خێزانەکان متمانەی زیاتر بە شۆفێری ژن دەکەن

ژنە شۆفێرێک لە ‌هێڵەکانی گواستنەوە وەک تەکسی کار دەکات و بێ جیاوازیی ڕەگەزیی سەرنشینان دەگەیەنێتە شوێنی مەبەستیان و دەڵێت: زۆرجار پیاوانی گەیاندووەتە دەرەوەی شار و ڕوبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبووەتەوە.

ژنە شۆفێرێک لەهێڵەکانی گواستنەوە وەک تەکسی کار دەکات و بێ جیاوازیی ڕەگەزیی سەرنشینان دەگەیەنێتە شوێنی مەبەستیان و دەڵێت: زۆرجار پیاوانی گەیاندووەتە دەرەوەی شار و ڕوبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنێکی دانیشتوی شاری سلێمانی کارمەند لە بەڕێوبەرایەتی پۆستەی سلێمانی بۆ ماوەی دوو ساڵە خەریکی کاری تەکسییە، ئەو دەڵێت هەوڵ دەدات خوشکەکەشی بکاتە شۆفێری تەکسی و پێیوایە بنەماڵەکان زیاتر منداڵەکانیان بە ئاسوودەی ڕاسپاردەی شۆفێرانی ژن دەکەن.

 

"من پێشەنگم لەم کارەدا"

نەسرین محەمەد بەیانیان کاتژمێر ٨ خوێندکاران دەگەیەنێتە قوتابخانە، پاشان دەچێت بۆ شوێنی کارەکەی و ڕۆژباش لە هاوڕێکانی دەکات، دەست بە گەیاندنی پۆستەکان دەکات بۆ فەرمانگەکانی تری هەرێم، لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی نوژنها باس لە هۆکاری هەڵبژاردنی پیشەی شۆفێریی تەکسی دەکات و دەڵێت: "لە ساڵی ٢٠١٥ کە ژێرخانی ئابووری و باری دارای هەرێم لاواز بوو حکومەت موچەی فەرمانبەرانی کەمکردەوە، بەهۆی ئەرکی دابینکردنی بژێوی دایکم و باوکم موچەکەم بەشی بژێویمانی نەدەکرد، بۆیە وا پێویستی دەکرد کارێکیتر بکەم بەڵام نەمدەتوانی کارێک بکەم پەیوەست بێت بە کاتەوە بەهۆی کێشەی تەندروستی دایکمەوە."

 

نەسرین خۆی بە پێشەنگ دەزانێت و دەڵێت: "دوای بیرکردنەوە بڕیارمدا ئۆتۆمبێلە تایبەتیەکەم بکەم بە تاکسی و کاری تاکسی بکەم بێجیاوازیی زایەندی، هەرچەند دەمزانی لە کۆمەڵگای ئێمەدا کاری تاکسی بۆ ژن کارێکە سەختی تیادایە، بەڵام ئەنجاممدا و سەرکەوتوو بووم، پێم وابێت من پێشەنگم لەم کارەدا، بنەماڵەکەی وەک پشتگیرێکی گەورە بۆخۆی دەزانێت و دەشڵێت ئەگەر ئەوان نەبوونایە نەمدەتوانی بەرگەی توانج و ئاستەنگیەکان بگرم.

دابەزیم و خۆم وتم "تەکسی دەڕۆین"

نەسرین محەمەد بەم جۆرە چیرۆکی سەرەتاکانی سەرکەوتنەکەی دەگێڕێتەوە: "سەرەتا چوومە ناوبازاڕ، سێ ڕۆژی سەرەتا نەمدەتوانی بانگەشە بکەم، بەوهۆیەوە هیچ قازانجم باش نەبوو بۆم دەرکەوت ئەگەر وابم سەرکەوتوو نابم، بۆیە بڕیارمدا، دابەزیم و وەک شۆفێرانی پیاو خۆم وتم "تەکسی دەڕۆین تەکسی"، لەدوای ئەوە بێ جیاوازی زایەندی سەرنشینانم دەگەیاندە شوێنی مەبەستیان.

 

بنەماڵەی خوێندکاران زۆر متمانەیان بە نەسرینە و لەسەر داوای دایکان و باوکان لە ئێستادا چەند خوێندکارێک دەگەیەنێتە خوێندنگا و دوای کۆتایی هاتنی وانەکانیان دەیان گەیەنێتەوە ماڵەوە، لە بەردەوامی چیرۆکەکەیدا باسی تێڕوانینی هاوڵاتیان دەکات و دەڵێت: "هاوڵاتیان بە گشتی زۆر هاندەرم بوون و ئەوانەی ڕەخنەیان کردووم بە پەنجەکانی دەستم دەژمێردرێن."

 

 نەسرینی شۆفێر بێ جیاوازی ژمارەکەی دەدات بە هەردوو ڕەگەز بۆ خواستی گەیاندن و پێشی وایە ژنان زیاتر هاوکاری دەکەن و متمانەیان پێیەتی و ئەو وەک شۆفێری خۆیان دەستنیشان دەکەن.

 

"خێزانەکان ترسیان هەیە لە شۆفێرانی پیاو"

لە بەرامبەر پرسیاری ئایا پاڵپشتی هیچ ژنێکی دیکەت کردووە هەمان کارەکەی تۆ بکات لەم شارەدا نەسرین دەڵێت: "وەک کاری تەکسی نەخێر بەڵام کاری گواستنەوەی خوێندکار بەڵێ، یارمەتی ژنی ترم داوە و ئێستا لە ناو کاردان، چونکە بەهۆی ئەو ڕووداوانەی ڕۆژانە ڕوو دەدەن خێزانەکان ترسیان هەیە، پێیان باشە لەگەڵ شۆفێرانی ژن هاتوچۆ بکەن،" دەشڵێت هەوڵ دەدات لە ئایندەدا پاڵپشتی خوشکەکەی بکات و ببێتە شۆفێری تەکسی.

 

ئەم شۆفێرە دەڵێت: "من شەوانە کاتی گەڕانەوەم بۆ ماڵ دەستدەکەم بە کاری ناوماڵ و هەر بە شەویش خواردنی ڕۆژی دواتر دروستدەکەم بەم شێوازە توانیوومە هاوسەنگی دروستبکەم لە نێوان کاری دەرەوە و ماڵەوەدا."

 

هاوڕێکانی نەسرین پشتیوانی بوون

هاوڕێکانی فەرمانگەکەی باس لەوە دەکەن نەسرین کچێکی زۆر بەتوانایە و توانای ئەنجامدانی هەموو کارێکی هەیە هەر بەو هۆیەوە سەرەتا کە دەستی بە کاری تەکسی کردووە هەموو پاڵپشتی بوون و ئێستاش داوای بەردەوامبوونی لێ دەکەن و لە دوای نەسرین ژمارەی ژنانی شۆفێری تاکسی لە شاری سڵێمانی ڕوو لە زیادبوون دەکات.

 

ئەم ژنە شۆفێرە دەڵێت: " باشبوونی باری دارای و موچە نابێتە هۆی ئەوەی لە کارەکەی جیا ببێتەوە و دەڵێت پشتگیری سەرنشینانم وادەکات بەردەوام بم، نەسرین داواکارە شۆفێرانی پیاو دژایەتی نەکەن و حکومەتیش ڕێگە بدات بۆ بەردەوام بوونی."

 

ت.پ