"بەو دەرفەتانەی شۆڕش بونیادی ناوە دەبێت ژنان خاوەن ئیرادە بن"

ئەناهید یوسف، ژنێکی کرستیانەو تەمەن ٥٦ ساڵە، خەڵکی قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، دوای خانەنشین بوونی لە وانەوتنەوە و دوای ئەوەی شۆڕش دەرفەتی جۆراوجۆری بە ژنان بەخشی، لە ماڵەکەی خۆی دەستی کرد بە دروستکردنی شیرینی.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان و خەڵکی قامیشلۆ ترسێکی زۆریان لە حکومەتی شام هەبوو، لەو سەردەمەدا هەلی کار بۆ ژنان ئەوەندە زۆر نەبوو، وەک شەرمەزارییەک بۆ ژنان سەیر دەکرا کە کار بکەن، بەڵام لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتی جۆراوجۆر بۆ ژنان و خەڵکی هەموو نەتەوەو پێکهاتەکان ڕەخسێندرا، هەروەها ژنان خاوەن ئیرادە بوون کە لە هەموو بوارێکدا جێگەی خۆیان بگرنەوە و بوون بە نموونە بۆ هەموو ژنانی جیهان.

 

ئەناهید یوسف، ژنێکی کرستیانەو تەمەنی ٥٦ ساڵە و خەڵکی شاری قامیشلۆیە، پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا مامۆستا بووە لە قوتابخانەکانی ڕێژیم، بەڵام بەهۆی تەمەنی خانەنشینییەوە خانەنشین بووە، لە ماڵەوە بێکار بوو، دوای ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەستیپێکرد و هەلی کار بۆ ژنان ڕەخسا، وەک ژنێکی کرستیان دەستیکرد بە دروستکردنی شیرینی لە ماڵەکەی خۆیداو لەو بارەیەوە قسەی بۆ کردین.

 

"ئەوانە دروست دەکەم کە سوودیان هەیە"

ئەناهید یوسف باسی ئەو کارانەی کرد کە ئەنجامی دەدات و باسی لە ئامانجی کارەکەی کرد و وتی: لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دوای خانەنشین بوونم لە قوتابخانەی ڕژێم، دەستم کرد بە دروستکردنی شیرینی و بەوە بژێوی خێزانەکەم دابین دەکەم، دوای مانەوەم بۆ ماوەیەک لە ماڵەوە، حەزم کرد دەست بە کارێک بکەم، بە خێزان و هاوڕێکانمم وت کە دەمەوێت لە ماڵەوە شیرینی دروست بکەم و ئەوانیش پشتگیریان کردم،ئامانجم ئەوە نییە کاتە بەتاڵەکانم بەسەر بەرم، ویستم شتێک پێشکەش بکەم سوودی بۆ خێزانەکەم و کۆمەڵگاکەم هەبێت و پشتگیری ماڵەکەم بکەم چونکە ئەمڕۆ شارەکەمان لە قەیرانی ئابووریدایە.

 

"بە دەستەکانم دەیانڕازێنمەوە"

 ئەناهید یوسف ئاماژەی بەوەکرد، بەڕێگەی ئۆنلاین زۆربەی ئەو شتانەی دروستی دەکات دەیفرۆشێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەختی هەیە کە ڕووبەڕووم دەبێتەوە، هەندێک ئاستەنگ لە ماڵەوە هەیە، پێویستم بە دوکانێکە چونکە زۆربەی کاتەکان لە ماڵەوە کارەبا نییە، هەندێک جار قاڵبی شیرینی لێرە بەردەست نییە، ئەو ئامڕازانەی کە کاریان پێدەکەم سەرەتاییترین شتن و زۆربەی کات هیچ نەخشێکی تێدا نییە، بە دەستەکانم دەیانڕازێنمەوە، تا زیاتر کارەکەت خۆش بوێت، جوانتری دەکەیت، من کارەکانم لەسەر پەڕەی میدیای دیجیتاڵی بڵاودەکەمەوە و زۆربەی خەڵک پەیوەندی دەکەن و دەیکڕن.

 

"بۆ گەیشتن بە ئامانج خاوەن ئیرادە بن"

ئەناهید یوسف سەرنجی بۆ ئەو دەرفەتانە ڕاکێشا کە شۆڕش بۆ ژنانی ڕەخساندووە و داوای کرد کە ژنان هەرگیز ڕادەست نەبن و لە کۆتاییدا وتی: دەمەوێت لە داهاتوودا دوکانێک بۆ خۆم بکەمەوە، ئەوە کارەکەم ئاسانتر دەکات، مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئامانجێک دەبێت خاوەن ئیرادەبێت، یەکێک بووم لەو کەسانەی کە خاوەن ئیرادە بووم تا گەیشتمە ئامانجەکەم، بە هەموو ژنێک دەڵێم هەرگیز کۆڵ مەدە و هەمیشە خاوەن ئیرادە بە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەت، بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە شۆڕش دەرفەتی زۆری بۆ ئێمەی ژنان ڕەخساندووە.