"نابێت سەرچاوە و داهات بۆ شەڕ بێت، بەڵکو دەبێت بۆ گەل خەرج بکرێت"

ئەو ژنانەی کە لە ١ی ئایاردا لە مەیدانەکان بوون، داواکارییەکانیان دەربڕی و وتیان: ئەو سەرچاوانەی ئێستا هەیە نابێت بۆ جەنگ و کرێ بێت بەڵکو بۆ گەل خەرج بکرێت.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- ڕێکخراوەکانی کرێکاران لە ١ی ئایاردا بە دروشمی "ئازادی بۆ نان و ئاشتی" مەیدانەکانیان پڕکردەوە. لە ئیلح، هەزاران کرێکار داواکارییەکانیان بۆ خۆپیشاندانی هەرێمی دەربڕی و تیشکیان خستەسەر بەشداریکردنی بەرزی ژنان و گەنجان، لەو کۆبوونەوەیەدا کە ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێپێوانیان ئەنجامدا، تیشکیان خستەسەر کاری منداڵان، سیستمی سەرکوتکردن، تێچووی جەنگ و سیستمی نایەکسانی دژی ژنانی کرێکار،  هەروەها ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە بە داواکارییەکی هاوبەش وتیان: نابێت سەرچاوەو داهات بۆ شەڕو کرێ بێت بەڵکو بۆ گەل خەرج بکرێت.

 

هەزاران کەس بە داوای یەکسانی و ئازادی ڕێپێوانیان کرد

لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵیدا، هەمووان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون کە لە پارکی ٨ی ئادار لە ئیلح بەڕێوەچوو. دروشمی "گەل سوودمەند دەبن، ئازادی بەدەست دەهێندرێت"، "ژن، ژیان، ئازادی"،"منداڵان دەیانەوێت بە زمانی خۆیان پەروەردە بکرێن"، "گەل ژیانێکی شکۆمەندیان دەوێت"، "بە ئاشتی ژنان بژین" و "ئازادی پێش یەکسانی دێت" بەرزکرانەوە، کرێکاران ڕۆژی خۆیان بە دروشم و ئیدانەکردنی سیاسەتی جەنگی دەسەڵات و گۆشەگیری لە ئیمراڵی پیرۆز کرد.

 

ژنانی بەشداربوو ئاماژەیان بەوەکرد، دەیانەوێت بودجەیەک بۆ کار تەرخان بکرێت و  کاری ژنان ببیندرێت.

 

"کۆبوونەوەی هەرێمی ئیلح بۆ ڕۆژانی داهاتوو ببێتە هیوا"

نورسەۆل یوجەسۆی، سکرتێری سەندیکای کرێکاران و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ هەموو کارمەندانی تەندروستی و هەموو کارکەران کۆبوونەتەوە، وتی: کۆبوونەوەی هەرێمی هیوایەک دەبێت بۆ ئێمە و ئەو پرۆسەیەی لەبەردەممانە، لێرەین بۆ ئەوەی بە تەواوی بڵێین دەربارەی خراپ بەکارهێنانی کارەکانمان، هەژاری و تاڵانکردنی سروشت، هەموومان پێکەوە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان، سەرچاوەکانی ئەم وڵاتە بەشی هەمووان دەکات، بەڵام بەداخەوە حکومەت ئەم سەرچاوانە بۆ کرێ و جەنگ بەکاردەهێنێت، بۆیە هەموو کرێکاران و هەژارانی ئەم وڵاتە زیاتر تووشی لەناوچوون دەبن، گەل ناتوانن بژین، هیچ شوێنێک نییە بۆ مانەوە. با بودجەی تەرخانکراو بۆ کرێ و جەنگ بۆ گەل خەرج بکرێت، ئەم مافانە مافی گەلن ئەمە ئامانجی ئێمەیە بۆ کرێکاران، با ئەم هەژارییە کۆتایی پێبێت.

 

"پێویستە کاری ژنان ببیندرێت"

جەیهان باریش تیشکی خستە سەر کارە نەبیندراوەکانی ژنان و وتی: بە تایبەتی لە ١ی ئایاردا، دەمانەوێت مافی ژنانی کرێکار ببیندرێت، کاری ئێمەی ژنان نابیندرێت، دەمانەوێت ئێستا ببیندرێین، ئەو بودجەیەی کە بۆ جەنگ تەرخانکراوە دەبێت بۆ گەل و ژنان خەرج بکرێت، بۆ ئەوەی ژنان لە خەبات دوور نەکەونەوە، پێویستە بارودۆخەکەیان باشتر بێت، پێویستە ژمارەی باخچەی ساوایان زیاد بکرێت و ئەو ڕۆڵەی کۆمەڵگە بەسەریاندا سەپاندوویەتی بگۆڕدرێت، لێرەین بۆ ئەو داواکارییانە.. 

 

"ئێمە هاتووین بۆ خوێندنی زمانی دایک"

ئایشە تارلوک، کە لە سێرتەوەو بەشداری کۆبوونەوەکە بوو تیشکی خستە سەر گرنگی پەروەردەی زمانی دایک و وتی: ئەمڕۆ هاتووین بۆ ئێرە بۆ زمانی دایکمان و کارەکانمان، هاتووین بۆ ئەوەی مندالەکانمان بە زمانی دایک پەروەردە ببن، نبۆ ئەو هاوڕێیانەی کە لەلایەن KHK ەوە دەرکراون مافی کاریان پێبدرێت و نابێت باجی ئەم قەیرانانە بدەن، ژنان دەبێت بە زمانی خۆیان قسە بکەن، ژنان خودی ژیانن، پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا قسەیان هەبێت و  بەربەستەکانی بەردەمییان لاببرێت.

 

"ژیانێکی ئازادمان دەوێت"

سەڤیم ئۆگوز ئاماژەی بەوەکرد داواکارییە سەرەکییان دادپەروەرییە و وتی: هاتووین بۆ کۆبوونەوە بۆ جەژنی کرێکاران. داواکاری ئێمە دادپەروەرییە، ئازادیمان بۆ ژنان دەوێت، چیتر پارە بۆ چەک و تەقەمەنی خەرج نەکرێت ئێمە دەمانەوێت دۆخی وڵاتەکە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی بتوانین بە ئازادی هەناسە بدەین، پێویستە هەموو ژنان پشتگیری یەکتر بکەن و تێبکۆشن، پێویستە ئێمەی ژنان لە دژی هەموو هێرشێک یەکبگرین.

 

"بە هەڵوێستێکی ڕێکخراو دەتوانین کۆتایی بەم سیستمە چەوسێنەرە بێنین"

هیجران یڵدز، داوای لە ژنان و کرێکاران کرد یەکگرتوو بن و وتی: هاتووین بۆ ئەوەی پشتیوانی لە گەلەکەمان بکەین لە خەباتی کرێکاریدا، پشتیوانی لە هەموو کرێکاران دەکەین، بە خەباتێکی ڕێکخراو و ئاشتی، ئەم سیستمە سەرکوتکەرە دەتواندرێت لەناو ببرێت، پێویستە هەموو گەل لە دژی سیستمی چەوسێنەر تێبکۆشن، پێویستە ژنان بۆ کارەکانیان بچنە سەر شەقامەکان، ئێمە لێرەین بۆ مافەکانمان و کارەکانمان.