مەغریب؛ ژنان و قەیرانی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا

جواناسی دەقە یاساییەکان بەتەنها بەس نییە، چونکە توندوتیژی دژی ژنان لە مەغریب ڕەفتارێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەرکەوتنی کولتووری کۆمەڵایەتی و کەموکوڕییە دامەزراوەییەکانە.

حەنان حارت

 

مەغریب- لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا کە نەریت و کولتوور و دینامیکی سیاسی تێکەڵاون، توندوتیژی دژی ژنان وەک برینێکی کراوە لە پەیکەری ژیانی ڕۆژانەدا دەمێنێتەوە، ئەم توندوتیژییە کە چەندین شێوەی هەیە، جەستەیی، دەروونی، ئابووری و یاسایی، نەک تەنها کاریگەری لەسەر ژنان هەیە بەڵکو بناغەکانی دادپەروەری و شکۆمەندی مرۆڤیش تێکدەدات.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەم، وە دەستپێکردنی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی چالاکی، ئاژانسەکەمان زنجیرەیەک ڕاپۆرتی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخاتە سەر ڕاستی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئەم ڕاپۆرتانە زەمینە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان شیدەکەنەوە، چیرۆک و ئەزموونەکانی ژیانی ڕاستەقینە دەخەنە ڕوو،  هەروەها تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە لەبارەی سیاسەت و پراکتیکەکانی ئێستا پێشکەش دەکەن.

 

لە مەغریب، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت دەیە بەسەر سەربەخۆیی، توندوتیژی دژی ژنان هەر وەک دەرکەوتەیەکی بەرچاوی نایەکسانی کۆمەڵایەتی ماوەتەوە، چەندین شێوەی هەیە، لەوانە، جەستەی، دەروونی، ئابووری و دیجیتاڵی، کە کەموکوڕییەکی پێکهاتەیی لە سیستەمی پاراستن و دادپەروەریدا ئاشکرا دەکات.

 

''لە نێوان دەق و چارەنووس، کاتێک  ناوزڕاندن دووجار دەکوژێت''

 وەفا، ژنێکی گەنجە، کە لە گوندێکی ناوچەی بەنی مەلال خەنیفرە لە ناوەڕاستی مەغریب دەژی، هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات هاوڕێیەتییەکی زوو تێپەڕ ببێتە کارەساتێک کە کۆتایی بە ژیانی بهێنێت.

  

مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو ،وێنە تایبەتەکانی لە تۆری کۆمەڵایەتی لەلایەن گەنجێکەوە بڵاوکرایەوە کە دەیناسی، وە لە گوندە بچووکەکەیدا کە "وشەکان خێراتر لە با دەڕۆن"، خۆی بینییەوە لە سەیرکردنە تاوانبارییەکانی خەڵک بۆی و بێدەنگی کۆمەڵگەش سەبارەت بە تاوانبارەکە.

 

لە دوای کەمتر لە مانگێک کارەساتێکی هاوشێوە لە شاری تازە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مەغریب ڕوویدا، ئیمان، ژنێکی گەنجە لە قۆناغی سەرەتایی ژیانیدا، کە لەلایەن هاوژینەکەی پێشوویەوە لە شەقامێکدا  هێرشی کراوەتە سەر و بە سەختی دەم و چاوی بریندار بووە، هەروەها پێشتر لەلایەن هەمان پیاوەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و ناچار بووە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، دوای ئەوەشی داوای جیابوونەوەی کردوە ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر کردووە.

 

 چیرۆکەکانی وەفا و ئیمان دوو لایەنی هاوتەریبی توندوتیژی دژی ژنانن کە  لە مەغریبدا ڕەنگ دەدەنەوە، هەروەها توندوتیژی دیجیتاڵی کە لەسەر شاشەکان قوربانییەکان دەگرێتەوە، توندوتیژی جەستەیی کە برینێک بەجێدەهێڵێت هەرگیز ساڕێژ نابێتەوە، هەردووکیان سستی پاراستن و وەڵامدانەوە ئاشکرا دەکەن، سەرەڕای ئەو چاکسازییە یاساییانەی کە بەدەست هاتوون.

 

''ژمارەکان قووڵی برینەکە ئاشکرا دەکەن''

 بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمیسیۆنی باڵای پلاندانان کە لە مانگی ئاداری ڕابردوودا بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی ٢٥ هەزار ژنی گەنجی مەغریبی کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٩ ساڵدایە، لانیکەم جۆرێک لە توندوتیژییان بەسەردا هاتووە، لەکاتێکدا زیاتر لە نیوەی ژنان و ژنانی گەنجی تەمەن ٢٠ بۆ ٧٤ ساڵان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەناو خێزانەکەیان یان لە دەرەوەی خێزانەکەیان.

 

ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ٥٦.٥٪ی ژنانی مەغریبی هێشتا تووشی جۆرێک لە توندوتیژی دەبنەوە، کە زۆربەیان لەناو خێزانەکاندان، توندوتیژی ئابووریش دوو هێندە زیادی کردووە، لە ٨.٢٪ی لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ١٥.١٪ی لە ساڵی  ٢٠١٩زیادیکردوە.

 

لە ڕاپۆرتێکی گشتگیردا کە ماوەی ٢٠٢٠-٢٠٢٣ی گرتەوە، ڕێژەی "توندوتیژی ئابووری و کۆمەڵایەتی" گەیشتووەتە ٢٤.٨٪ ، کە زەوتکردنی سەرچاوەکانی ژنان یان دەسەڵاتی بڕیاردانی دارایی لەناو خێزانەکەدا دەگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێکیان نەتوانن خۆیان لەو توندوتیژییە ڕزگار بکەن یان ڕاپۆرت بکەن.

 

کۆمیسیۆنی باڵای پلاندانان ئەم جۆرە خراپ بەکارهێنانە بە "ڕووی نوێی سستی" پێناسە دەکات، بەو پێیەی تەنها ١٩،٩٪ی ژنانی مەغریبی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دامەزراون، ئەمەش وابەستەیی ئابووری بەهێزتر دەکات و ئەگەری ڕەشبگیری و چەوساندنەوەی زیاد دەکات.

 

توندوتیژی دیجیتاڵی بووەتە درێژکراوەی توندوتیژی نەریتی، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە٥٨.١ ٪ی ژنان تووشی جۆرێک لە توندوتیژی ئۆنلاین بوون، یەک لەسەر سێیان ڕایانگەیاندووە کە ئەو خراپ بەکارهێنانی دیجیتاڵییە ڕژاوەتە ناو دۆخی ژیانی ڕاستەقینە.

 

ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ٧٠٪ی ژنانی گەنجی تەمەن ١٥ بۆ ١٩ ساڵ، کە  لە یەک ساڵدا تووشی جۆرێک لە توندوتیژی بوون، ئەمەش پرسی پاراستنی پێشوەختە بۆ ئەم گروپە لاوازە دەوروژێنێت.

 

''توندوتیژی دامەزراوەیی: کاتێک سیستەمەکە شکست دەهێنێت لە دایکان''

 توندوتیژی لە مەغریب تەنها لە ماڵ و شەقامدا قەتیس نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ خودی دامەزراوەکان، لە نەخۆشخانەی حەسەنی دووەم لە ئاغادیر، لە ماوەیەکی کورتدا هەشت ژنی دووگیان گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی گشتیی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەدوای خۆیدا هێنا، فیدراسیۆنی خولەکانی مافی ژنان ئەم ڕووداوانە بە ئاشکراکردنی بەردەوامی سستی سیستەمی چاودێری تەندروستی دەزانێت، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا.

 

بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای پلاندانان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕێژەی مردنی دایکان لە مەغریب ٧٢ حاڵەتی مردنە لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵێکی زیندوو، کە ئەمەش کە لە باکوری ئەفریقا دوو هێندە زیاترە، هەروەها لە ناوچە دوورەدەستەکانیش لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵی زیندوودا ١٠٠ مردن زیاترە.

 

کۆمەڵەکە، وتی: ئەو کەیسانەی کە ئاراستەی ناوەندەکانی گوێگرتنیان دەکرێت لەم ساڵانەی دواییدا دوو هێندە زیادیکردووە، ژمارەی ئەو کەیسانەی ساڵانە وەریدەگرین لە هەزار کەس تێپەڕیوە، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە چونکە قوربانییەکان لە گروپە کۆمەڵایەتییە لاوازەکانەوە هاتوون و تەمەنیان جیاوازە، ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە توندوتیژی هیچ توێژێکی کۆمەڵگە ناپارێزێت.

 

''یاسای ١٠٣.١٣ دەقێکی باشە... بەڵام سنووردارە''

 یاسای ژمارە ١٠٣،١٣ی ساڵی ٢٠١٨ بە بڕگەیەکی بەرچاو لە خەباتی ژنان دادەنرا، بەو پێیەی هەراسانکردن و توندوتیژی دژی ژنان بە تاوان زانی، سزای هەراسانکردنی ئۆنلاین لە شوێنی گشتیدا دیاریکرد، هەروەها فەرمانی دروستکردنی یەکەی پشتیوانی لەناو دادگا و نەخۆشخانەکانیدا، بەڵام دوای حەوت ساڵ لە پەسەندکردنی و سەرەڕای جێبەجێکردنی توندی حکومەت، تا ئێستاش بە بێ توانایی مسۆگەرکردنی پاراستنی کاریگەر بۆ مافەکانی ژنان ماوەتەوە و تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکەی سنووردارە و بەس نییە بۆ گەیشتن بە یەکسانی خوازراو.

 

ڕەجا حەمینە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە یاساکان بەتەنها بەبێ میکانیزمی جێبەجێکردنی پراکتیکی بەس نین، وتی: یاسایەک کە بودجەی نەبێت و خولی پەروەردی دادوەری و کۆمەڵایەتی نەبێت تەنها ڕەنگ لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە یاسایەکە ڕەگ و ڕیشەی لە ڕاستیدا هەبێت، یاسایەک کە ژنان بە شێوەیەکی کاریگەرتر بپارێزێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە مەغریبێکی پارێزراودا بژین کە ڕێز لە شکۆمەندی ژنان بگیرێت، هەروەها کۆمەڵەکە بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی داکۆکیکردن لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکان بۆ پێداچوونەوە بەم یاسایە و هاوتەریبکردنی لەگەڵ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، دڵنیابوون لەوەی کە پاراستن ڕاستەقینەیە نەک تەنها هایمای.

 

''توندوتیژی و ستەمکاری دیجیتاڵی: دادگاییکردنی دووەم''

 ڕاگەیاندنی دیجیتاڵی لەمڕۆدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە شەڕی تێکەڵاودا، جیهانی مەجازی دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک کە جۆرەها توندوتیژی دژی ژنان یاسای دەدات، ئەم شوێنە چیتر جێگەی لێکۆڵینەوە و پرسیار نییە، بەڵکو بووەتە ئامرازێک بۆ تێکدانی بەها کۆمەڵایەتی و ژنان، ئەو توندوتیژیانەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی دیجیتاڵییەوە ئەنجام دەدرێن، تەنها لە شاشەکاندا قەتیس نامێننەوە، بەڵکو سنووری ڕاستی مەجازی تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانە بگرێتەوە.

 

لە جیهانی مەجازیدا توندوتیژی بە شێوەی نوێ خۆی دەردەخات، ژنانی مەغریبی ڕۆژانە ڕووبەڕووی شەپۆلی ناوزڕاندن و دزەپێکردن و هێرشکردنە سەر ئەلیکترۆنی دەبنەوە، سەرەڕای بوونی یاساگەلێک کە ئەم کردەوانە بە تاوان دەزانن، لەگەڵ جێبەجێکردن خاو دەبێتەوە و وەڵامدانەوەکان سنووردارە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دابڕاون و لە ترسی دەنگۆ یان تۆڵەسەندنەوە لە جیابوونەوەی بەزۆر.

 

خەدیجە ئەهلیل سەرۆکی یەکێتی ژنانی مەغریب لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم بابەتە، وتی: چەواشەکاری کۆمەڵایەتی دووەم جۆری توندوتیژییە لەدوای دەستدرێژی جەستەیی، مۆڕاڵ دەچەوسێنێتەوە و قوربانیان بێدەنگ دەکات، زۆرێک لە ژنان تەنانەت ناوێرن ڕاپۆرتی ڕووداوەکە بکەن لە ترسی ئەوەی چیرۆکەکانیان ببێتە ناوزڕاندنی لە ئۆنلاین، بەم شێوەیە کەسەکە دووجار دەکوژرێت: جارێک کە دزەپێدەکرێت، جارێکی دیکە کە کۆمەڵگە سزای لەسەر خاوەنەکەی دەدات.

 

''توندوتیژی کوشندە کاتێک خۆپاراستن شکست دەهێنێت''

 مەغریب لە ساڵی ٢٠٢٥دا چەندین ڕووداوی دڵتەزێنی بەخۆیەوە بینی، کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی توندوتیژییە بۆ ئاستێکی کوشندە و تیشک دەخاتە سەر لاوزی پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی، لە دیارترین ئەو ڕووداوانە بریتی بوون لە:

 

- پارێزگای ستات "١٧ی تشرینی یەکەمی٢٢٥": دەستگیرکردنی پیاوێکی تەمەن چل ساڵان بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی، کە لە مانگی ئایارەوە، گوایە بە ئامێری بڕینی کارەبایی تەرمی ئەو هاوژینەکەی پارچە پارچە کردووە و لە شوێنێکی کراوەدا فڕێداوە.

 

- دابەیزا "تشرینی ٢٠٢٥": پۆلیسێک تەقەی لە ژنێکی ناسیاوی کرد و دواتر هەوڵی خۆکوشتنی دا.

 

- ئەرفود "نیسانی ٢٠٢٥": مامۆستایەک لەلایەن خوێندکارێکەوە بە چەقۆ لەبەردەم ڕێبواراندا گیانی لەدەستدا.

 

ئەم ڕووداوانە سەرەڕای جیاوازییان لە چوارچێوەی و شوێندا، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کوشتنی ژنان تەنها دەرئەنجامی سەرپێچی تاکەکەسی نییە، بەڵکو نیشاندەرێکی ستراکتورییە بۆ بێتوانایی سیستەمی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە پاراستنی ژنان، وتیان بوونی یاسادانان بە تەنها بەس نییە بەبێ ئیرادەی جێبەجێکردنی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی و میکانیزمی چاودێری کاریگەر، هەروەها خەدیجە ئەهلیل، چالاکوان لە کۆمێنتێکدا، وتی: دەکرا بە دەستێوەردانی دەستبەجێ یان پاراستنی بەپەلە ڕێگری لە زۆرێک لە کوشتن بکرایە، بەڵام ئەو کاتەی لەدەست دەچێت لە نێوان تۆمارکردنی سکاڵا و گرتنەبەری ڕێوشوێندا ژیانی هاواڵاتیان لەناو دەچێت.

 

''خوباتی نەوەی نوێ''

 لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا، مەغریب شایەتی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی گەنجان بوو بە سەرۆکایەتی نەوەی Z، داوای یەکسانی و دادپەروەری ڕەگەزییان دەکرد، ئەم ناڕەزایەتیانە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی دیجیتاڵی و لەسەر زەوی و ئاسایشی بوونەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گفتوگۆی گشتی لەسەر توندوتیژی زیندووکردەوە و دیواری بێدەنگی دەوروبەری قوربانییەکانیان شکاند.

 

شوێنی دیجیتاڵی بووەتە شمشێرێکی دوودەم: شوێنی هاندان و ناوزڕاندن، بەڵام شوێنی خۆڕگری و هاودەنگی لە ڕێگەی هاشتاگەکانی وەک #بێدەنگ نابم و #توندوتیژی بوەستێنن ، کە لەلایەن چالاکوانان و هونەرمەندانەوە دەستیپێکردووە بۆ داوای لێپرسینەوە و شکۆمەندانی.

 

''دەستکەوتەکان لە هۆشیاریدا و پاشەکشە لە پاراستن''

سەرەڕای تاریکییەکە، پێشهاتە ئەرێنییە بەرجەستەکراوەکان هەن، لەوانە:

 

- زیادکردنی هۆشیاری گشتی بۆ پرسەکانی ژنان.

 

- فراوانکردنی کاری ناوەندەکانی گوێگرتن و پەناگە، سەرەڕای کەمی بودجە.

 

- سەرهەڵدانی دەستپێشخەری دیجیتاڵی و مەیدانی کە پشتگیری لە ڕزگاربووان دەکەن و جێگرەوەیەکی ئابوورییان بۆ دابین دەکەن.

 

بەڵام ئاستەنگە پێکهاتەییەکان بەردەوامن، دیارترینیان:

 

- ناتەواوی بودجەی تەرخانکراو بۆ ناوەند و کۆمەڵەکانی ژنان.

 

- خاوکردنەوەی ڕێکارە یاساییەکان.

 

- بەردەوامبوونی جۆرەکانی توندوتیژی هێمای و میدیایڕاگەیاندنی و دامەزراوەیی.

 

لەم پێوەندییەدا ڕەجا حەمین، وتی: بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرپرسیارێتییەکی دەستەکۆمەڵیە کە پێویستی بە بەشداری حکومەت و کۆمەڵگە و دامەزراوە پەروەردەییەکان هەیە، تا زووتر هۆشیاری دەست پێبکات، نەوەیەکی زۆرتر سەرهەڵدەدەن کە توندوتیژی ڕەتدەکەنەوە و باوەڕیان بە مافەکانی ژنان هەیە.

 

''بەرەو مەغریبێکی پارێزراو بۆ ژنان''

 ئەم تێڕوانینە گشتییە درێژە بە یەک پەیام کۆتایی دێت: جوانیناسیی دەقە یاساییەکان بە تەنها بەس نییە، توندوتیژی دژی ژنان لە مەغریبدا کردەوەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کولتووری کۆمەڵایەتی و کەموکوڕییە دامەزراوەییەکانە، هەروەها ڕەنگدانەوەی کەموکوڕییە سیستماتیکییەکان و پرسێک کە لەناو خودی دەوڵەتدا پەرەدەسەنێت، لە کاتێکدا دەوڵەت سەرنجی لەسەر یاسادانان، کۆمەڵگەی مەدەنی جەخت لەسەر پەروەردە و بەهێزکردن و هاوسەنگی لەگەڵ پێشکەوتن دەکات وەک ڕێگایەکی هاوتەریبی پێویست.

 

لە کاتێکدا دەوڵەت لە ڕێگەی یاساکانەوە هەوڵی پێشکەوتن دەدات، کۆمەڵگە بانگەشە بۆ ڕێبازە بنچینەیە هاوتەریبەکان دەکات وەک پەروەردە و ئابوورییەکی بەکۆمەڵ و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای ئەخلاقی و جوانکاری و دیموکراتیک دامەزراوە.

 

ئەمڕۆ بزووتنەوەی ژنانی مەغریب لە گۆڕەپانێکدا وەستاوە: یان دروشمەکان دەگۆڕدرێن بۆ سیاسەتێک کە ژیان ڕزگار دەکات، یان توندوتیژی بەردەوامە، یەکجار جەستە کوشتن و ناوزڕاندن دوو جار کوشتنە.