شلێر دەبێتە موختاری گەڕەکێک لە هەڵەبجە

شلێر جەمیل مستەفا لە پاش کۆچی دوایی باوکی دەبێتە شوێنگرەوەی باوکی و کارەکانی ئەنجومەنى گەرەکی مۆردانە کە ٢٥ ساڵە باوکی بەڕێوەی دەبات، رادەپەڕێنێت.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- لە پارێزگای هەلەبجە کە ناوی جەمیلی مەلا مستەفا دەهێنرا یەکسەر وەها باسدەکرا کە موختاری هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان بووە، کە بە "هەڵەبجە و ئەترافەکانی" ناسراوە، بنەچەی بنەماڵەکەشیانی دەناسی، لەپاش کۆچی دوایی جەمیل مەلا مستەفا، کچەکەی دەبێتە شوێنگرەوەی کە بەڕێوەبردنی کارەکانی ئەنجومەنەکەی.

 

شلێر کۆکۆیی لە ساڵی ١٩٧٨ لە گەرەکی مۆردانە لەدایکبووە، دانیشتووی گەڕەکی مۆردانەیە و فەرمانبەرە لە پەروەردە هەڵەبجە

 

ئەبمە جێگرەوەی باوکم لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا

شلێر لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، باسی لەوەکرد پاش کۆچی دوایی باوکی بۆشایی دروستبووە و ماڵەوە وتویانە نابێت ئەو کارە بە بەتاڵی بمێنێتەوە، خەڵکی زۆریش داوای مۆرەکەیان دەکرد تا ببنە موختار، شلێر دەڵێت "براکانم پشگیریان کردم و بووم بە درێژە پێدەری کارەکانی باوکم".

 

باوکم بێبەرامبەر کاری کردووە و منیش هەروا بەردەوام دەبم

شلێر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد باوکی لە ساڵی ١٩٩٨ەوە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ خزمەتی هەڵەبجە و ئەترافەکانی کردووە، "باوکم بێ بەرامبەر کاری کردوە، منیش بەهەمان شێوەی باوکم لە خزمەتی هاوڵاتیانی هەڵەبجەدا دەبم، چونکە مادە و پارە هیچ نییە".

 

سەبارەت بەوەی  لە کارەکەیدا تووشی ئاستەنگ نەبووە و خەڵک تانەی لێنادەن، شلێر دەڵێت: مرۆڤ هەرگیز نابێت بڕوخێت و هیچ کارێکیش بەبێ ئاستەنگی نییە، دەبێت زیاتر ورە بەرز بین و پەند لە قورسی و هەڵەکان وەربگرین.

 

ت.پ