شۆخان لە بواری تەکنەلۆجیا خەڵاتی لاوی ساڵی وەرگرتووە

شۆخان جەمال ژنێکی چالاکی شاری هەڵەبجەیەو دەرچووی بەشی ئینگلیزییە، بەهۆی ئەوەی ئەپڵیکەیشنێکی دروستکردووە کە لە خوێندنگاکاندا بەکاردێت و مامۆستاو دایک و باوکی خوێندکار پێکەوە دەبەستێتەوە، خەڵاتی لاوی ساڵی لە بواری تەکنەلۆجیا پێدراوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- شۆخان خەڵکی شاری هەڵەبجەیەو وەک خۆی باسی دەکات هەر لەسەرەتای خوێندکاریەوە دەستیکردوە بە وانە وتنەووەو لە ڕێکخراوە نیودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا ئەندامەو چەندین چالاکی جۆربەجۆری ئەنجامداوە، لە ساڵی ٢٠٢١ لە لایەن سەنتەری گەشە پێدان و لاوان بەهۆی دانانی ئەپڵیکەیشنی "family school zone"، خەڵاتی لاوی ساڵی پێ بەخشراوە.

 

"مەبەست لە دانانی ئەم ئەپە نزیک کردنەوەی مامۆستاو خێزان خوێندکارە"

شۆخان باس لەوەدەکات، لە نێوان خێزان و دایک و باوکی منداڵ و مامۆستا لە قوتابخانە بۆشاییەکی زۆر دروست ببوو، دەڵێت: "ئەگەر سەیری وڵاتانی ئەوروپا بکەین کە دایک و باوکی خوێندکار لە هەفتەیەکدا چەند جارێک سەردانی خوێندنگا دەکەن بەڵام لای ئێمە تەنها سەرەتای دەستپێکردنی دەوام یان کۆبوونەوەی دایکان و باوکان سەردان دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەى کە بۆشاییەکی زۆر دروست ببێ و ڕاستی دەشاردرێتەوە لە خێزانەکەیان"، لەبەر ئەم هۆکارە شۆخان بیری کردەوە کە سیستەمێک هەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام دایک و باوک ئاگاداری سەرجەم چالاکییەکانی خویندنگای منداڵەکانیان ببن.

 

"کە بیرۆکەکەم کەوتە مێشک خستمە بواری جێبەجێکردن و لەسەر چەند خوێندنگەیەک تاقیم کردەوە"

شۆخان بە وردتر باس لە ئەپەکەی دەکات و دەڵێت: "پاش ئەوەی فکرەکەم بردە ڕێکخراوێکی ئەمریکی، لەلایەن ڕێکخراوەکەوە خرایە بواری تاقیکردنەوەو جێبەجێکردنەوە، زۆربەی دایک و باوک بەدڵیان بوو، وردە وردە کارەکەمم بچوک کردەوە بۆ ئەو ئامانجەی خۆم دەمەوێت، دوای ئەوەش لەلایەن چەند خوێندنگایەکی ئەهلی تاقیکرایەوەو چووە بواری جیبەجێکردنەوە".

 

"لەڕێگەی کارەکەمەوە سێ کەسی تر پاڵپشتی داراییان وەرگرتووە"

شۆخان بەهۆی بیرۆکەکەی لەلایەن سێ خوێندنگەو رێکخراوێکی ئەمریکیەوە پاڵپشتی دارایی "فەند"ی پێ دراوە، بەو پاڵپشتییە داراییە لەگەڵ سێ کەسی تر توانیویەتی ئەپەکەی پێ تەواو بکات، شۆخان باس لەوە دەکات ئەپەکە لە سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و وێب بەیسدا هەیەو ئەو بەشەی کە لە کۆمپیوتەردا هەیە باس لە ڕێکخستنی خویندنگا دەکات وەک هەژمارو ژمارەی مامۆستاو خوێندکار.

 

ئەپڵیکەیشنی ناو مۆبایلیش، خێزانی خوێندکارو خوێندکارەکە خۆی بەکاری دەهێنێت کە ژمارەیان ١٦ مارکێتەو لە سەر داواکاری مامۆستاو دایک و باوک، خوێندکار کراوەو لەسەر ئەو بنەمایە لە بواری تەکنەلۆجیا خەڵاتی لاوی ساڵی وەرگرتوە.

 

لەکۆی ١٣ کەس، شۆخان یەکەم کەس بووە کە خەڵاتی لاوی ساڵی لە بواری تەکنەلۆجیا بەدەست هێناوە، لە درێژەی قسەکانیدا ئشکرایکرد، کە لە ئێستادا کۆمەڵێ خوێندنگا داوایان کردووە بەڵام ئیشەکەیان فراوانترە، پێویستی بە پاڵپشتی دارایی ترهەیە.

 

لەکۆتاییشدا داوا دەکات ژنان  ئامانج و پلانیان هەبێت و هەوڵ بدەن هەنگاوی ڕاست و دروستیان هەبێت و سارد نەبنەوە لەکارکردن، دەبێت ڕێگاو پلان و کەسەکانیش بگۆڕن بۆئەوەی بگەن بە ئامانج.