"ئامانجمە فرۆشگایەک بکەمەوە هەمووی ژن بێت"

سەرەڕای بوونی ڕێگریەکانی کارکردنی ژنان، شۆخ نەسرین بە چەندین  کار لەگەڵ منداڵەکانیدا بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی دابین دەکات، ئامانجی گەورەکردنی کارەکانیەتی بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- شۆخ نەسرین ماوەیی ١٠ ساڵە کاری دروستکردنی نان و بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەکات، لە سەرەتایی کارکردنیدا بە هاوکاری منداڵەکانی لە بەشێکی بچووکی ماڵەکەیدا کارەکانی ئەنجام دەدا، بەڵام تەنها بە کارێکەوە نەوەستاوە و بەردەوام هەوڵی ئەنجامدانی کاری زیاتر بووە.

 

شۆخ نەسرین بەیانیان لە ڕێستۆرانتی کەشکۆڵ خواردنی بەیانیان پێشکەش بە میوانەکان دەکات، کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ لە شەقامی بەختیاری نزیک پەیمانگایی تەکنیکی سلێمانی، بە ئۆتۆمبێلەکەی کە هاوشێوەی ماڵێکی بچوکە بۆ خۆی و منداڵەکانی، بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە، هەروەها لەگەڵ ستافێکی پاک کردنەوەدا هەفتەی چەند ڕۆژێک کاری پاککردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان دەکات، ئامانجی شۆخ نەسرین و منداڵەکانی گەورەکردنی کارەکەیانە و هەوڵ بۆ یەکخستنی کارەکانیان دەدەن، تا بتوانن هەلی کار بۆ خۆیان و بەشێک لە گەنجان دابین بکەن. 

 

شۆخ نەسرین، خاوەنی فرۆشگای مەشکە بۆ فرۆشتنی خواردنی بەیانیانی کوردەوارییە، لە منداڵیەوە خولیای کارکردن بووە و لە تەمەنێکی کەمەوە لەگەڵ باوکیدا لە ڕەز و باخی گوندنشیناندا کاریان کردووە، دایکی ٢ منداڵە و ماوەی ٧ ساڵە کاری فرۆشتنی خواردنی بەیانیانی کوردەواری دەکات لەسەر شەقامەکانی شاری سلێمانی، ڕۆژانە بۆ فرۆشتنی نانی تیری و خواردنی بەیانیان لە دوای کاتژمێر ٣ پاشنیوەڕۆ دەچێتە شەقامی بەختیاری.

 

"لەبەر نەبوونی سەلامەتی شوێنی کارەکەم بەردەوام لە شەقامەکەدا نان نافرۆشم"

شۆخ نەسرین، باس لەوەدەکات، لە سەرەتایی کارکردندا لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ماڵەکەی خۆیدا دوکانێکی بچوکی دروستکردووە و نانی تێدا کردووە، لە ئێستاشدا کارەکانی لەگەڵ چەند شاگردێکدا ئەنجام دەدات و بەگوێرەی داواکاریەکانی کڕیاران گەیاندنیان بۆ ئەنجام دەدات، دەشڵێت: لەبەر نەبوونی سەلامەتی شوێنەکەمان و چەند جارێک ڕووداوی هاتووچۆ دروستبووە، بۆیە بەردەوام لەسەر ئەم شەقامە نابم، بەیانیان کاری دروستکردنی نان و خواردنی کوردەواری دەکەم و ٣ ڕۆژ لە چێشتخانەیەک کاردەکەم و کاری پاکردنەوەی ماڵانیش ئەنجام دەدەم، لە مانگی رەمەزاندا لەسەر خواستی هاوڵاتیان بەرهەمە شیرەمەنیەکان زیاد دەکەم و فرۆشی تایبەتیان هەیە.

 

دەشڵێت: لە ڕێستۆرانتی کەشکۆڵ بەیانیان کاتژمێر ٨ی بەیانی لە بەشی نانی بەیانیان ناوساجی بۆ سەردانیکاران دروستدەکەم، ماوەی کارکردنم لە ڕێستۆرانتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ٣ ساڵ پێش ئێستا، باشی کارەکەم بووەتە هۆکاری هەبوونی کڕیاتی تایبەت.

 

"پێویستە بەرەنگاری ئەو ئاستەنگیانە ببینەوە لە کارکردندا تووشمان دەبێت"

شۆخ نەسرین خاوەنی فرۆشگای مەشکەیە، ئۆتۆمبێلەکەی بووەتە ماڵێکی بچووک بۆ خۆی و خێزانەکەی، تیایدا  هەم کاردەکەن و تا کاتی تەواوبوونی کارەکەشیان، منداڵەکانی تیایدا پشوو دەدەن، وتیشی: لەگەڵ منداڵەکانم ڕۆژانە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا پشوو دەدەین هەتا دەگەڕێینەوە ماڵەوە، هەروەها دوای تەواوبوونی خوێندنی منداڵەکان لەلام دەمێننەوە و پاشان پێکەوە دەگەڕێینەوە ماڵەوە.

 

"ئامانجم کردنەوەی کاری خۆمە بۆ خستنە سەرکاری ژنانی دیکە"

شۆخ نەسرین، ئاماژەی بەوەشدا، هاوڵاتیان لە ڕێگەی پەیجەکەیەوە پەیوەندی پێوە دەکەن بۆ وەرگرتنی بیرۆکەی کارکردن و ڕێنماییان دەکات، "بەشێکی زۆر لە گەنجان پەیوەندیم پێوە دەکەن و هیوادارم ڕۆژێک بتوانم شوێنێکی کارکردنم هەبێت تا دەستی چەندین گەنج بگرم و بیانخەمە سەر کارکردن، هەموو کات پێیان دەڵێم هەوڵبدەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانتان و گوێ مەدەن بەو قسانەی بەرامبەرتان دەکرێت، ئامانجم ئەوەیە شوێنێک بکەمەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی بەیانیان و تەواوی ستافەکەم ژن بێت، چونکە ژنان ڕوبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە لەلایەن خێزانەکانیانەوە بۆ کارکردنیان و مەرجیان بۆ دادەنێن.

 

لە کۆتایدا پەیامی بۆ ژنان نارد و وتی: هیچکات مەڵێن ناتوانین، بەڵکو بەردەوام بن، با هیچ کەس و شتێک نەبێتە ڕێگریتان و ئامانجەکانتان لەناوبەرێت، بۆ درێژەدان بە کارەکانتان ڕوبەڕووی ئاستەنگیەکان ببنەوە.