شێرپەنجەی مەمک؛ هۆشیارکردنەوەی ژنان بۆ تەندروستییەکی باش

یەکێک لە نەخۆشییە بڵاوەکانی جیهان کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە شێرپەنجەی مەمکە، کە ساڵانە لە سەرانسەری جیهان ٢.٣ ملیۆن حاڵەتی نوێی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تۆمار دەکرێت، لە شەش مانگی ئەمساڵیشدا لە سلێمانی ٣٤٧ تووشبووی نوێ تۆمارکراون.

هێرۆ عەلی 

 

ناوەندی هەواڵ- شێرپەنجەی مەمک کاتێک دەست پێدەکات کە خانەکانی ناو مەمک بە شێوەیەکی نائاسایی گەشە بکەن و گرێیەک یان بارستەیەک دروست بکەن، ئەم خانانە دەتوانن بڵاوببنەوە بۆ بەشەکانی تری لەش ئەگەر زوو دەستنیشان نەکرێن و چارەسەر نەکرێن، هەروەها مانگی تشرینی یەکەم لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە وەک مانگی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک دیاریکراوە، تێیدا ژنان بە بەستنی قردێلەی پەمەیی و چالاکی جۆراو جۆرهۆشیاری لەسەر ئەو نەخۆشییە و گرنگی ئەم مانگە بڵاودەکەنەوە. 

 

بۆ یەکەمجار مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمک لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٥ دەستیپێکرد، کاتێک یەکەم ژنی ڕزگاربووی شێرپەنجەی مەمک بێتی فۆرد، یارمەتی دەستپێکردنی بانگەوازییەکیدا بۆ گەیاندنی هۆشیاری بە ژنان لە سەرتاسەری وڵاتدا، دواترلە بۆنەکاندا بانگهێشتی ژنان کرا بۆ ئەوەی خۆیان لەبارەی شێرپەنجەی مەمکەوە پەروەردە بکەن و زانیاری وەربگرن دەربارەی نەخۆشییەکە و چیتر شەرم نەکەن لەوەی بە ئاشکرا باسی تەندروستی مەمک بکەن، لەساڵی ١٩٩١یش ڕێکخراوێکی خێرخوازی لە نیویۆرک چەند قردێلەیەکی بە ڕەنگی پەمەیی بەسەر خه‌ڵكیدا دابەشکرد بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی نەخۆشییەکە و پاڵپشتی تووشبووان، دواتر لە ساڵی ١٩٩٢ بە ڕەسمی ڕەنگی پەمەیی وەک سیمبولی مانگی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک دیاریکرا. 

 

''جۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک'' 

چەندین جۆر لە شێرپەنجەی مەمک هەیە و هەر دانەیەکیان پشت دەبەستێت بە جۆری ئەو خانانەی کە لە مەمکدا هەیە، باوترین جۆرەکانی:  

شێرپەنجەی کەناڵی هێرشبەر: خانە شێرپەنجەییەکان لە کەناڵەکان دروست دەبن دواتر گەشەدەکەن بۆ دەرەوەی کەناڵەکان و شانەکانی تری مەمک. 

شێرپەنجەی پلی هێرشبەر: خانە شێرپەنجەییەکان درووست دەبن لە لۆبولەکان و دواتر گەشەدەکەن بۆ ئەو شانانەی تری مەمک کە لێوەی نزیکن، کە دواتر ئەم جۆرە شێرپەنجە هێرشبەرانە دەتوانن گەشە بکەن بۆ بەشەکانی تری جەستە. 

 

دیارترین نیشانەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك بریتین لەمانە: 

- دروستبوونی گرێ لە مەمک یان بن باڵدا. 

- هەڵئاوسانی هەموو یان بەشێک لە مەمک. 

- تێکچوون و چوونە ناوەوەی پێستی مەمک. 

- سوربوونەوە و ئەستور بوون و توێخ هەڵدانی پێستی گۆی مەمک یاخود مەمک خۆی. 

- چوونە ناوەوە یاخود ئازار لە گۆی مەمکدا. 

- هەبوونی دەردراو بێجگە لە شیر. 

- گۆڕان لە قەبارە و شێوەی مەمکدا. 

- بوونی ئازار لە مەمکدا لە هەر بەشێکیدا بێت. 

بەڵام دەبێت بزانین کە ئەم نیشانانە لە هەندێک حاڵەتی تردا ڕوودەدات و مەرج نییە هەموو کات شێرپەنجە بێت. 

 

''هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک'' 

تاکو ئێستا هۆکاری سەرەکی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو ژنانەی کە ئەم چەند هۆکارەی خوارەوەیان تێدایە ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە، وەک: 

 

تەمەن: ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بە زیادبوونی تەمەن زیاد دەکات و ژنانی سەرو تەمەنی ٦٠ ساڵیش ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک زیاترە. 

 

پێشینەی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک: ئەگەر ژنێک پێشتر مەمکێکی تووشی شێرپەنجەی مەمک بووبێت ئەوا مەترسی زیاتری لەسەرە کە مەمکەکەی تریشی توش ببێت. 

 

پێشینەی خێزان: ئەگەر دایک یان خوشک یاخود کچی ژنێک کە پێشتر توشبووی شێرپەنجە بوون ئەگەری توشبوونی ئەمیش زیاد دەکات بە شێرپەنجەی مەمک، وە ئەگەری ئەوەش هەیە کە کەسانی ناو خێزانەکە پێش تەمەنی ٤٠ ساڵی تووشی شێرپەنجەی مەمک ببن. 

 

گۆڕانکاریە هۆرمۆنەکان: دەستپێکی زووی سوڕی مانگانە یان درەنگ وەستانی سوڕی مانگانە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەش بۆ ماوەیەکی زیاتر بەرهۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن بکەوێت، ئەمەش مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات، هەروەها بەکارهێنانی دەرمانی هۆرمۆنی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن یان درەنگ دووگیانبوون لەم ڕووەوە کاریگەرییان هەیە. 

 

کەمی جوڵەی جەستە: قەڵەوی و وەرزش نەکردن هۆکارێکی دیکەیە بۆ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک، هەروەها جگەرە و نێرگەلە و ڤەیپکێشانیش هۆکارێکی ترن. 

 

شێرپەنجەی مەمک لە ڕووی ژمارەی تووشبوونەوە بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە، کە لەهەر هەشت ژنێک یەکێکیان توشی دەبێت، بەڵام لە ڕووی ھۆکاری مردن بەھۆی شێرپەنجە لە ژناندا بە دووەم جۆر دادەنرێت لە دوای شێرپەنجەی سییەکان. 

 

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ژن لە سەرانسەری جیهان دووچار نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بوون. 

 

لە ساڵی ٢٠٢٢شدا، ٢.٣ ملیۆن ژن تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون و ٦٧٠ هەزار کەسیش لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، کە چین و ئەمریکا و هیندستان لە پلەی یەکەمدابوون. 

 

هەروەها بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیی ساڵانە لە سەرانسەری جیهان ٢.٣ ملیۆن حاڵەتی نوێی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تۆمار دەکرێت. 

 

لە هەرێمی کوردستانیش، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەخۆشخانەی هیوا بڵاوی کردووەتەوە، ئامارەکانی تووشبوونی شێرپەنجە ساڵانە بەرەو هەڵکشان دەڕوات، لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٥٠٩ تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٤١٨ هاوڵاتی ناویان تۆمار کراوە، لە شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢٣شدا، هەزار و ٥٠٨ هاوڵاتی تەنها لە نەخۆشخانەی هیوا ناویان تۆمار کراوە، هەروەها بە گوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ تاوەکو ٦ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ، لە نەخۆشخانەی هیوا ٤٧٩ حاڵەتی تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراوە، لە شەش مانگی ئەمساڵیشدا لە سلێمانی ٣٤٧ تووشبووی نوێ تۆمارکراون. 

 

ئەم ئامارانە دەریدەخات کە ساڵ بە ساڵ ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک لە زیادبوندایە، بۆیە پسپۆڕانی ئەو بوارە بەردەوام ڕێنمایی ژنان دەکەن بەوەی خۆیان لەماڵەوە پشکنین بۆخۆیان بکەن، هەروەها ئەو ژنانەشی تەمەنیان لە سەروو٤٠ ساڵییەوە داواین لێدەکرێت ساڵانە پشکنینی مەمۆگرامی بکەن تاوەکو لە ئەگەری بوونی هەرناڕێکییەک لە مەمک زوو دەستنیشانبکرێت، هەروەها ئەو ژنانەشی کە مێژووی بۆماوەیی شێرپەنجەیان هەیە، پێویستە لە تەمەنێکی زووتردا پشکنین بکەن، لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمکیشدا پێویستە بە زوویی سەردانی پزیشکی پسپۆڕبکرێت، وە ئەو ژنانەشی کە توشی نەخۆشیەکەبوون بەردەوامبن لە چارەسەرییەکانیان و پشتگوێی نەخەن.