کاندیدانی ژن لە هەموو عێراق و لە سلێمانیش سێ ئەوەندەو نیو لە کاندیدانی پیاو کەمترن
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە مانگی تشرینی دووەم بەڕیوەدەچێت، لە هەموو عێراق و لە سلێمانیش کاندیدانی پیاو سێ ئەوەندەو نیوی کاندیدانی ژنن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە هێشتا ژنان نەیاتوانیوە بەهاوبەشی لەگەڵ پیاواندا کاندید بن.

لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە ٣ی تشرینی یەکەمەوە بانگەشەی حزب و کاندیدەکان ماوەی هەفتەیەکە دەستیپێکردووە، بەڵام وەک هەمیشە کەمی کاندیدانی ژن سەرنج ڕادەکیێشێت، بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حەوت هەزار و ٧٦٩ کاندید، کە لە دوو هەزار و ٢٤٨ کاندیدی ژن و پێنج هەزار و ٥٢٠ کاندیدی پیاو پێکهاتوون، کێبرکێی بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
ئاژانی نوژنها دەربارەی ڕێژەی کاندیدانی ژن و پیاو لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی پەیوەندی بە ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی کردو ئاماری وەرگرت کە بەم شێوەیەیە: ژمارەی کاندیدانی ژن لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی لەکۆی ١٣٦ کاندید بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ٣٧ کاندید ژن هەن.
٣٧ کاندید ژن لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی بەم شیوەیە بەسەر لایەن و حزبەکاندا دابەش بوون:
یەكێتی نیشتیمانی کوردستان "یەنەکە": ١٠ کاندیدی ژن
پارتی دیموکراتی کوردستان "پەدەکە": ٩ کاندیدی ژن
ڕەوتی هەڵوێست: ٤ کاندیدی ژن
جوڵانەوەی نەوەی نوێ: ٤ کاندیدی ژن
بەرەی گەلەکەمان: ٤ کاندیدی ژن
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: ٢ کاندیدی ژن
کۆمەڵی دادگەری کوردستان: ٢ کاندیدی ژن
پارتی سۆسیالیستی کوردستان: ١ کاندیدی ژن
بەرەی تورکمانی عێراقی: ١ کاندیدی ژن
کاندید ژن لە دهۆک و کەرکوک
بەپێی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە پارێزگای دھۆک لەکۆی ٥٩ کاندید ٢٠ ژن وەک کاندید بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ دەکەن واتە کاندیدانی پیاو نزیکەی سێ ئەوەندەی کاندیدانی ژنن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، ژمارەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لە پارێزگاکە گەیشتوەتە ٢٥٢ کاندید، کە ٧٣یان ژنن، لە کەرکوکیش کاندیدانی پیاو سێ ئەوەندەو نیوی کاندیدانی ژنن.
سیستمی کۆتا بۆ دوورخستنەوەی ژنان
ئەم ڕێژە نزمەی کاندیدانی ژن لە بەرامبەر کاندیدانی پیاو دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی کۆتای ژنان، چونکە لە جێی ئەوەی ڕێژەی ٥٠٪ـی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ژنان بێت، لە عێراق بەپێی یاسایەک کە دوورخستنەوەی ژنانی پێوە دیارەو ڕێژەکەی داگرتووە بۆ ٢٥٪، ئەمەش وایکردووە کە هەر لە کاندید بوونەوە ژن لە نیوە کەمتر بن، نەتوانراوە سیستمی هاوبەشی ژنان و پیاوان لە عێراق پەیڕەو بکرێت.
بە پێی دەستووری عێراق و بەپێی ماددەی ١٦ لە یاسای پەرلەمانی عێراقی ساڵی ٢٠١٩، پێویستە بەشداری ژنان لە پەرلەمانی عێراقدا لە ٢٥٪ کەمتر نەبێت و دەبێت لەو ٣٢٩ کورسییە ٨٤ کورسی بۆ ژنان بێت، کە وەک کۆتای ژنان دیاریکراوە.
بەڵام لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەجیاتی ٨٣ کورسی بۆ ژنان، ٩٧ ژن بوون بە پەرلەمانتار و لە ٣٠٪ کورسییەکانیان بردەوە، کە ١٤ کورسییان زیاترە لەو ڕێژەی کۆتاییەی بۆیان دیارییکراوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئەگەر سیستمی کۆتا لاببرێت و هەروەها ژنان بە هاوبەشی لەگەل پیاواندا کاندید بن، ئەوا ڕێژەی کورسی ژنانیش زیاد دەکات و بەربەستەکانی بەردەمییان دەشکێندرێت، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستنی ژنان و دوورخستنەوەیان لە ناوەندەکانی یاسادانان و بریاردان ڕێژەی ژنان هەمیشە بە نزمی لە بەرامبەر پیاواندا ماوەتەوەو نەتواندراوە مافی کانددی بوون و پەرلەمانتار بوون وەک پێویست بەدەستبهێنن.