نانی ساج؛ کولتوورێکی زیندوو هێڵدراوەیە لای ژنانی عەرەب

سەرەڕای پەرەسەندنی شێواز و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی ئامێری دروستکردنی نان، ژنانی گوند هێشتا پێیان باشە نانی ساج بە بەکارهێنانی شێوازە کۆنەکان دروست بکەن و وەک کولتوورێک بیهێڵنەوە.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- نانی ساج بە خواردنێکی دێرین و کولتووری دادەندرێت، ژنان تا ئێستاش هەوڵ دەدەن لە لەناوچوون بیپارێزن و دەیانەوێت وەک کلتوورێک بمێنێتەوە.

 

ژنانی عەرەب بە دروستکردنی نانی ساج بەناوبانگ بوون، ژنانی هۆز یان خێڵەکە کێبڕکێیان دەکرد بۆ ئەوەی بزانن کێ دەتوانێت باشترین دروست بکات، ئەو کەسەی بە لێزانی دروستی کردبوو پێی دەگوترا "نانەوا" و شانازی بوو بۆی لەناو ژنانی هۆزەکەیدا، سەرەڕای سیستمی مۆدێرنیتە و تەکنەلۆژیا پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی لایەنی پیشەسازی و سەرهەڵدانی ئامێری مۆدێرن و شێوازی بەرهەمهێنان، لەوانەش فڕنی نان دروستکردن، بەڵام هێشتا ژنان بەتایبەت لە لادێ و گوندەکاندا پێیان باشە نان دروست بکەن بە بەکارهێنانی شێوازە کۆنەکان.

 

"ژنانی عەرەب بە دروستکردنی نان ناسراون"

نانی ساج و دروستکردنی هەر لە دێرزەمانەوە لای ژنانی عەرەب ناسراوە، کەلتوور و میراتێکە کە گوزارشت لە ناسنامە و کولتووری پێکهاتەی عەرەبی دەکات، دروستکردنی نانی ساج بە تاکە ئامرازی دەستەبەرکردنی خۆراک بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دانراوە.

 

فاتمە حەمودە، لە شارۆچکەی حەزیم لە لادێکانی باکووری شاری ڕەققە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژی، سەبارەت بە چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەزمونی لە دروستکردنی نانی ساج، وتی: ئەزموونی خۆمم لە دروستکردنی نانی ساج لەدوای هاوسەرگیریەکەمەوە دەستپێکرد، بەتایبەتی کە لەگەڵ خێزانی هاوژینەکەم لە یەک ماڵدا دەژیام، وەک باسی لێوە دەکات لە کۆندا بوکی ماڵ پێویست بوو هەموو کاری ماڵ ئەنجام بدات، بۆیە دایکی هاوژینەکەم فێری دروستکردنی نانی ساجی کردم، وەک چۆن شێوازی سەرەتاییمان بەکاردەهێنا بۆ چێشت لێنان بەهۆی کەمی سووتەمەنیەوە، بۆیە دارمان کۆدەکردەوە و لەسەر سەرمان هەڵماندەگرت.

 

"دەگمەن بوو ژنان دروستکردنی نان نەزانن"

سەبارەت بە پشتبەستنی خەڵک بە نانی ساج لە دێرزەمانەوە بۆ دابینکردنی خۆراک، وتی: ئێمە خۆمان دروستمان دەکرد لەپێناو بەدەستهێنانی خواردن، چونکە لەو سەردەمەدا هیچ ئامێرێک نەبوو بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی نان بۆ ئێمە وەک ئەوەی نانمان بۆ دابین بکات، لەبەرئەوەی ژنان بەرپرسیارن لە زۆر ئەرک ، بۆیە دەگمەن بوو ژنێک هەبێت لەو سەردەمەدا شارەزا نەبووبێت لە پیشەی دروستکردنی نان.

 

فاتمە حەمودە، دەربارەی شێوازی دروستکردنی نان باسی کرد کە چەند قۆناغ و هەنگاوێکی هەیە، یەکەمیان قۆناغی هەویرکردنە، کە تێیدا بڕێک ئارد دەخەینە ناو قاپێکی تایبەتەوە کە بۆ پڕۆسەی وردکردن بەکاردێت، خوێ و ئاو وردە وردە دەخرێتە ناوی و دەست دەکەین بە وردکردنی بە دەستەکانمان تا هەویرەکە پێکەوە یەکدەگرن، پاشان بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەجێی دەهێڵین، پاشان قۆناغی بڕین دێت، پاشان بە دارێک تەختیان دەکەین بۆ ئەوەی نانێکی تەنک و بازنەیی دروست بکەین، پاشان قۆناغی ئەوە دێت کە کەمێک لە هەوادا دەیجوڵێنین، پاشان دەیخەینە سەر ساجەکە و لە ژێرەوە ئاگر دەخەینە ژێر ساجەکە.

 

"ژنان هەموو توانای خۆیان کۆدەکردەوە بۆ دروستکردنی نانێکی باش"

سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی کە ژنانی گوندنشین پەنا دەبەنەبەر دروستکردنی نان بە دەستی خۆیان، ئاماژەی بەوەدا، زۆرینەی خەڵکی گوند بە زەحمەت نانیان دەست دەکەوێت، بەتایبەتی ئەو گوندانەی کە فڕنیان نییە، جگە لە دوورییان لە شارەوە، و بەو پێیەی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی خێزان و منداڵەکانی لە ئەستۆی ژندایە، بۆیە ژنان خۆیان نان دروست دەکەن.

 

فاتمە حەمودە، ئاماژەی بە پێگەی ژنێک کرد کە شارەزایە لە دروستکردنی نان بە هەموو شێوازێک و وتی: پێشتر ژنان بە خۆشەویستی و لێهاتووییەوە دروستیان دەکرد، وەک چۆن هەموو ژنێک شانازییان دەکرد و کێبڕکێیان دەکرد لە شارەزابوونیان لێی، ئەو ژنەی کە بە هەموو توانایەوە شارەزا بوو لە نان دروستکردن پێی دەگوترا نانەوا.

 

"لە بۆنەکاندا ژنان بە کۆمەڵ نانی ساجیان دروست دەکرد"

دەربارەی ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی دروستکردنی نانی ساج لای عەرەبەکان، ئاماژەی بەوەکرد، نانی ساج لە بنەڕەتدا و بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئاهەنگەکاندا پێشکەش دەکرێت، جا چ لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا بێت یان هەر بۆنەیەکی دیکە، بەو پێیەی ژنان پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی لە کەشێکی پڕ لە خۆشی، بۆیە نان و خواردنی دیکەیان دروست دەکرد وەک، شۆربا، بە یەکێک لە بەناوبانگترین و خوازراوترین جۆرەکانی خواردن دادەنرێت لای عەرەبەکان و ژەمێکە کە لەناو سینی گەورەی بازنەییدا دادەنرێت کە پێکهاتووە لە نانی ساج و گۆشت.

 

فاتمە حەمودە، پێی وایە دروستکردنی نانی ساج تا ئێستا جێگای شانازییە بۆی و تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی کولتووری ناوچەکەی، هەر بۆیە بڕیاریداوە کچەکانی و ژنانی دیکەی گوندەکە فێر بکات.