنانی گەنج بە دەستبەکاربوونیان توانیویانە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و بژێوی ژیانی خۆیان دابینبکەن، بەتایبەت کارکردنیان لە فرۆشگاکاندا ئاسوودەیی لە مامەڵەکردن بە ژنانی دیکەش دەبەخشن.

 

ژنانی گەنج بۆ نوژنها دەدوێن و باس لە کارەکانیان دەکەن، وەک کوردستان جەمال، کە ماوەی چوار ساڵە لە فرۆشگایەکدا کاردەکات، ئەو یەکەم ژنە لە شارۆچکەی سەیدسادق کە لە بازاڕدا فرۆشگای هەبێت، دەشڵێت لە سەرەتادا وەک شاگرد کاریکردووە، بەڵام کاتێک شارەزایی لە بازاڕی کاردا بەدەستهێناوە ماڵەوە پاڵپشتیانکرد و ئێستا خاوەن فرۆشگای خۆیەتی.

 

کۆژین حەمەساڵح، دەرچوویەکی کۆلێژی ئەندازیارییە، خەونی هەبوونی کارێکی هەبووە لە بواری خۆیدا بەڵام دەرفەتی نەبوو، لە ئێستادا لە فرۆشگایەکدا کاردەکات و بە هەبوونی کارەکەی دڵخۆشە، دەشڵێت: "کارەکەم لە بواری ماددی و مەعنەوی پاڵپشتمە".

 

سەیران محمد، خاوەن فرۆشگایەکی بچوکە کەپاڵپشتێکی گەورەیە بۆی، وەک خۆی دەڵێت: "ڕۆژانە چەندین ژن دەستخۆشیم لێدەکەن و داوام لێدەکەن بەردەوام بم، لەگەڵ من زۆر بە ئاسودەیی ئەوەی دەیانەوێت دەیکڕن".

 

کەوسەر برزو لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەی ژنیدا کارمەندن لە فرۆشگایەک کە ژن بەڕێوەی دەبات، کەوسەر برزو هەم خۆی بە کارەکەی ئاسودەیە هەم ئەو ژنانەی پێداویستیەکانی خۆیانی لادەکڕن، وەک خۆی دەیهێنێتە زمان ئەم ئاسودەییەش وادەکات بەردەوامبێت لە کارکردنی .

 

شارۆچکەی سەیدسادق لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا کارکردنی ژنان تێیدا دەستیپێکرد، گەرچی لە سەرەتادا شتێکی نامۆ بوو، بەڵام ئێستا ژنان بەشێکی گرنگی بازاڕی ئەو شارەن.

 

ت.پ