ژنان و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا...لوبنان
لە باشوورەوە تا بەقاع، لە کامپەکانی پەنابەرانەوە تا کایەی دیجیتاڵی، گۆڕەپانەکانی ستەم زۆرن، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی ژنانی لوبنانی کەم نەبووەتەوە، بۆ هەر چیرۆکێکی مانەوە کە دەگێڕدرێتەوە، چیرۆکێکی دیکە لە سێبەردا دەنێژرێت.
فادیا جومعە
لوبنان- لە ناو ئەو وێرانکارییانەی کە شەڕ و شەپۆلەکانی ئاوارەبوون و کۆچکردنی لیدەکەوێتەوە، ژنان تەنها زیانبەرکەوتووی ڕۆڵی لاوەکی نەبوون، بەڵکو ئەوان لە دڵی کارەساتەکەدا بوون، ڕووبەڕووی توندوتیژی نوێ بوونەتەوە کە بچووکترین وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیانی گرتەوە، ئەم توندوتیژییە ئیتر وەک جاران ئاشکرا نییە، وردتر بووە، فریودانەتر بووە، ڕژاوەتە ناو ماڵەکان و فەرمانگەکانی یارمەتییەکان و تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە و هەموو دامەزراوە دەوڵەتییەکان کە دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان قووڵتر دەکەنەوە.
لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەماندا، ئێمە تەنها دەرکەوتەکانی توندوتیژی بەڵگەنامە ناکەین، بەڵکو هەوڵدەدەین ڕەگەکانی شی بکەینەوە، کە درێژدەبنەوە بۆ سیاسەت و ئابووری و یاسا، ئەمەش هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن توندوتیژی دژی ژنان لە ڕووداوە گۆشەگیرەکانەوە گۆڕاوە بۆ سیستمێکی سیستماتیکی و پێکهاتەیی، ئەم سیستمە بە کولتووری باڵادەستی پیاوسالاری-دەوڵەت سووتەمەنی دەدرێت، کە بە سیاسەتی گەندەڵ یاسای دەدرێت و لەلایەن دامەزراوەکانەوە ڕادەستی دەکرێت.
ئەمساڵیش بۆ ژنان لە لوبنان بێبەری نەبوو، بە پێچەوانەوە، لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانەکانی دەوڵەت، قەیرانی کۆمەڵایەتی توندتر بوو و ساڵەکە بە شەڕ و کۆمەڵکوژییەوە دیار بوو، ئەم دۆخەش وایکردووە وڵات لە هەموو کاتێک زیاتر لاواز بێت بۆ ژنان، لەگەڵ شەڕەکە، داڕمانی ئابووری و سستبوونی سیستەمی کارگێڕی بووەتە هۆی تێکچوونی نزیکەی تەواوەتی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، لەگەڵ تێکچوونی نۆرمەکانی ڕەگەزیدا بووە کە یاسای بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەدەن، ژنانی ئەمڕۆ لە دڵی شەڕێکی نەبینراودان، شەڕێک نەک تەنها بە چەک، بەڵکو بە هەژاری و گۆشەگیری و بێدەنگی و خیانەتی یاسایی.
توندوتیژی چیتر ڕووداوێکی گۆشەگیر و کەیسێکی ناوازە نییە، بەڵکو بووەتە ئەو زمانەی کە لە نەبوونی دادپەروەریدا ژیان بەڕێوەدەبات، ئەم ڕاستیە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ڕووخانی سیستمی سیاسی و شکستی سیاسەتەکانی دروستکردنی متمانەیە لەناو کۆمەڵگە و لە لایەن ژنان و هاوبەشی یاساکان لەگەڵ هەژموونی کولتوور، ئەو توندوتیژییە بەربڵاوەی دژی ژنانە چیتر تەنها دیاردە نییە؛ دەبێت وەک ڕەنگدانەوەی وڵاتێک سەیر بکرێت کە بەها و دادپەروەری تێیدا پارچەبوون.
بۆ هەر چیرۆکێکی ڕزگاریخوازی کە دەگێڕدرێتەوە، چیرۆکێکی دیکە هەیە کە لە سێبەرەکاندا نێژراوە، لە وڵاتێکدا کە دادپەروەری تێکچووە، خۆڕاگری ژنان تاقی دەکرێتەوە، زۆربەی کەیسەکانی توندوتیژی لە لوبنان بێ بەڵگەنامە دەڕۆن و زۆرجار لە ڕووی یاساییەوە دانیان پێدانادرێت، بەڵام توندوتیژی بە بێدەنگی دەڕژێتە ناوەوە، وەک ڕووخسارێکی نەبینراوی لوبنان، دەکرێت لە ناو خێزان و لە شوێنی کار و لە هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەدا ڕووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام ئەم ڕاستیە زۆرجار لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگوێ دەخرێت و شوێنەواری نەسڕاوە لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت، ئەم دۆخە شەڕێکی ڕانەگەیەندراو لە دژی ژنان ئاشکرا دەکات، کە لە سەرانسەری خێزان و شوێنی کار و سیستەمی یاساییدا درێژدەبێتەوە و هەموو وڵاتەکەی دەگرێتەوە.
توندوتیژی لە نێوان بێدەنگی فەرمیدا پەرەدەستێنێت
لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕ و شەپۆلەکانی ئاوارەبوون لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، مەترسییەکانی توندوتیژی خێزانی و دامەزراوەیی زیادیکردووە، بەتایبەتی لە کامپەکانی باشوور و بەقاع و باکوور، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بووەتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پاراستن لە ڕێگەی تۆڕە نەریتییەکانەوە کە زۆرجار نادادپەروەرانەن.
عینایە عیزەدین، سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ژنان و منداڵان، دووپاتی کردەوە، کە پەرەسەندنی هێرشەکان و فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و زیادبوونی ژمارەی ئاوارەی زۆرەملێ کاریگەری ڕاستەقینەی لەسەر کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی، خۆراک و ئابووری هەبووە.
لە تاوانەکانی دژی ژنان و منداڵاندا، میکانیزمەکانی دەوڵەت بۆ دادگاییکردنی تاوانباران و سەپاندنی سزاکان بە لاوازی ماونەتەوە، ئەم لاوازییە دەبێتە هۆی بێبایەخکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان و چاوپۆشی لەو تاوانانەی کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێن، هەرچەندە تاوانەکانی دژی ژنان زۆرجار بەڵگەدار وڕوون دەردەکەون، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لە تاوانباران و میکانیزمەکانی لێپرسینەوە زۆرجار ناڕوون دەمێننەوە یان لە چاوی هاوڵاتیان شاراوەن، ئەم ڕاستیە، بە جۆرێکتر دەبێتە هۆی بێتاوانکردنی تاوانبارانی پیاو لەلایەن خودی دەوڵەتەوە، وەک هیومان ڕایتس وۆچ بەڵگەی لەسەر کردووە، بێ سزایی لە یاسادا چەسپاوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان لە نێوان بێدەنگی فەرمی و هاوبەشی دامەزراوەیی.
توندوتیژی دیجیتاڵی: گۆڕەپانێکی نوێ بۆ سەرکوتکردن
ساڵی ٢٠٢٥ شایەتی زیادبوونی بەرفراوانی توندوتیژی ڕێکخراو دژی ژنان بوو لە دیمەنی دیجیتاڵی ڕاگەیاندندا، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێستا زۆرێک لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەو چارەسەرانە لە قاڵب دراون کە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام دەکەن و بەرهەمی دەهێننەوە، ئەم ڕاستیە بە تایبەتی لە لوبنان دیار بوو، کە ژنان بە تایبەتی ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران بوونە ئامانجی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان کە پەیوەست بوون بە هەڵمەتی چەواشەکاری و هەوڵی ڕەشبگیری و قسەی تۆڵەسەندنەوە یان پاڵنەری سیاسی، ڕاپۆرتەکانی "مەهارات" و SMEX" ئاشکرایان کردووە، کە ٨ لە ١٠ ژن تووشی جۆرێک لە توندوتیژی دیجیتاڵی بوون، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شوێنی دیجیتاڵی بووەتە ئامرازێکی کاریگەر کە بۆ بێدەنگکردن و دوورخستنەوەی ژنان لە کایەی گشتی بەکاردەهێنرێت.
لە بەیروت، چالاکوانێک و ڕۆژنامەنووسێک بەهۆی بۆچوونە فێمینیستەکانییەوە، تووشی هێرشێکی دیجیتاڵی خراپ بوو کە دزەپێکردنی وێنەی تایبەت و هەڵمەتێکی ڕێکخراو بۆ چەواشەکاریی تێدابوو، ئەم ڕووداوە بووە هۆی دەستپێکردنی یەکەم لێکۆڵینەوەی فەرمی لەلایەن داواکاری گشتییەوە سەبارەت بە دۆسیەیەکی توندوتیژی دیجیتاڵی لەسەر بنەمای ڕەگەز، کە دەرگای بۆ ناساندنی توندوتیژی دیجیتاڵی وەک ئامرازێکی سیستماتیکی کردەوە، هەروەها بۆ بێدەنگکردنی ژنان لە کایەی گشتیدا بەکاردەهێنرێت، ڕاپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەتی لوبنان "LCPS" بە ڕوونی ئاشکرای دەکات کە دەوڵەت توندوتیژیی دامەزراوەیی ڕاستەوخۆ دژی ژنان ئەنجام دەدات، بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم توندوتیژییە لە ڕێگەی کەلێنی یاسایی و جیاکاریی سروشتی لە سیاسەتە گشتییەکاندا خۆی دەردەخات، یاساکانی باری کەسی بە بارمتەی ئایین و سیاسەت دەمێننەوە و لەگەڵ بنەماکانی یەکسانی و چاکسازیدا ناگونجێن.
ڕاگەیاندنی لوبنان لەم چوارچێوەیەدا لە بەرپرسیارێتی بێبەری نییە، بەگوێرەی ناوەندی مەهارات، زۆرجار ژنانی ڕۆژنامەنووس کە زیان لێکەوتوون، وەک بەرپرسی ئەو توندوتیژییە نیشاندەدرێن کە بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت، بەمەش کولتوورێکی تاوانبارکردنی زیانلێکەوتووەکان بەهێزتر دەکات و دەرفەتی لێپرسینەوە و دادپەروەری تێکدەچێت.
جگە لەوەش، هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، وڵاتەکەی بەرەو لێواری داڕمانی ئابووری سەخت پاڵناوە، لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، خێرایی توندوتیژییش قووڵتر دەبێتەوە، دەوڵەت هەوڵ دەدات بە دانانی ژنان لە دڵی ئەم قەیرانەدا و چەسپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو بوارەکاندا، هەم وەک بەرپرسی قەیرانەکە و هەم وەک ئەو کەسانەی کە ئەرکی ئەو قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن، هەوڵی داپۆشینی دۆخی سەختی خۆی دەدات.
ژنان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پراکتیزەی جیاکاری دەبنەوە، وەک بێبەشکردنی داهات، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان، هاوسەرگیری بەزۆر یان پێشوەختە و دوورخستنەوە لە خوێندن، کە ئەم سیاسەتانە نەک هەر ڕەنگدانەوەی لاوازی بارودۆخی ئێستان، بەڵکو پشتبەستنی ژنان بە تۆڕەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاری بەهێزتر دەکەن، کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری یان کۆمەڵایەتی.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم چوارچێوەیە، ناکرێ توندوتیژی دژی ژنان لە لوبنان تەنها بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی هەژمار بکرێت، بەڵکو بەرهەمی پێکهاتەیەکی سیاسی و ئابووری و یاسایی شکاوە کە هاوکاری بەرهەمهێنان و بەردەوامکردنی ستەم دەکات، داتاکانی سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاری توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بۆ ماوەی نێوان مانگەکانی یەکەم و حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئاماژە بەوە دەکەن کە ١٢٪یکەیسە ڕاپۆرتکراوەکان منداڵانی کچ لەخۆگرتووە، ٣٤٪ی ئەم کەیسانە پەیوەندییان بە هاوسەرگیری زۆرەملێیەوە هەبووە.
ئەم ژمارانە لەکاتێکدا بەرجەستەی تەواوی ئەو توندوتیژی و فشارانە ناکەن، کە بەڕوونی نیشانەی ئامادەیی منداڵانی کچ بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەردەخەن کە هەڕەشە لە ئاسایش و داهاتوویان دەکەن، هەروەها ئاشکرای دەکەن تا چەند توندوتیژی لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا چەسپاوە کە ژنان بەدەر دەکەن و پاراستنیان سست دەکەن.
لە شاری تەعلبایا، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە لەبەردەم منداڵەکانیدا بە چەقۆ کوژرا، سەرەڕای ئەوەی پێشتر سکاڵای تۆمارکردبوو کە هەرگیز کاری لەسەر نەکراوە، ئەم ڕووداوە جارێکی تر تیشکی خستۆتە سەر کەموکوڕییەکانی یاسای پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی.
لە ئەشرەفیە، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا بە کوژراوی دۆزرایەوە، کە لێی دراوە و خنکێنراوە، تۆمەتبارەکە لە وڵات هەڵاتووە و ڕووداوەکەش بە "ژنکوژی" پۆلێن کراوە، ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە سستی سیستەمی پاراستنی یاسایی و بەردەوامی بێ سزای توندوتیژی دژی ژنان ئاشکرا دەکەن.
لە شاری سور، پەنابەرێکی سوری لەناو چادرەکەیدا گیانیلەدەستدا لە ئەنجامی بەردەوامی توندوتیژی لەسەر دەستی خزمێکی، کە ئەم ڕووداوە جەخت لەسەر ئەو توندوتیژیانە دەکاتەوە کە ژنان لە کامپەکاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە و ئەو بۆشاییە یاسایی و فەرمیانەی سیاسەت کە شکست دەهێنن لە دابینکردنی پاراستنی کاریگەر لەم ژینگە لاوازانەدا.
لە تەرابلوس ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ لەناو ماڵەکەیدا سووتێنرا و گیانیلەدەستدا، تاوانبارەکە هەوڵیدا بانگەشەی ئەوە بکات کە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە، بەڵام لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریدا نیشانەی ڕوونی ئەشکەنجەدانی دەرکەوتووە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە تاوانەکە بە ئەنقەست بووە، ئەم دوو ڕووداوە بە ڕوونی دەرخەری لاوازیی پاراستنی ژنانە لە لوبنان، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی لێپرسینەوە و بێ سزای بەربڵاو.
لە نەبەتیە، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە تەقەی لێکرا، دەنگۆ بڵاووبۆوە کە لەبەر "ئیرەی" بووە و لە ئەنجامدا بریندار بووە، ئەم ڕووداوە بە لەبەرچاوگرتنی دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و نەگرتنی ڕێکاری یاسایی لە کاتی خۆیدا، داوای خێراکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی لێکەوتەوە، هەروەها جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی یاسایی بۆ ژنان و دڵنیابوون لە لێپرسینەوەی خێرای تاوانباران.
لە سوفەر، ژنێکی دووگیان و هاوژینەکەی لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە کوژراون، بەبیانووی ئەوەی بەبێ ڕەزامەندی خێزانەکە هاوسەرگیریان کردووە، لە بێکای ڕۆژئاوا، منداڵێکی کچی تەمەن ١٦ ساڵ دوای ئەوەی بە زۆر هاوسەرگیری کرد، بەگوماناوی گیانی لەدەستدا، ڕووداوەکە وەک "کوشتنی شەرەفی لەبەرکراو" پۆلێن کرابوو.
ئەم دوو ڕووداوە بە ڕوونی دەرخەری ئەو ڕادەیەن کە توندوتیژی ڕەگەزی لە پێکهاتە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان چەسپاوە، هەروەها نیشان دەدەن کە چۆن چەمکەکانی وەک "شەرەف" بەکاردەهێنرێن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پێشێلکارییە قورسەکان دژی ژنان و منداڵانی کچ، لە نەبوونی پاراستنی یاسایی و لێپرسینەوەی کاریگەردا.
بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوەکانی "کەفا" و "مەهارات"، تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ زیاتر لە ٢٠ کەیسی کوشتنی ژن لە لوبنان تۆمارکراوە، زۆربەی تاوانباران هاوژین، باوک، برا، یان ئەندامانی خێزانە گەورەکە بوون، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ٦٠٪ی قوربانییەکان پێش ڕوودانی تاوانەکە ڕایانگەیاندبوو کە هەڕەشەیان لێکراوە یان توندوتیژییان بەرامبەر بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەت نەیتوانیوە هیچ ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی کاریگەر بگرێتەبەر.
ئەم قەیرانە بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان و کامپەکانی پەنابەران توند و تیژە، کە هیچ ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی لە دژی تاوانباران ناگیرێتەبەر، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەبوونی ئیرادەی سیاسییە بۆ پاراستنی ژنان و درێژەدان بە کولتوورێکی بێ سزای دەدات کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی توندوتیژی و دووبارەبوونەوەی تاوانەکان دەدات.
ئازارەکانی شەڕ و ئاوارەیی
شەڕەکە نەک هەر ناوچەی نیشتەجێبوونی وێران کرد، بەڵکو ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتی ژنانیشی تێکدا، لەم ڕاستیەدا ژنان پاڵیان پێوەناوە بۆ ژینگەیەکی هێندەی تر لاوازتر، کە هەژموونی پیاوان لەگەڵ چەک و سیاسەتی گەندەڵدا تێکەڵ دەبێت و ستەمکردن بە شێوەی ئاڵۆزتر و هەڵخەڵێتینەر بەرهەم دەهێنرێتەوە، ژنان بۆیان دەرکەوتووە کە توندوتیژی چیتر تەنها ئازاردانی جەستەیی یان زارەکی نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی یەکگرتوو کە لەلایەن خودی دەوڵەتەوە سووتەمەنی دەدرێت و لە ڕێگەی دامەزراوەکان و یاسادانان و بێدەنگی فەرمییەوە بەردەوام دەبێت، ئەم وەدیهاتنە ڕەنگدانەوەی قووڵایی قەیرانەکە و جەخت لەسەر پێویستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە دەکاتەوە کە توندوتیژی دژی ژنان دەکاتە بەشێک لە نۆرم نەک تایبەیتە.
شەڕی بەردەوام و بەئامانجکردنی ئیسرائیل هیچ جیاوازییەکی لە نێوان ژن و پیاودا نەکردووە و نە لە نێوان هاوڵاتیانی مەدەنی و شۆڕشگێڕانەدا، تەنانەت دوای ئەوەی ئاگربەستەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەدان ژن و منداڵ کوژران، هەروەها شەڕەکە سەدان کەسی بریندار و کەمئەندامی لێکەوتووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاماری فەرمی و نەبوونی چاودێری پزیشکی و دەروونیی پێویست، عینایە عیزەدین لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم دۆخە وتی: ئەوەی ژنان لە شەڕدا ئەزموونی دەکەن دەتوانرێت بە شێوازێکی سیستماتیکی توندوتیژی هەژمار بکرێت.
هەزاران ژن لە مافی گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و زەوی و زارەکانیان بێبەش کراون و ڕێگرییان لێکراوە بەشداری لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەدا بکەن، ئەمەش مەترسی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانیان دروست کردووە، لە کامپەکانی ئاوارەیی ژنان ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی ژیان و نەبوونی شوێنی تایبەت بە خۆیان دەبنەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی گێڕانەوەی جیاکاری ڕەگەزی، هەموو ئەمانە بارگرانییە ئابووری و دەروونییەکانیان گەورەتر کردووە، عینایە عیزەدین ڕایگەیاندووە، کاتێک ژێرخانی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک خوێندنگە، نەخۆشخانە و ناوەندەکانی چاودێری دەکرێنە ئامانج، ژنان یەکەم کەسن هەست بە دەرئەنجامەکانی دەکەن، چونکە ڕۆڵەکانیان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا دەیانخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کاریگەرییەکانی ململانێکان.
عینایە عیزەدین پێی وایە، توندوتیژی تەنها لە دەستدرێژی جەستەیی یان سێکسیدا سنووردار نییە، هەروەها نکۆڵی مافە سەرەتاییەکان، نائاسایشی خۆراک و تەندروستی، لەدەستدانی شوێنی مانەوە و داهات و سەپاندنی دوو بارگرانی لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا دەگرێتەوە، هەر بۆیە توندوتیژی دژی ژنان لە کاتی ململانێدا شێوازێکی فراوانە لە توندوتیژی، کە جۆرێکی پێکهاتەیی و سیستماتیکە کە لە ئەنجامی یەکتربڕینی هۆکارەکانی وەک شەڕ، ئاوارەیی، هەژاری و جیاکاری کۆمەڵایەتی.
سەبارەت بە میکانیزمەکانی دەستێوەردان، عینایە عیزەدین ڕایگەیاند، ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ لە کاتی پێداچوونەوە بە پلانی فریاگوزاریدا لە ڕوانگەی یەکسانی ڕەگەزییەوە خرایە ڕوو، لە چوارچێوەی لیژنەی ژنان و منداڵان، بە تایبەتی داوامان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانییەکان کرد کە بارودۆخی تایبەتی ژنان لە دۆخی ململانێدا لەبەرچاو بگرن و خزمەتگوزاری پاراستن و کۆمەڵایەتی و پشتیوانی دەروونییان بۆ دابین بکەن.
پێشکەوتنی دیجیتاڵی کە وەرناگێڕێت بۆ سیاسەت
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت دەیە بەسەر پێدانی مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ ژنانی لوبنان، بەڵام هێشتا بەشداری سیاسییان سنووردارە، لە ساڵی ١٩٥٣ەوە تەنها ١٧ ژن چوونەتە ناو پەرلەمانی لوبنان، ئەمەش ژمارەیەکی بەرچاوە کە جیاوازییەکی بەرچاوی لە نێوان مافەکان بەدەست هێنراوە هەروەها تیۆری و نوێنەرایەتی ڕاستەقینە لەسەر زەویدا دەردەخات.
لوبنان شایەتی گۆڕانکاری قووڵی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گۆڕانکاریانە لە نوێنەرایەتی سیاسیدا ڕەنگدانەوەی نییە، کە پرسیار لەبارەی کاریگەریی سیاسەتەکانی ئێستا و تا چەند سیستەمی سیاسی ئامادەیە بۆ جێگیرکردنی بەشداریکردنی ڕاستەقینەی ژنان کە لە ژمارەیەکی هێمای تەنها تێدەپەڕێت.
ئەم بۆشاییە بەرچاوەی نێوان راستی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کەموکوڕییەکی پێکهاتەیی لە میکانیزمەکانی دیموکراسی لوبناندا ئاشکرا دەکات، هەروەها سیستەمەکە تا ئێستاش بێتوانای لە وەرگرتنی ڕاستەقینەی هەمەجۆریی ڕەگەزی و ڕازییە بە ڕواڵەتگەلێکی ڕووکەش کە ڕەنگدانەوەی بەشداری ڕاستەقینەی ژنان نییە لە بڕیاردان.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ژنان لە نێوان١٥٪ بۆ ٥٨٪ی ئەندامانی پارتە سیاسییەکان پێکدەهێنن، کە بەڕواڵەت ژمارەیەکی هاندەرانە، بەڵام ئەم ڕێژەیە زۆر دادەبەزێت کاتێک باس لە پۆستەکانی سەرکردایەتی دەکرێت، کە لە ٢٠٪ تێناپەڕێت، لە پۆستەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا تەنها دەگاتە نزیکەی ٥، ئەم دابەزینە نیشاندەری ئەوەیە کە نوێنەرایەتی ژنان بە پەراوێزەوە دەمێنێتەوە، هەروەها ڕێگای بەشداری سیاسیی دادپەروەرانە پێویستی بە چاکسازی بنەڕەتی لە پێکهاتە و دامەزراوە پارتەکان هەیە.
سەرەڕای زیادبوونی ڕێژەی کاندیدی ژن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لوبنان لە ١٢.١٪ لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ ١٥.٧٪ لە ساڵی ٢٠٢٢، ئەم پێشکەوتنە ژمارەییە وەرگێڕدرا بۆ نوێنەرایەتی کاریگەر، تەنها پێنج ژن کورسی لیستە پارتەکانیان بەدەستهێناوە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە مەرج نییە کاندیدبوون مسۆگەری پشتیوانی ڕاستەقینە یان دەرفەتی یەکسان بێت بۆ سەرکەوتن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠٢٥، ژنانی لوبنان بە متمانەی زیاترەوە چوونەتە ناو ئەنجومەنی شارەوانییەکان و ١٠.٣٧٪ی کورسییەکانیان دەستەبەر کرد، ئەم ڕێژەیە لە ئەنجومەنەکانی موختاردا بۆ ١٦.٤٪ی بەرزبووەتەوە، بەڵام ڕێژەی ئەو ژنانەی کە وەک موختاری ڕاستەقینە هەڵبژێردراون لە ٢.٤٢٪ی زیاتر نەبووە، لە کاتێکدا ئەم ژمارانە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو دڵخۆشکەرن، بەڵام هێشتا زۆر کەمترن لە بەدەستهێنانی نوێنەرایەتی یەکسان یان دەستەبەرکردنی بەشداری کاریگەرانەی ژنان لە پرۆسەکانی بڕیاردان.
ئەم ناتەباییە، سروشتی پیاوسالاری قووڵی چەسپاوەی پێکهاتەکانی پارتە سیاسییەکان ئاشکرا دەکات و پرسیاری ڕاستەقینە لەبارەی پابەندبوونی ئەم پارتانە بە ڕیتۆریکی یەکسانی دەوروژێنێت، لە پشت ئەم ئامارە ڕواڵەتییانەوە ململانێی ڕۆژانەی کاندیدە ژنەکان هەیە، نەک تەنها لە سندوقی دەنگدان بەڵکو لە بەرامبەر کولتوورێکی پیاوسالاری قووڵدا چەسپاوە، زۆرێک ڕووبەڕووی گومان بوونەتەوە لە تواناکانیان یان وتارێکی کۆمەڵایەتی کە شایستەیی سیاسییان بە پێگەی بنەماڵەیی خۆیانەوە دەبەستێتەوە، لە هەندێک حاڵەتدا هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک لە گوندێکی تر بە زەمینەیەکی باش دادەنرێت بۆ ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونیان، ئەم عەقڵیەتە نەک هەر گوزارشت لە وەدەرنانی سیاسی دەکات بەڵکو تێگەیشتنێکی شێواویش بۆ هاوڵاتیبوون و مافی بەشداریکردن ئاشکرا دەکات، کە ژنان لە پەیوەندییە خێزانییەکانیاندا کورت دەکرێنەوە نەک توانا و پێگەی خۆیان.
وەک دەزانرێت هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە لوبنان زۆرجار بەپێی لۆژیکی هاوپەیمانی نێوان بنەماڵە و لایەنەکان بەڕێوەدەچێت نەک لەسەر بنەمای بەرنامەی سیاسی، ئەم نەخشە نەریتییە باڵادەستی پیاو لەم بوارەدا بەردەوام دەکات، کە لە مێژوودا دۆمەینی تایبەتی ئەوان بووە، هەروەها نەبوونی یاسایەک کە هاندەری یەکسانی ڕەگەزی یان فەرمانی جێبەجێکردنی پشکی ژنانە، بەشدارە لە بەشداریکردنی ژنان بە تایبەت نەک یاسا، کە دەرفەتی گەیشتنیان بۆ پێگەی بڕیاردان لاواز دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستیە، بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسی ناوخۆییدا بە بارمتەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەمێنێتەوە کە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی پێکهاتەیی ڕاستەقینە.
بزووتنەوەی ژنان بزووتنەوەیەکی خۆڕاگرییە کە لە هێزی خۆیەوە هەڵدەستێت
پەرەسەندنی بزووتنەوەی فێمینیست لە لوبنان کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو توندوتیژییەی کە لە قەیرانی سیاسی بەردەوامەوە سەرچاوەی گرتووە، ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، ئەم بزووتنەوەیە کە ڕۆژانە خەریکە بەهێزتر دەبێت، گوزارشت لە ئیرادەی ژنان دەکات کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون، داوای ڕۆڵی کارا لە گەشەپێدانی ناوخۆیی و ژینگەیەکی سیاسی دادپەروەرتر دەکات.
ژنان لە نەبوونی پاڵپشتی دامەزراوەیی، ڕێکخراوگەلێکی یەکگرتووتر و سەربەخۆتر بونیاد دەنێن کە گوزارشت لە هێزی خۆیان دەکەن و لە ڕوانگەی بەرخۆدانی فێمینیستەوە بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی پێناسە دەکەنەوە، ئەم دینامیکییە تەنها وەڵامدانەوە نییە بۆ پەراوێزخستن، بەڵکو پڕۆژەی گۆڕینی ڕاستی سیاسی و کۆمەڵایەتییە بەرەو گشتگیری و یەکسانی زیاتر.
لە گۆڕەپانەکانی خەباتدا ژنان لە لوبنان بە هاوکاری ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و تۆڕەکانی گەنجان دەستیان بە دەستپێشخەری کردووە بە ئامانجی پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە توندوتیژی دیجیتاڵی، هەروەها هێڵی گەرمیان بۆ پاراستنی چالاکوانان لە هەڕەشە و خراپ بەکارهێنان دامەزراندووە.
ئەزموونی یەکێتی دیموکراتی ژنان لە لوبنان "RDFL" نموونەیەکی پێشەنگە لەم بوارەدا، بەو پێیەی پەناگەی پارێزراوی بۆ ژنانی دەستدرێژیکراو دابین کردووە و بەشداری کردووە لە بەهێزکردنی خۆڕاگری دەروونی و کۆمەڵایەتییان، بەڵام ئەم دامەزراوانە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری پێکهاتەیی دەبنەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر توانای مانەوەیان هەیە، دیارترینیان کەمی بودجە، فشارەکانی نەریتەکان کە بە هێما کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان لە قاڵب دراون و بەربەستی بەرچاو لەبەردەم دەستڕاگەیشتن بە پشتیوانی دامەزراوەیی و یاسایی، ئەم ڕاستیە ئەوە دەردەخات کە خەباتی ژنان تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتانەی کە پەراوێزخستن بەردەوام دەکەن و ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی دەکەن.
ڕانیە میلح، ئەفسەری پاراستن لە یەکێتیی دیموکراتی ژنان، وتی: ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبن، تەنها لە دانیشتنە داخراوەکاندا ئازارەکانیان دەردەبڕن، بەهۆی ئەو چەواشەکارییەی کۆمەڵگە بەسەریاندا دادەنێت، وەک ئەوەی بەرپرسیار بن لەوەی بەرگەی دەگرن.
ئاماژە بەوە دەکات، کە بەربەستە یاساییەکان، لە تێچووی جیابوونەوە تا جیاکاری خێڵەکی، دەستڕاگەیشتن بە پاراستنی یاسایی بە کردەوە مەحاڵ دەکات، ئەم ڕاستیەش دیمەنێک دەخوڵقێنێت کە دان بە مافەکانی ژنان و ئیرادەیاندا نانێت، بەڵکو پەراوێزخستنیان گەورەتر دەکات و شکست دەهێنێت لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیکردنیان کاتێک تووشی توندوتیژی دەبنەوە، لەوەش خراپتر، هەندێک یاسای هەنووکەیی ئەم دۆخە بەردەوام دەکەن و یاسای دامەزراوەیی پێدەبەخشن، ڕێگری لە هەموو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەرەو دادپەروەری ڕەگەزی دەکەن.
جەختی لە خاڵێکی چارەنووسساز کردەوە و وتی: پاشکەوتنەکان بەهۆی لاوازی کۆمەڵەکانەوە نییە، بەڵکو زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت بەرامبەر بە ژنان، تەنانەت کاتێک یاساش هەبێت جێبەجێ ناکرێت، بڕیارەکان بە دابڕان لەو کەسانە دەدرێن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ قوربانییەکان هەیە، هەروەها ئەو ڕێبازەی ئێمە دەیگرینەبەر، ڕێبازێکی "ناوەندی ڕزگاربووان''ە، داوای ئەوە دەکات سیاسەتەکان لە پێداویستییەکانی ژنان خۆیانەوە بونیاد بنرێن و لە مەیدانەکەوە سەرچاوە بگرن نەک لە فەرمانگەکانی دابڕاو لە ڕاستیەوە.
لێپرسینەوە و جێبەجێکردنی یاسا: لە ساڵی ٢٠٢٥دا چی گۆڕا؟
سەرەڕای پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٥، بەڵام لەم ساڵەدا هیچ گۆڕانکارییەکی یاسایی ڕیشەیی بەخۆیەوە نەبینیوە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی پاراستنی یاسایی بۆ ژنان لە لوبنان،هەروەها "یاسای پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی" کە لە ساڵی ٢٠١٤ پەسەندکرا، تاکە چوارچێوەی یاسایی ئێستا دەمێنێتەوە، بەڵام جێبەجێکردنی زۆر سنووردارە، ئەم سنووردارکردنانە لە کەلێنەکانی ڕێکارەکان، لاوازی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و نەبوونی سەرچاوەی تەرخانکراو بۆ پاراستن سەرچاوە دەگرن.
جگە لەوەش، چەوساندنەوەی کەلێنە یاساییەکان، لەگەڵ کرداری ناتەبایی دامەزراوە فەرمییەکان، ڕێگری دەکات لە لێپرسینەوەی کاریگەرانەی تاوانباران و ژنان بەبێ مسۆگەری ڕاستەقینەی دادپەروەری و پارێزراوی بە لاوازی دەهێڵێتەوە.
دۆخی ئێستا بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە توندوتیژی دژی ژنان چیتر زنجیرەیەک ڕووداوی گۆشەگیر نییە، بەڵکو بەرهەمی سیستەمێکی قووڵی چەسپاوەی هەڵاواردنی پێکهاتەییە کە لە خێزانەوە تا دامەزراوەکانی دەوڵەت درێژدەبێتەوە، ئەم توندوتیژییە بەڕێکەوت نییە، بەڵکو دەرئەنجامی کەلەکەبوونی هۆکارە کولتووری و یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانە کە پەراوێزخستن بەردەوام دەکەن و پاراستن لاواز دەکەن، ژنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامدا لەگەڵ سیستەمێکدا دەهێڵنەوە کە بە شێوەیەکی کاریگەر دان بە مافەکانیاندا نانێت.
تێگەیشتن لە توندوتیژی وەک بەشێک لە پێکهاتەیەکی فراوانتر پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوەی سیاسەتە گشتیەکان و پەرەپێدانی وەڵامە گشتگیرەکان هەیە کە لە ڕێوشوێنی کاردانەوەی کاتی تێدەپەڕێت، ئەم وەڵامانە دەبێت ڕەگ و ڕیشەی هەڵاواردنەکان بخەنە ڕوو و ژنان بەهێز بکەن بۆ بەشداریکردنی تەواو و پارێزراو لە ژیانی گشتی و تایبەتدا.
ئەمڕۆ گەورەترین ئاڵەنگاری لە وەرگێڕانی ئەم هۆشیارییە گەشەسەندووەدایە بۆ کردەوەی سیاسی و یاسایی بناغەی، هەروەها پێناسەکردنەوەی چەمکی پاراستن لە توندوتیژی تەنها هەنگاوێکی یاسایی نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە ڕەنگدانەوەی مرۆڤایەتی کۆمەڵگەیە و ئامادەیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نادادپەروەری نیشان دەدات لەبری ئەوەی بەرگەی بێدەنگی بکات.