ژنان بە کارکردن لە بوارە جیاجیاکاندا بژێوی ژیان بەدەستدەهێنن

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان، ژنان هەوڵ دەدەن پشت بەخۆیان ببەستن و سەربەخۆیی ئابووری خۆیان بەدەستبهێنن.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی بوارە جیاجیاکان توانیان کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و چەمکەکان بشکێنن کە زۆرێک لە کارەکان تایبەت بوون بە پیاوان، بەڵام زۆرێک لە کارگەی خۆراک و کۆمپانیا بازرگانی و پیشەسازییەکان بەشدار بوون لە دابینکردنی هەلی کار بۆ زۆرێک لە ژنان، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری و تایبەت بە خۆیان.

 

کرێکارانی ژن لە کارگەی بەرهەمهێنانی ئایسکرێمی ڕەنگاوڕەنگ لە کانتۆنی ڕەققە پشتڕاستیان کردەوە کە کردنەوەی کارگەی پیشەسازی و خۆراک بووەتە بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەوان لەناو کەرتە پیشەسازییەکان کە پێشتر تایبەت بوو بە پیاوان.

 

لە وەرزی هاویندا لە نێوان پلەی گەرمی بەرزدا کارگەکان بە دروستکردنی جۆرەها ئایسکرێمی سارد دەست بە کارەکانیان دەکەن، لەوانە کارگەی بەرهەمهێنانی ئایسکرێمی ڕەنگاوڕەنگ لە کانتۆنی ڕەققەی ڕۆژهەڵات کە دوو ساڵ لەمەوبەر کرایەوە و ٣٠ کرێکاری ژن کاری تێدا دەکەن.

 

وەزحا صالح، یەکێک لە ژنە کرێکارەکان و وتی: کاتێک گوێم لە کردنەوەی کارگەیەکی ئایسکرێم بوو لەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژیم، بڕیارمدا بەشداری بکەم بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی ماڵەوە و پشت بە خۆم ببەستم، من بەیانیان کار دەکەم، هەریەکەمان کارێکی بۆ دیاری کراوە، بەو پێیەی دروستکردنی ئایسکرێمی ڕەنگاوڕەنگ پێویستی بە چەندین هەنگاو هەیە.

 

"دروستکردنی ئایس کرێم چەند هەنگاوێکی هەیە"

سەبارەت بە هەنگاوەکانی دروستکردنی ئایس کرێم ڕوونیکردەوە، دوای تەواوکردنی کاری دروستکردنی مادەی ئایسکرێمەکە، تام و ڕەنگی بۆ زیاد دەکەن و دواتر دەیگوازنەوە بۆ سەر ئامێری ڕۆیشتنی کارەبایی بۆ دانانی مادەکە و بڕینی قاڵبی تایبەت، پاشان قۆناغی پاکەتکردن دێت لەگەڵ ئەو کیسە دەرەکیانەی کە بۆی دیاریکراون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی کارکردنیدا ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە، سەرەڕای بەسەربردنی کاتژمێری زۆر لە شوێنی کارەکەی و بەرگەگرتنی پلەی گەرمی بەرز لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئامێری کارەبایی بۆ ماوەیەکی زۆر، بەردەوام دەبن لە کارەکانیان لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی، وتیشی: کارگەکە تاکە کارگەیە لە ناوچەکەدا کە هەموو جۆرە ئایسکرێمێک بە نرخێکی گونجاو دروست دەکات، ئەمەش خواستی هاوڵاتیانی زیاد کردووە.

 

"دابونەریت هەوڵی سستکردنی ڕۆڵی ژن لەناو بواری کاردا دەدات"

وەزحا صالح دووپاتی کردەوە، لە ئەنجامی داب و نەریت و تێڕوانینە هەڵەکان، ژنان لە مافەکانی کارکردن بێبەشکراون و هەندێک کار تایبەتکراوە بە پیاوان، لە کۆمەڵگەدا ژنێک لە دەرەوە کار بکات لۆمە دەکرێت، بەڵام ژنان لە هەوڵدان نەوەستاون هەر بۆیە ئەمڕۆ ژنان توانیویانە ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن و بەشداری لە کاردا بکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بوونی ئەم جۆرە کارگانە گرنگی خۆی هەیە لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان، وتی: هیوادارم کارگە و وۆرکشۆپەکانی تایبەت بە ژنان لە هەرێم بکرێنەوە بۆ گرنگیدان لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و پیشەسازی و بازرگانی، پێویستە هەموو ژنان پشت بەخۆیان ببەستن و لە هەموو بوارەکاندا کاربکەن بۆ ئەوەی ئەوئەقڵیەتە بشکێنن کە هەندێک کار تایبەت دەکەن بە پیاوان، چونکەژنان بەهێزن و توانایان هەیە، بە ئیرادەی خۆیان دەتوانن هەموو جۆرە پیشەیەک فێرببن.

 

"لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەم کار دەکەم"

بەرائەت شەلەبی، ئاماژەی بەوەدا لە ئەنجامی بارودۆخی سەختی ئابووری ناچار بووە واز لە خوێندن بهێنێت و بڕیاریدا پشت بە خۆی ببەستێت بۆ ئەوەی یارمەتی خێزانەکەی بدات و بژێوی ژیان بەدەستبهێنێت، ئاماژەی بەوەکرد لەسەرەتای کارەکانی، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و کارکردن لەگەڵ ژنان، توانی بە باشی فێری کارەکە ببێت.