لە ڕێگەی کارە دەستییەکانییەوە کولتووری کۆن و نوێ تێکەڵ دەکات

کاری دەستی لەو پیشانەیە کە ژنان هەر لە کۆنەوە ئەنجامی دەدەن و تا ئەمڕۆش پارێزگاری لێ دەکەن، ئیبتیسام سالم، ژنێکە شارەزا و لێهاتووە لە چنین و دوورین لەسەر چەرم، لە ڕێگەی کەرەستەی کۆنەوە بەرهەمی نوێ دروست دەکات و کاری ڕیسایکلین دەکات.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە-زۆرێک لە پیشە دەستییەکان پەیوەستن بە ژنانەوە، بەو پێیەی ئەوانەن کە پارێزگارییان لێکردوون و نەیانهێشتووە لەناوبچن، بەڵکو لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستویانەتەوە، یەکێک لەوانە ئیبتیسام سالمە، تەمەنی ٤٤ ساڵە و دەرچووی بواری هونەرە و مامۆستای سەرەتاییە لە حەسەکە، شارەزایە لە دوورین لەسەر چەرم، وتی: لە منداڵییەوە فێری هونەریکاری دەستی بووم، لەبەر ئەوەی خوێندوومە لە خوێندنگەی هونەرە کارپێکراوەکانی ژنان، بە باشی شارەزا بووم لەم پیشەیە، لەگەڵ سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری ناوچەکە، دەستم کرد بە پشت بەستن بەو پیشەیە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانم و باشترکردنی دۆخی ئابووری خۆم و خێزانەکەم.

 

"کار لەسەر ڕیسایکل کردنی شتە کۆنەکان دەکەم"

ڕوونیکردەوە کە کارەکەی بریتییە لەڕیسایکلکردنی شتە کۆنەکان، وتیشی: من کار لەسەر ڕیسایکل کردنی شتە کۆنەکان دەکەم، وەک چەرم و پشم و تار، بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرم لەبری ئەوەی فڕێیان بدەم، بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا لە ماڵەوە دەستم بە کارکردن کرد بە بەکارهێنانی چەرم و موروو، لە کاتێکدا ئەو پارچە چەرمانە سودیان لێنەدەبیندرا بەڵام من دووبارە بەکارمهێنایەوە و فڕێم نەدا.

 

ئیبتیسام سالم ئاماژەی بەوەکرد، تابلۆ دەکێشێت کە ئایەتی قورئانی لەسەر نوسراوە، یاخود بە موورو لەسەر جانتا و پۆشاکی ژنان کاری دەستی دەکات، کارەکەی تێکەڵەیەکە لە نێوان کولتووری کۆن و نوێگەریدا، ئامانجی سەرەکی لەم کارە پاراستنی کولتووری کۆن و ئاشناکردنیەتی بە نەوەکانی داهاتوو.

 

"زیندووکردنەوەی میراتی دێرین"

سەبارەت بە بەشداریکردنی لە بۆنە هونەری و پێشانگاکاندا، وتی: بەشداری چەندین پێشانگای هونەریم کردووە و کارەکانم لە ناوەندی کولتووری لە شاری حەسەکە نمایشکردووە، هەروەها پێشانگایەکی دیکەم بەناوی "زیندووکردنەوەی میراتی دێرین" کردووەتەوە، بەو هیوایەم لە داهاتوودا وۆرکشۆپی تایبەتی خۆم بکەمەوە بۆ پەرەپێدانی کارەکانم و یارمەتیدانی ژنانی بێکار بۆ فێربوونی ئەم پیشە دەستییانە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە کار بۆڕیسایکل کردنی شتە کۆنەکان دەکات، بەڵام لە کڕینی چەندین جۆری موروو و چەرمدا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە، چونکە نرخەکانیان زۆرە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئیبتیسام سالم، داوای لە ژنان کرد کە فێری پیشە بن بە مەبەستی سەلماندنی بوونی خۆیان و پاڵپشتی خێزانەکانیان، وتی: هانی هەموو ژنێک دەدەم لە هەر پیشەیەکدا کار بکات بۆبەرەوپێش چوونی خۆی، بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری بکات لە بونیادنانی کۆمەڵگەکەی و ڕزگاری بێت لە هەموو ئەو بەربەستانەی بۆ ژنان داندراون.