"بە کوبەیەک دەستم پێکرد و ئێستا خاوەنی ٤ چێشتخانەم "

ژنێکی چێشلێنەر ١٣ ساڵە خواردنگەی خۆی هەیە و تەنها خواردنی کوردەواری پێشکەشی میوانەکانی دەکات، مافی کارمەندە ژنەکانی دەپارێزێت و دەڵێت بە کوبەیەک دەستیپێکردووە و ئێستا خاوەنی ٤ خواردنگەیە.

ژنێکی چێشلێنەر ١٣ ساڵە خواردنگەی خۆی هەیە و تەنها خواردنی کوردەواری پێشکەشی میوانەکانی دەکات، مافی کارمەندە ژنەکانی دەپارێزێت و دەڵێت بە کوبەیەک دەستیپێکردووە و ئێستا خاوەنی ٤ خواردنگەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

کەلسوم ئامین ماوەی ١٣ ساڵە لەناو شاری سلێمانی خاوەنی چێشتخانەیەکی ژنانەیە و سەرجەم کارمەندانی چێشتخانەکەی ژنن، تەنها خواردنی کوردەواری پێشکەشی میوانەکانی دەکات، ئەو دەڵێت بەکوبەیەک دەستیپێکردووە و ئێستا خاوەنی ٤ خواردنگەیە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر، ئەم چێشلێنەرە لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە دەستی بەم کارە کردووە و ماوەی ١٣ ساڵە بەردەوامە.

 

کەلسوم دەڵێت ڕۆژێک بیری لەوە نەکردووەتەوە ببێتە چێشتلێنە، بەڵام دوای پێشنیاری هاوڕێکانی دەستی بە دروستکردی کوبە کردووە لە ماڵەکەیدا، پاشان شفتە و کفتەی هاتووەتە سەر و لە دوای زۆر بوونی کڕیارەکانی بڕیاری دانانی چێشتخانەیەکی داوە، سەرەتا لە خانویەکی دوو ژووری خنجیلەدا چێشتخانەکە دەکاتەوە، خۆی و ١٥ ژن خواردنی کوردەواری پێشکەش بە میوانەکانیان دەکەن، دوای بەناوبانگبوونی کەلسوم لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ ڕێکخراوی "یو ئێن" باس لە خەونەکەی دەکات کە کردنەوەی خواردنگەیەکە ژنان بەڕێوەی ببەن، لە دواتردا بە هاوکاری ڕێکخراوەکە چێشتخانەکەی گەورە دەکات و ناوی دەنێت "چێشتخانەی خاتوو کلسوم" وە ٣٧ ژن کاریان تێدا کردووە.

 

ئەم خاوەن چێشتخانەیە لە درێژەی قسەکانیدا وتی:  ئێرە وەک قوتابخانەیەکە بۆ ئەو ژنانەی کاری تێدادەکەن، من زۆر سەر بەرزم بەوەی کە هەندێک لەو ژنانەی لە چێشتخانەکەی من بوون، ئێستا بوونەتە خاوەنی چێشتخانەی خۆیان، خوازیاریشە هەموو ئەو ژنانەی لای ئەو کار دەکەن ببنە خاوەن کاری خۆیان.

 

کەلسوم دەڵێت: کارکردن گۆڕانکاریەکی گەورە دروستدەکات لە ژیانی هەموو تاکێکدا، بۆیە هیوادارم هەموو ژنان بوێریان هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەی دەیانەوێت، چونکە کاتێک بوێریت خستە ناخی خۆتەوە دەتوانیت هەموو هەنگاوێک بنێیت.

 

خاتوو کلسوم لە ئێستادا خاوەنی ٤ چێشتخانەیە سیانیان لە سلێمانی و یەکێکیان لە هەولێرە، بە نیازیشە لە داهاتوودا لە شاری دهۆکیش خواردنگەیەک بکاتەوە، هەروەها بە ئێمەی ڕاگەیاند کە بیرۆکەیەکی جیاوازی لە خەیاڵدایە و بەم نزیکانە جێبەجێی دەکات و لەم کارەشدا پێشەنگ دەبێت.

 

ت.پ