"ئێمەی ژنانی عەفرین بێ چاندن ناتوانین"

مەزییەت لەڕێگەی چاندنەوە بژێوی ژیانی دابین دەکات و چاندی ڕەسەنی خۆشیان دەپارێزیت، لە پەناگەی ئاوارەبوونەکەشیاندا باخچەیەکی دروستکردووە و سەوزایی تێدا دەچێنێت، دەشڵێت: ئێمەی ژنانی عەفرین بێ چاندن نابین.

 

حەسنا محەمەد

شەهبا- بە هەزاران ساڵە چاندن لە ناو کۆمەڵگەدا ڕێگەیەکە تا بژێوی ژیانی پێدابین بکرێت، بەتایبەت ئەو خاکانەی کە بە پیتن بۆ کشتوکاڵ بووەتە بەشێكی گرنگ و سەرچاوەی ژیانیان،  بۆیە ژنانی ئاوارەی عەفرین کەلە دۆخێکی خراپدا دەژین، لە بەردەم ماڵەکانیان سەوزی دەچێنن و بژێوی ژیانیان دابیندەکەن.

 

ژنانی عەفرین کە لە ماڵ و حاڵی خۆیان کۆچیان کردووە و لە کانتۆنی شەهبا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێ بوون، چادری کۆچبەرییان بە کشتوکاڵ و سەوزایی دەڕازێننەوە، ژنانی عەفرین بە چاندنی گوڵ و سەوزە یادی عەفرین و گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان دەکەن.

 

مەزییەت محەمەد عوسمان، یەکێک لە ژنانی عەفرین کە ئێستا ئاوارەی تل شەعری کانتۆنی شەهبایە، لەبەردەم ماڵەکەیدا باخێکی بچوکی کشتوکاڵی دروست کردووە و لەڕێیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات و چاندی ڕەسەنی عەفرینییەکانیش دەپارێزێت.

 

مەزییەت باس لە ژیانیان لە عەفرین دەکات کە ژیانێکی خۆش وخاکێکی بەپیتیان هەبووە و بە کشتوکاڵ و چاندنەوە خەریک بوون، لەدوای هێرشکردنی چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورکیا ئاوارەی کانتۆنی شەهبا بوون و لە ئاوارەییدا ژیان دەکەن.

 

مەزییەت دەشڵیت ئێمەی ژنانی عەفرین بێ چاندن ناتوانین بژین، ئێمە بە یادی عەفرینەوە باخەکانمان سەوز دەکەین و بەو هیوایەین ڕۆژێک بێت بگەڕێینەوە بۆ عەفرین.

ت.پ