"پێویستە ژنان بەهرەکانیان بەکاربهێنن، ئابوری خاڵێکی زۆر گرنگە"

ویستی ژنان بۆ کارکردن و ئابوری سەربەخۆ تا دێت فراوانتر دەبێت، لانە ئەحمەد کە ئەندازیارە و کاری سەربەخۆی بۆ خۆی هەڵبژاردووە دەڵێت: "هەرکات کە تۆ بەهرەکانت بە شێوەیەکی لێهاتویی بەکارهێنا ئەوا باری ئابوریت خۆی لەخۆیدا جێگیر دەبێت، ئابوری خاڵێکی زۆر گرنگە لە

ویستی ژنان بۆ کارکردن و ئابوری سەربەخۆ تا دێت فراوانتر دەبێت، لانە ئەحمەد کە ئەندازیارە و کاری سەربەخۆی بۆ خۆی هەڵبژاردووە دەڵێت: "هەرکات کە تۆ بەهرەکانت بە شێوەیەکی لێهاتویی بەکارهێنا ئەوا باری ئابوریت خۆی لەخۆیدا جێگیر دەبێت، ئابوری خاڵێکی زۆر گرنگە لە ژیانی هەر تاکێک".

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- بونی هاوسەنگی بۆ ژنان زۆر بواری ژیان دەگرێتەوەو بۆ دروستکردن و ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییەش هۆکار و ئامڕاز و کارلێککەریی زۆر هەن لەوانە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگه و بەئاگاهێنانەوەی ژنان خۆیان لە مافەکانیان و بڕواهێنانی کۆمەڵگە بۆ داننان بە مافەکانی ژنان، یەکێک لەو بوارانە ئابورییە، بە جۆرێک ئابووری سەربەخۆ و جێگیری ژنان توانای وەڵامدانەوەی کردەییان بەهێز و کاریگەر دەکات بەرامبەر شەپۆلەکانی دەست بەسەرداگرتنە هەمەلایەنەکانی کۆمەڵگەو ڕەگەزی بەرامبەردا، ئەو تێڕوانینە چەقبەستووەش تێکدەشکێنێ کەژنان تەنیا ئامڕازی جوانکاری و ڕەمزی ناوماڵ بن.

 

هەروەک چۆن داگیرکاری ئابوری مەترسیدارترین جۆرەکانی داگیرکارییە و دڕندانەترین ڕێبازی داڕوخان، پوکاندنەوەو هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگایە، داگیرکاری ئابوری بۆ سەر ژنان زۆر لەوە مەترسیدارترەو ژنان لە قاڵب دەدات، لە ڕاستیدا قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری گەیشتووەتە ترۆپکی خۆی بەڵام ژنان بەدوای ئافراندنێکی واتاداری مێژویی ئازادی دەکەون، سەرکەوتن لە دۆزینەوەی خۆبوون و تیکۆشانی بەردەوام دژی خۆبەدەستەوەدانی سەپێندراو بەسەر کەسێتی ژن و دژی لە قاڵبدانی ژن لە ڕو ی ئابوریەوە.

 

ژنان چ لە ماڵەوە بن یان لە مەیدانی گشتی ئەوان بێئاسایش و ئەنگاوتەی چەوساندنەوەن مەگەر دەزگاو و سیستمەکانی خۆیان دابمەزرێنن، زۆر گرنگە ژنان ئەڵتەرناتیڤێکی ڕێکخراو لە هەموو مەیدانەکانی ژیاندا بە تایبەت ئابوری گەشە پێبدەن.

 

سەرەتای دامەزراندنی ئابوری لەلایەن ژنانەوە دامەزراوە کە کاروباری ماڵ و منداڵ و پێداویستی خێزان لەلایەن ژنانەوە پلانی بۆ دارێژراوە بۆ ئەوەی خێزانەکەی هیچ کەم کورتییەکی نەبێت لە پێداویستەکانی، بەشداری بوونی ژنان لە کاروباری ئابوری بۆ ڕکابەری پیاوان نەبووە، بەڵکو ژنان وویستویانە سەربەخۆیانە بەبی پشت بەستن بە پیاوان بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن.

 

هەروەها ئابووری سەربەخۆی ژنان یارمەتیدەرە کە ژنان زیاتر بچنە کۆڕەکانی خۆسەلماندنی سیاسی و ڕووناکبیری و کلتوریی کۆمەڵگەکان و بەرەوپێشچوونە سەردەمیەکاندا، کاتێک ژنان بڕیار دەدەن کە بەئاڕاستەی گەڕانەوەی قووت و شکۆی خۆیان بەرەو بونیادنانی ئابووری سەربەخۆ لە ماڵەکان بچنە دەرەوە، بەهەمان ئاڕاستەش بەشداریکردنیان لە چالاکییە مرۆییەکاندا زیاتر دەبێت، بەهەمان مەوداش کۆت و بەربەستەکانی بەردەم ژنان وەک مرۆڤێکی ئازاد دادەڕمێ و لاوازدەبێت.

 

کارکردنی ژنان کاریگەری لەسەرگۆڕینی ڕەوتی کۆمەڵگاو داب و نەریتی دەبێت ئەمانە ئاماژەیەکی باش دەبن بۆ ئایندەی ژنان و لەم ساڵانەی دوایدا کارکردنی ژنان چۆتە قۆناغێکی نوێوە و جگە لەدامەزراوە فەرمییەکان ژنان بەشێوازی سەربەخۆ لەکەرت و شوێنەجیاوازەکاندا هەوڵی کارکردنی خۆیان داوە، وەک سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر ڕۆلیكی گرنگ دەبینن.

 

ئەندازیار لانە ئەحمەد دەرچووی بەشی شارستانی ئاودێری زانکۆی سلێمانی نمونەی یەکێکە لەو ژنانەی کە دوای تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە هەرچەندە وەک فەرمانبەر دادەمەزرێت بەڵام ویستی ئەوەبووە کە باری ئابوری خۆی زیاتر پەرە پێبدات، بۆیە لە ئێستادا ئۆفیسی تایبەتی خۆی دامەزراندوەو کاری دیزاینی ناوەوە دەکات.

 

ئەندازیار لانە دەربارەی ئەو کارەی بۆ ئاژانسی نوژنها قسەی کردو وتی: "کاری دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژە دەکەین، وەک بیرۆکە لە ٢٠١٨ بیرۆکەکەم لا دروست بوو لە ٢٠١٩ دەستبەکار بووم، کارەکە ئەوەیە کە زەویەک هەیە ئەتەوێ نەخشەی بۆ بکێشی ئێمە نەخشەکەی بە دیزاینێکی نوێ بۆ ئامادە دەکەین و دواتر دیزاینی کەلوپەلی ناوەوەشی بۆ دەکەین بە ڕادەستکردنی تا کلیلی بیناکە".

 

"هەر گرفتێک ڕووبەرووم بووەتەوە وتومە دەیبەزێنم"

لانە ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد کە هیچ شتێک نییە گران بێت یان مەحاڵ بێت بەڵکو چۆنیەتی مامەڵە کردن و گفتوگۆ ڕۆڵ دەبینێت کە چۆن ڕووبەروی گرفتەکان ببیتەوە، دەڵێت: "هەرکاتێک گرفتێک ڕووبەڕووم بووەتەوە وا سەیرم کردووە کە دەیبەزێنم، هەڵبەتە کۆمەڵێک پاڵنەری ئەرێنی هەبوون کەسانی باش کە پاڵپشت بوون بۆم لەگەڵ کەسانی نەرێنی، باسی ئەرێنییەکە دەکەم باوکم و دایکم و خیزانەکەم بە گشتی پاڵپشتی سەرەکی من بون بۆ دەستپێکردنی ئەم کارەو گەورەبوون بە بێ ترس چونکە لەهەموو کارێکی نوێدا ترسێکت بۆ دروست دەبێت، بەڵام کەسانێک هەمیشە لە پشت بن و بڵێن دڵنیایین لە تواناکانت ئەمە پاڵپشتییەکی زۆر گرنگە".

 

"پێویستە ژنان بەهرەکانیان بەکاربهێنن، ئابوری خاڵێکی زۆر گرنگە"

ئەندازیار لانە ئەوەشی وت کە ڕەنگە لەم کۆمەڵگەیەدا پێویست بێت کۆمەڵێک ژنی زۆر زۆر بیر لەوە بکەنەوە بەهرەکانیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن ئابورییەکی تایبەت بەڵام وەک شتێکی گرنگ کە ئەو کەسایەتییەی خۆت کە دەیدۆزیتەوە لەو شتەی کە خۆت بەتوانایت تێیدا، وتیشی: "هەرکات کە تۆ بەهرەکانت بە شێوەیەکی لێهاتویی بەکارهێنا ئەوا باری ئابوریت خۆی لەخۆیدا جێگیر دەبێت، ئابوری خاڵێکی زۆر گرنگە لە ژیانی هەر تاکێک، ئێمە وا ڕاهاتووین کە ژیانمان هەر لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بێت بۆ نمونە تەنها نان ئامادەکردن و منداڵ بەخێوکردن و کاری ناوماڵ هەرچەندە ئەمە خاڵی سەرەکیە بەڵام گرنگ ئەوەیە ژن لەناو ئەمەدا خۆی لە یاد نەکات، من خودی خۆم کێم؟ ڕاستە دایکم و هاوژینم بەڵام من خۆم کێم؟ بۆیە کارێکم هەڵبژارد کە خۆمم تێیدا دۆزیەوە".

 

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە هەموو کەسەکان دەمرن بەڵام هەموو کەسەکان ناژین، وتیشێ: "لێرەدا ژیان کۆمەڵێک خاڵی زۆر دەگرێتە خۆی کەسانێک هەموو ڕۆژێک لەخەو هەڵدەستن و دەخەونەوەو هیچ ئەنجام نادەن، من دژی ئەم بیرۆکەیەم، من ئەو کاتەی ئەم ئۆفیسەشم نەبوو هەرگیز بێ کار دانەنیشتووم، خولی درومانیم بینیوەو بە پلەی دووەم دەرچووم، بەلامەوە مەبەست بوو کە ڕۆژانە شتێک ئەنجام بدەم و لە داهاتوودا بۆ ژیانی خۆم سودی لێ ببینم، من کە کارێک بکەم و لە کۆتایی کارەکەدا بڕە پارەیەک وەربگرم و بتوانم شتێکی بۆ خۆم پێبکڕم هەست دەکەیت کە ئەمە ئەنجامی ئەو ماندووبونەوەیە کە تۆ کردوتە ئەمە دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی لە داهاتودا زیاتر هەوڵ بدەیت بۆ ئەوەی ئابوریەکی سەربەخۆت هەبێت بۆ بەدیهێنانی خەونەکانت"

 

"دەبێت چوارچێوەی ئەم خێزان و کۆمەڵگەیە ببەزێنین"

لانە ئەحمەد دەربارەی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ تواناو هەبوونی ئابوری سەربەخۆ بۆ ژن، وتی: "ژن تواناکانی زۆر لە ڕادە بەدەرە چ ئەوەی بە خۆی دەزانێت کە توانای هەیە و دەستی بەکار کردووە، چ ئەوەی بە توانای خۆی دەزانێت و ڕێگری لێکراوە، چ ئەوەی بە توانای خۆی نازانێت و دانیشتووە، هەرسێ جۆرەکە توانایاکی زۆریان هەیە لەهەر شتێک کە بیانەوێت، چونکە ژن کاتێک کارێک ئەنجام دەدات دڵنیام زۆر بە لێهاتوویی ئەنجامی دەدات چونکە هەر ئەو ژنەیە کە ڕۆژێک دەبێت بە هاوژین و ڕۆژێک دەبێت بە دایک ئەم دوو کارە قورسترین کارە کە بخرێتە سەر شانی کەسێک، لەبەر ئەوە کارێک لە دەرەوەی ماڵ ئەوەندە قورس نییە بۆ ژنێک کە جێی گومان بێت بڵێی ناتوانێ بیکات، وەک کۆمەڵگە بەڵێ لە ئێستادا من کەسانێک دەناسم ڕێگریان لێکراوە کە دەست بە کاری خۆیان بکەن، ئەوەش بەهۆی کلتوری خیزانەکە یاخود کۆمەڵگە ، پێموایە دەىیت ئەم شتانە ببەزێنین، دەبێت چوارچێوەی ئەم خێزان و کۆمەلگەیە ببەزێنین".

 

ئەوەشی خستەڕوو کە خۆڕێکخستن و ڕێکخستنی ئابوری ژنان پەیوەندی بە هۆشیاری کەسی بەرامبەرهەیە، ئەوەی بەدەستی دەهێنیت چۆن دەتوانی خەرجی بکەیتەوە چونکە ناکرێت ماندووبیت و هیچت دیار نەبێت، هەروەها ئەو دۆخەی ئێستا تێیدایت ئەنجامی ڕابردووە بۆیە ئەگەر دەتەوێت داهاتووت باش بێت دەبێت بزانی ئێستا چی ئەنجام دەدەیت، زۆر گرنگە هەر کەسێک ئابوری سەربەخۆی خۆی هەبێت و کارەکانی بەڕێکی بەڕیوەببات.

 

"ڕەنج دان سنوری نییە"

ئەندازیار لانە ئەحمەد دەڵێت: "ڕەنج دان هەرگیز سنوری نییە، من بیر ناکەمەوە لە ڕۆژێکدا کە چەندێک ڕەنجم داوە، بەڵکو بیر دەکەمەوە کە لەڕۆژێکدا چەندم شت ئەنجام داوە، ئەگەر چاوم لەوەبێت کە چەند ماندوو بم ئەوا دەبێتت لە دوو کاتژمێری سەرەتای ڕۆژەکەدا بچمەوە ماڵەوە، چونکە کە تۆ کاری ناوماڵ و میوان و ئۆفیس و کار لەسەر دوو کۆمپیوتەر بکەیت و بۆ مامەڵە کردن دوو ژمارە مۆبایل بەکاربهێنیت ئەمە ماندووبونێکی زۆر زۆرە، لەبەر ئەوە نابێت سنور بۆ ڕەنج و ماندوو بون دیاری بکەیت، کە کارێک وەردەگرم من دوو مانگ شەو ڕۆژ ناخەوم بە دیاریەوە چونکە بیر لەوە دەکەمەوە کە کارەکە بە جوانی ئەنجام بدرێت، جێدەستم دیار بێت لەو شوێنەی کە من کارم لێی کردووە".

 

لە کۆتاییدا دەربارەی ئەوەی کە خۆی بەڕێوەبەری ئۆفیسەکەیەتی و چۆن کار دەکات وتی: "خۆم بەڕێوەبەری دیزاین و ئۆفیسەکەم، ستافم هەیە ڕۆژانە لەگەڵ هەموو ستافە جیاوازەکان کە پەیوەندیان بە کارەکەوە هەیە کۆدەبینەوە، هەستێکی خۆشم هەیە چونکە هەر کەسێک لە ئیمە کاتێک بڕیار دەدات شتێکی گەورە بکات باکگراوندێکی زۆری هەیە چ خۆش چ ناخۆش، ڕۆژانە کە دەبینیت یەیتە ئەو شوێنەی کە خۆت دروستت کردوە بە ڕەنج و ماندووبون و بیرۆکە و ساتەکانی ژیانت، بۆیە ناتوانم بە دێڕێک و چەند وشەیەک باسی بکەم".