ئەنیتا ژنێکی نیپاڵییە و لە سلێمانی کاری بەرگدرووی دەکات

ئەنیتا لاما، کاری دیزاین و چنین خەونی منداڵی بووە و دەڵێت: ئێمەی ژنان دەتوانین کارەکانمان بە باشی ئەنجام بدەین، لە وڵاتی خۆمان بێت یاخود وڵاتانی بیانیدا بێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ژنان لە هەر جێگایەکدا ژیان بکەن، هەموو کات هەوڵدەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانی خۆیان تا کۆمەڵگەیەکی تەندروست بەرهەمبهێنن، هەروەها ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییە دەبنەوە، کە بووەتە هۆکاری بەندکردنیان لە چوارچێوەی ماڵەکانیاندا.

 

ئەنیتا لاما ژنێکی نیپاڵییە و ماوەی ١٠ ساڵە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە شاری سلێمانی ژیان دەکات، لە ئێستادا خاوەنی دوکانێکی بەرگدرووە بە ناوی "خەپە" و جلوبەرگی کوردی دەدروێت، ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ کوڕێکی شاری سلێمانی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، لە کاتی ژیانکردنیدا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بووەتەوە، بەڵام تا بگات بەو ئامانجەی هەیەتی بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانی، ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکان بووەتەوە.

 

"بە هۆکاری ئەوەی بیانی بووین لە کارکردنمان ئاستەنگیمان بۆ دروست دەبوو"

ئەنیتا لاما لە ساڵی ٢٠١٤دا لە نیپاڵەوە دێتە شاری سلێمانی بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی باشتر، دەڵێت: سەرەتای هاتنم بۆ کوردستان ئاستەنگیم زۆر بۆ دروستبوو، هەندێک کەس پێیان دەوتین ئەمانە نیپاڵین و ئاستەنگیان لە کارەکانماندا بۆ دروستدەبوو، ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی نەشیاو دەبووینەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ژیان باشتر بوو بۆمان.

 

وتیشی سەرەتا بۆ کارکردن ڕوومان کردە هەرێمی کوردستان، بەڵام بە دوای کاردا دەگەڕاین و لە دەزگاکانی حکومەتدا ئاستەنگیان دروست دەکرد بۆمان، جاری وەها هەبوو کارمان نەبوو، بەڵام پارەیان لێوەردەگرتین.

 

"کارکردن و دیزاینکردنی جلوبەرگ لە منداڵیەوە خەونی من بووە"

ئەنیتا لاما، ئاماژەی بەوەکرد، هەبوونی دیزاینکردن و دروینی جلوبەرگ خەونی منداڵی بووە، ماوەی ٧ مانگە توانیویەتی دوکانێک بۆ کاری دیزاین و درووینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی بکاتەوە، دەڵێت: لە نیپاڵ کاری درومانیم دەکرد، بەڵام تەنها بۆ خۆم بووە، سەرەتا لە بەکارهێنانی مەکینە دەترسام بەڵام دووساڵ پێش ئێستا خولێکی درومانم بینی و توانیم فێر ببم، پاشان بڕیاری دانانی دوکانێکمدا و لە ئێستادا کاری درومانی جلوبەرگی کوردی و پێداویستیەکان بە باشترین شێوە ئەنجام دەدەم.

 

وتیشی: ژنان پێشوازییەکی جوان لە کارەکەم دەکەن، کە من کەسێکی کورد نیم بەڵام کاری درووینی جلی کوردی بە باشی دەکەم، کاری درووینی جلی کوردیم بەلاوە ئاسانتر و خۆشترە، من ڕۆژانە لە ڕێگەی پەیجەکانی خۆمەوە نمایشی کارەکانم دەکەم و بابەتەکانم پیشانی بینەرەکانم دەدەم و زیاتر کورد جلوبەرگم بۆ دەهێنن وەک لە کەسانی نیپاڵی.

 

"ژنان دەبنە دایک و دەتوانن کارەکانیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن"

ئەنیتا لاما، ئاماژەی بەوەشدا، لە هەموو وڵاتێکدا مامەڵەکردن لەگەڵ ژناندا ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری لە پشتەوەیە، بەڵام جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، دەشڵێت: هەرێمی کوردستان بەراورد بە نیپاڵ ژنان زیاتر سەربەخۆ و خاوەن بڕیارترن، لە کۆتاییدا وتی: ژنانن دەبنە دایک، داواکارم لە ژنانی کورد و هەموو جیهان خۆتان بە کەم مەزانن، هەر یەکێکتان دایکن و دەتوانن بە باشترین شێواز کارەکانتان ئەنجام بدەن، ژنان دەچنە هەر وڵاتیک بۆ کارکردن بەڕێزەوە تەماشایان بکەن و ڕێزیان لێ بگرن، لەهەر وڵاتێکدا کار دەکەن بە وڵاتی خۆتانی بزانن و کارەکانتان ئەنجام بدەن، مەڵێن ئێمە بێگانەین، نەخێر بێگانە نین و لە کۆتاییدا ئێمە هەموومان مرۆڤین و لەسەر ئەم زەوییە ژیان دەکەین.