پێشانگایەکی بەرهەم و کاری دەستی ژنان لە غەزە کرایەوە

پێشانگای بەرهەمی ژنان لەلایەن سەنتەری زینای لاوان و دامەزراوەی کۆمەڵایەتی دالیا بۆ پشتیوانیکردن لە کەلەپوور و کلتوری فەلەستینی لە غەزە کرایەوە.

 

ڕەفیف ئەسلیم

غەزە- لە ٢٦ی شوباتدا سەنتەری زینای لاوان و دامەزراوەی کۆمەڵایەتی دالیا پێشانگایەکی "دەست زێڕی هەشت" ی بەرهەمی ژنان و داستانەکانی ژنان بۆ پشتیوانیکردن لە کەلەپوور و کلتوری فەلەستینی بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی گشتی لاوان و وەرزش لە زانکۆی غەزە کردەوە، پێشانگاکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و خوێندکارانی زانکۆ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەسەر یەک بەردەوام بوو هەندێک لەو ژنانەی بەشداری پێشانگاکە بوون قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"کوالێتی بەرهەمەکانی پێشانگاکە لەگەڵ بەرهەمی عەرەبی و نێودەوڵەتی هاوئاهەنگە"

ئەتاف حەمەد، بەڕێوبەری سەنتەری زینای لاوان و چالاکوانی بواری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجیان لەڕێکخستنی پێشانگاکە گەیاندنی پەیامێک بوو کە ژنانی گەنج بتوانن سەرچاوەیەکی تایبەتی داهات بەدەستبهێنن، وتی: "جیاوازی لە نێوان پێشانگاکە ئەوەیە کە بە تەواوی لە بەرهەمی گەنجان پێکهاتووە کوالێتی بەرهەمەکانی پێشانگاکە لەگەڵ بەرهەمی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا هاوئاهەنگە لەنێو ئەو ژنانەی کە بەشدارن، ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەن کە بڕیاریانداوە بچنە ناو بازاڕی کارەوە، پێشانگاکە نمایشێکی ئەزموونییە بۆ بەشداریکردن لە پێشانگایەکی عەرەبی بۆ ئەوەی لە میسر ئەنجام بدرێت و کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییەکانی ٨ی ئاداردا".

 

"خۆبەڕێوەبەری کلیلی سەرکەوتنە"

ڕیحام مناوی، یەکێک لە بەشداربوانی پیشانگاکە کە بە دەرمانی گیای سروشتی بەشدارە وتی: "کارەکەم وەک پزیشکێکی پێشوو زۆر یارمەتی دام لە دروستکردنی ئەو بەرهەمانەی کە چارەسەری کێشەی پێست و قژ دەکەن بە سەلامەتی، خۆبەڕێوەبەری  کلیلی سەرکەوتنە، پێویستە ژنان پرۆژەکانیان دەستپێبکەن".

 

"هەموو ئەوانەی کە جوانکارییەکانی منیان بینی حەزیان لە بیرۆکەکە بوو"

سیوار ئەل-زیانین ڕایگەیاند کە حەزی بۆ جوانکاری هانی داوە ئەم کارە بکات و وتی: "لە ڕاستیدا، هەموو ئەوانەی جوانکاریەکانی منیان بینی حەزیان لەم بیرۆکەیە بوو، سەرەڕای ئەو زەحمەتەی کە ڕووبەڕووی بوومەوە، وەک کەمیی ماددە خاوەکان، هەوڵدەدەم نرخ بۆ هەموو کەسێک بە گونجاویی دابنێم".

 

"یەکەم تابلۆ کە دروستم کرد بۆ کوڕەکەم بوو لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونیدا"

سەفا ئەل-لولو ڕایگەیاند، کە لەسەر چەندین دەست و دەموچاو کاری دەستی و تابلۆکانی کێشاوە و وتی: "یەکەم تابلۆ کە بۆ کوڕەکەم دروستم کرد لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونیدا بوو، هەموو میوانەکانمان سەرسام بوون بەو تابلۆیە، بۆیە بەردەوام بووم لە فێربوون بۆ ئەوەی بتوانم بیرکردنەوەکانم بگۆڕم بۆ تابلۆ".

 

"ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا"

فاتمە ئەلخەلیلی، ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتەو ڕایگەیاند، کە ئامادەبوونی لە پێشانگاکەدا بە ئامانجی هاوبەشیکردنی بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی بووە و وتی: "دەمەوێت سەردانیکەرانی پێشانگاکە ڕابگەیەنم کە ژنانی خاوەن پیداویستی تایبەت ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا هیوادارم کەبەرهەمەکانی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت پشتیوانی بکرێن".

 

"من لە کاتێکی نزیکدا کار لەسەر پرۆژەیەکی تایبەت دەکەم"

سەفا ئەبو گلیۆن، کە لە دیزاینی مۆدە و جلوبەرگدا کار دەکات، ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ فرۆشتنی ئەو شتانەی بە دەستی خۆی دروستی کردووە، لە پێشانگاکەدا ئامادە بووە و وتیشی: "من چەند ژنێکم فێر کرد کە چۆن جل دروست بکەن من لە کاتێکی نزیکدا کار لەسەر پڕۆژەیەکی تایبەت دەکەم سەرەڕای لاوازی بازاڕی کار، ئێمە بە هۆی نەبوونی ئامێری گونجاو بۆ دورین و شوشتن و هەندێک کەرەستەی خاو، جگە لە نەمانی بەردەوامی وزەی کارەبا، تووشی گرفتێکی زۆر دەبین".