دەربەندیخان، ژنێک ٢٠ ساڵە کاری ڕاگەیاندن دەکات

سەرەڕای گرفتە کۆمەڵگەییەکان، خۆشەویستی بۆ پیشەی ڕاگەیاندن پشوو درێژی لە کارەکەی پێ بەخشیووە، تا ئێستاش وەک تەنیا ژنی شارۆچکەی دەربەندیخان بەردەوامە لە پیشەکەی.

 

هەوار محەمەد

گەرمیان- ئەو ژیانی بە ڕاگەیاندن بەخشیووە، خێزانەکەی هەمیشە هاوکاری بوون لە بەردەوامی و سەرکەوتنەکانی، لە ئێستاشدا لە تەنیشت کاری ڕاگەیاندنەوە، لە ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانیشدا جێدەستی وەک ژنێک لە دەربەندیخان دیاریکردووە.

 

ئەدیبە ئەحمەد سەمین، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی دەربەندیخانە، ماوەی ٢٠  ساڵە بە پشوو درێژی و وەک تاکە ژن لە پیشەی ڕاگەیاندندا بەردەوامە، ئەدیبە خۆشەویستی زۆری بۆ کاری ڕاگەیاندن و شارۆچکەکەی هەیە و بووەتە هۆی پشوو درێژییەتی سەرەڕای کۆسپەکانی هاتوونەتە ڕێگای، ئەو سەرەتای کاری ڕاگەیاندنی بە پەیامنێری دەستپێکردووە، دواتر لە تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە، گۆڤار و سایتەکان بەردەوامی بە پێشەکەی داوە، لە ئێستاشدا وەک پەیامنێری دەربەندیخان لە کەناڵی ئاسمانی سپێدە و ڕادیۆی سپێدە بەردەوامە.

 

خوشکە گەورەکەی هاوکاری سەرەکی بووە

ئەدیبە باس لە ئەزمونی کاری بۆ ژنها دەکات و دەڵێت: لە ڕابردوودا ڕێبواری ماڵی باوکم بووم بەڵام هەمیشە ژنێک هاوکارم بوو و پشتگیری دەکردم، ئەویش نازداری خوشکە گەورەم بوو، لە ئێستاشدا هاوژینەکەی.

 

ئەدیبە باس لە ئاستەنگی و گرفتەکانی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە شارۆچکەکە دەکات و پێی وایە کە گرفتەکان پەیوەندیدار نین بە لایەنێکەوە بەڵکو گشتین، هاوسەرگیری و کەمی داهات بە هۆکارێکی کاریگەر دەبینێت لە وازهێنان و دوورکەوتنەوەی ژنان لە کاری ڕاگەیاندن، سەرەڕای ئەوەی ژن هەبووە ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ کاری ڕاگەیاندنی کردووە، بەڵام بە هۆکارێکی کۆمەڵگەیی ناچار بە دوورکەوتنەوە و وازهێنان لە راگەیاندن کراوە، ئەدیبە دەشڵێت: گرنگ ئەوەیە ژن نەوەستێت لەو کارانەی کە خزمەت بە خۆی و کۆمەڵگە دەکات.

 

سەبارەت بە کاری ڕاگەیاندن ئەدیبە ڕای وایە: لە کاری ڕۆژنامەوانییدا ژنان توانایان زیاترە لە پیاوان، بەڵام پێویستان بەوەیە هاوکاری بکرێن و ڕێگری لە ئازادییەکانیان نەگرن، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ژن نەوەستێت لە هەر کارێک دەستپێدەکات و بە کرداری بتوانێت کارەکەی بەرجەستە بکات بە باوەڕ بە خۆبوونەوە.

 

جگە لە کاری ڕاگەیاندن، کاری ڕێکخراوەیش دەکات

ئەدیبە ئەحمەد سەمین جگە لە کاری میدیا ساڵانێکیشە لە بواری گەنجان و ژنان و خێرخوازیدا کار دەکات، لە هەمان کاتیشدا یاریگایەکی وەرزشی لەشجوانی تایبەت بە ژنانی کردووەتەوە و خۆی بەڕێوەی دەبات، کە تاکە یاریگایە لە شارۆچکەکەدا هەموو کاتەکانی تایبەتە بۆ وەرزشکردنی ژنان.

 

سەبارەت بە کارە جیاوازەکانی لێمان پرسی چۆن کاتەکانت دابەش دەکەیت و چەند ئاسودەیت لەگەڵیاندا بەم شێوەیە وەڵامی ژنهای دایەوە: هەریەک لە گەنجان، ژنان و هەژاران پێویستیان بە ئێمەیە کە وەک ژن هاوکاریان بین، بەدەمەوە چونمان بۆیان هەبێت، بۆیە زۆر ئاسودەم لەگەڵ کارەکانم، تایبەت کارە خێرخوازیییەکانم ژیان بە من دەبەخشێتەوە.

 

ت.پ