سروە خان جۆرە جیاوازەکانی ترشیات لە دوکانەکەیدا کۆدەکاتەوە

سروە خان، ژنێکی خاوەن کارە و دەڵێت "من پشتیوانییەکی بەهێزم بۆ هاوژینەکەم و خێزانەکەم"، ئەو ژنانەشی سەردانی دوکانەکەی دەکەن پشتگیری لێدەکەن و پاڵنەرێکە بۆ بەردەوامیدان بە کارەکەی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- سروە عەلی دانیشتوی شاری سلێمانییە و ژنێکە توانیویەتی بە بەهرەکانی خۆی نوێگەریەک لە دروستکردنی ترشیاتدا بکات و تامە جیاوازەکان تێکەڵ بە یەکتر بکات، لە ڕێگەی بەهرەکانی خۆیشیەوە دوکانێکی خنجیلانە دەکاتەوە  و بەرهەمە خۆماڵیەکانی تێدا دەفرۆشێت، توانیویشیەتی لەم بارودۆخەی ئێستادا هاوکاری هاوژینەکەی بکات و پشتیوانییەک بێت بۆ خێزانەکەی.

 

سروە خان باس لە حەز و خولیاکانی دەکات و دەڵێت ئارەزوویەکی زۆرم هەبوو بۆ دروستکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و دروستکردنیان وەک ترشیات، سرکە و مرەبا، هەروەها دەستڕەنگینییەکەم وای کرد کوڕەکەم پشتیوانێکی بەهێزم بێت و پێشنیاری کردنەوەی دوکانێکی لەم شێوەیەی بۆکردم هەم وەک دابینکردنی کارێک بۆ کوڕەکەم لەلایەکی تریشەوە دەرخستنی تواناکانی خۆم.

بەرهەمی دوکانەکەی سروە خان هەمەجۆرن و بە نزیکەی ١٠ جۆر ترشیاتی تێدایە، وەک عەمبە، ترشیاتی زەردی سادە، ترشیاتی سور و بە ڕووبە هەنار، هەروەها ترشیاتی کوردی، شاهانە و موسڵاوی کە بە سرکەی خورما دەکرێت، هەر لە دوکانەکەیدا ٦ جۆر ترشیاتی خەستە هەیە، ٣ جۆر زەڵاتە و زەیتون و سیر و چەندەها جۆری دیکە لە پێکهاتەکانی لە سرکەدا دروست دەکرێن.

ئاماژەش بەوە دەکات کە تەنها ترشیاتی یەک ناوچە دروست ناکات بەڵکوو دەگەڕێت و لە ترشیاتی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە فکرە وەردەگرێت و دروستیان دەکاتەوە، هەروەها جۆرە جیاوازەکانی سرکەش لە دوکانەکەیدا هەیە، دەشڵێت: " بەهۆی ئەوەی بەرهەمەکانم خۆماڵین خەڵکی بە شێوەیەکی زۆر باش پێشوازیان لێکردووم و لە زۆر ناوچە و شاری باشووری کوردستانەوە داوای بەرهەمەکانم دەکەن وەک هەولێر، چوارقوڕنە، ڕانیە، سۆران، دهۆک و کەرکوک و چەندین شاری تر...

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوکارن بۆ فرۆشتنی ترشیاتەکانی

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانیویانە هاوکارێکی باشی سروەخان بن، هەبوونی پەڕەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، زیاتر کارەکانی بە خەڵکی ئاشنا کردووە، سەبارەت بە بەرەو پێشچوونی کارەکانی دەڵێت: "هەبوونی پەیجەکەم وەک پاڵپشتیەک بووە بۆ دەرخستنی بەهرە و کارەکانم زۆربەی خەڵکی شارەکانی تر لەوێوە ئاشنای کارەکانم بوون".

سروە خان جگە لەوەی توانای دروستکردنی بەرهەمی خۆماڵی و بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی ترشیاتی هەیە، لە بواری درومانیشدا دەست ڕەنگینە، تازەترین بەرهەمیشی دروستکردنی مرەبای کولەکەی زەردە کە وەک چارەسەری نەخۆشیش بەکاردێت.

ئەو دوکاندارە ئاماژە بەوە دەکات خەڵکی زۆر خواستیان لەسەر ترشیاتەکانیەتی لەبەر ئەوەی بە دەستی ژن دروست دەکرێت و زیاتر گرنگی بە پاک و خاوێنی و چێژی خواردنەکان دەدەن بە بەراورد بە پیاوان .

پێویستە ژنان پەرە بە بەهرەکانیان بدەن

سروە بانگ کە ژنان دەکات کە کار بە بەهرەکانیان بکەن و دەست ڕەنگینییەکەیان پیشانی کۆمەڵگا بدەن تا سود بە خۆیان و خەڵکیش بگەیەنن، دەشڵێت گەر ئێمە پەرە بە بەهرەکانمان نەدەین کەلتورەکەمان بەرەو کاڵ بوونەوە دەچێت، با ئێمە ببینە هۆکارێک بۆ مانەوەی کەلتورەکەمان، ئەو ژنە بەسەرهاتێکی خۆی باس دەکات کاتێک بە منداڵی شێلم بە ترش و تەڕەساسی خواردووە هەمان ئەو تامەی ئێستای نەبووە، ئەمەش بۆتە پاڵنەرێک و دەڵێت: "من گەڕاومەتەوە بۆ سەردەمی کۆن و پرسیارم لە دایکم و کەسانی شارەزا کردووە تا بتوانم ئەو تامە کۆنانە بگەڕێنمەوە، لە کۆندا ترشیات بەس بە ئاو خوێ دروستکراوە وەک چارەسەری نەخۆشیش بەکاریان هێناوە، منیش لە ئێستادا ترشیاتم دروستکردووە تەنها بە ئاو و خوێ.

 

"ژنان پشتگیریم لێدەکەن"

لە کۆتاییدا سروە خانی ترشیاتفرۆش دەڵێت: "بەر لە ٢٥ ساڵ براژنەکەم پێشنیاری بۆکردووم پەرە بە بەهرەکانم بدەم، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە نەمتوانیوە ئەنجامی بدەم، خۆشبەختانە ئێستا خەڵکی و خێزانەکەم زۆر دەستخۆشیم لێدەکەن، کە من وەک ژنێک لەسەر پێکانی خۆم وەستاوم و بوومەتە جێگەی شانازی بۆیان، بە تایبەت ژنان کە یەن بۆ دوکانەکەم پشگیری و پاڵپشتیم لێدەکەن وبۆ من مایەی خۆشبەختییە".

 

ت.پ