سیستمی کۆتا؛ هەژمار کردنی ژنان بە نیوە کەمتر
بۆ دوو ههفتهیه بانگهشهى ههڵبژاردن لە ههرێمى كوردستان و عێراق بۆ پەرلەمانی عێراق دهستىپێكردووه، بەڵام کاندیدانی ژن سەرەڕای کەمی ڕێژەی کاندید بوونیان، بەهۆی سیستمی کۆتاوە هەمیشە وەک کەمتر لە نیوە هەژمار دەکرێن.
لاڤە کوردە - هێرۆ عەلی
ناوەندی هەواڵ- هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی فرەڕەهەندە کە تاک دەتوانێت لێیەوە بەشداریی ناڕاستەوخۆی هەبێت لە پرۆسەی سیاسی و حکومڕانیدا، ئەویش لە رێگەی نوێنەری کاندیدی متمانە پێکراوی خۆیەوە، کە دواجار بە شێوەی ئەرێنی و نەرێنی وەڵامی ئەومتمانە پێدانە وەردەگرێتەوە.
لەسەرەتادا تەنها چینی دەسەڵاتدار و خەڵکانێکی تایبەت مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی جیهان وبەرەوپێشچوونی بیری مرۆڤایەتی، ئەم پرۆسەیە تەشەنەی سەند و بووە بابەتێکی سەرەکی و گرنگ، هەروەها لە ماددەی "٢٥"ی پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە مەدەنی و سیاسیەکان هاتووە: هەموو هاووڵاتیەک مافی ئەوەی هەیە کە بەشداری بکات لە بەڕیوەبردنی ژیانی گشتی وڵاتەکەیدا، بەشیوەیەکی راستەوخۆ یاخود لەڕێگای ژمارەیەک نوێنەری هەڵبژێردراوەوە.
مێژووی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی شارستانیەت و گەشەکردنی بیری مرۆڤایەتی لای یۆنانییەکان، لە دەرئەنجامی ستەمی دەسەڵاتی کەمینەیەكی خۆسەپێن بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگە دا، لە ئەوروپا و باکووری ئەمریکاش لەکۆتایی سەدەی حەڤدەیەم سەری هەڵداوە و بەشێوەیەکی سەرەتایی کاری پێکراوە، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەمدا ژنان بەشێوەیەکی سنوردارو لەهەندێک وڵاتی وەک "بەریتانیا، سوید، فینلاند و هەندێک لەهەرێمە خۆرئاواییەکانی ئەمریکا" مافی دەنگدانیان مسۆگەرکرد، دواتر هەندێک رێکخراو بۆ ئەم مەبەستە دامەزرێنرا، وەک، ئەنجومەنی نێودەوڵەتی ژنان ساڵی ١٨٨٨، هاوپەیمانی بەدەسهێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان ١٩٠٤.
وڵاتی فینلاند وەک یەکەم وڵاتی ئەوروپایی مافی دەنگدانی بەژناندا، دوای ئەویش وڵاتی فەرەنسا لە ساڵی ١٩٤٧، دواهەمین دەوڵەتیش سویسرابوو کە لەساڵی ١٩٧١دا مافی دەنگدانی بەخشی بەژنان، بەڵام تەمەنی ئەم پرۆسەیە لەوڵاتە عەرەبیەکاندا سەدەیەکی تێنەپەڕاندوە و دواهەمین وڵاتی عەرەبیش کەمافی دەنگدانی بەژناندا سعودیە بوو لەساڵی ٢٠١٥دا.
سیستمی کۆتا چیە؟
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی بەشداری سیاسی ژنان بدەینەوە، دەبینین کە ژنان نەک ھەر دەرفەتی بەشداری سیاسی و ئیداریان نەبووە بەڵکو تەنانەت مافی دەنگدانیشیان پێ ڕەوا نەبینراوە، تاکو نیوەی یەکەمی سەدەی بیست، کە وردە وردە وڵاتان ئەو مافەیاندا بە ژنان کە دوای ئەوەی تەمەنی یاسایی دەتوانن وەکو پیاوان دەنگ بدەن بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەر لە ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوەکاندا، دواتر لەگەڵ هۆشیاربوونەوەی ژنان و ھەوڵ و گوشارەکانیان و فراوانبوونی مەوداکانی ئازادی ودیموکراسی بیر لە ڕێگا و شێوازێک کرایەوە بۆ دەستەبەربوون و بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی سیاسی و ئیداریدا و ھەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ھاوسەنگی ڕەگەزی.
لەم چوارچێوەدا لە کۆنگرەی چوارەمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە شاری پەکینی پایتەختی وڵاتی چین لە ساڵی ١٩٩٥بەسترا، سیستەمی کۆتای ژنان وەک میکانیزمێک خرایەڕوو بۆ زیاتر بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەت و ئیدارەدان و بنیاتنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان لەگەڵ لابردنی لەمپەر و ڕێگرییەکانی بەردەمیان، کە مەبەست لەو سیستەمە دەستەبەرکردنی مافی کەمینەکانە لە نێو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا، بەدیاریکراوی میکانزمێکە بۆ ھێنانەدی ھاوسەنگی نێوان ژن و پیاو، کە مێژووی سەرھەڵدانی ئەم سیستەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦١ کە "جۆن کەنەدی" سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەم جار کۆتای بۆ کەمینەی ڕەش پێستەکان بەکاری ھێنا، دواتر بزوتنەوەی ژنان داوایان کرد بکرێتە ڕێگایەک بۆ بەشداریان لە ئیدارەدانی وڵاتدا، ئێستا ئەم سیستەمە کۆتایە نەک ھەر بۆ ژنان بەڵکو بۆ کەمینە ئاین و مەزھەبی و نەتەوەییەکانیش بەکاردێت.
لەم چوارچێوەدا چەندین وڵات لەسەر ئاستی جیھان کار بەم سیستەمە دەکەن لەو نێویشیاندا عێراق و ھەرێمی کوردستان کە ھەر یەکەیان ڕێژەیەکیان دیاریکردووە بۆ ئەنجومەنە ھەڵبژێراوەکان، لە عێراقدا ڕێژەی ٪٢٥ و لە ھەرێم ٪٣٠ی دیاریکراوە بۆ بەشداری ژنان.
لە عێراقدا، دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣، ژنان لە ڕێگەی پێنج خولی هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەکەوە ئامادەیی خۆیان لە پەرلەمانی عێراق پاراستووە، کە بەشداریکردنیان لە ئۆرگانەکانی پێشووی حوکمڕانی وەک ئەنجومەنی حوکمڕانی و حکومەتی کاتی و ئینتقالیشی لەخۆگرتووە.
ڕێژەی بەشداریکردنیشیان بەم شێوەیە بووە:
لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، لە ساڵی ٢٠٠٥، ٧٠ ژن هەبوون، ئەم ژمارەیە لە خولی دووەمی ساڵی ٢٠١٠، بۆ ٨٣ ژن بەرزبووەوە، لە خولی سێیەمی ساڵی ٢٠١٤شدا ژمارەکە وەک خۆی مایەوە، لە خولی چوارەمی ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی ژنان بووە ٨٤ ژن و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا کە لە ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، بۆ ٩٧ ژن بەرزبووەوە، بەمشێوەیە ژنان بە ڕێژەی ٢٨.٩٪ نوێنەرایەتیان بەدەستهێنا، بەمەش کۆتای ٢٥٪یان تێپەڕاند، کە بە پێی دەستووری عێراق و بەپێی ماددەی ١٦ لە یاسای پەرلەمانی عێراقی ساڵی ٢٠١٩، پێویستە بەشداری ژنان لە پەرلەمانی عێراقدا لە ٢٥٪ کەمتر نەبێت و دەبێت لەو ٣٢٩ کورسییە ٨٤ کورسی بۆ ژنان بێت، کە وەک کۆتای ژنان دیاریکراوە.
بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش کە بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، کە لە ٣ی تشرینی یەکەمەوە بانگەشەی حزب و کاندیدەکان دەستیپێکردووە، ئەم هەڵبژاردنە لەسەر بنەمای یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٣، هەموواری سێیەمی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت، کە لە ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرابوو.
کە ئەم هەڵبژاردنە لە ٣١ هاوپەیمانی و ٣٨ پارت و ٧٥ کاندیدی سەربەخۆ، حەوت هەزار و ٧٦٩ کاندید پێکهاتووە، کە دوو هەزار و ٢٤٨ کاندیدی ژن و پێنج هەزار و ٥٢٠ کاندیدی پیاوی تێدایە، کە کێبرکێی بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن، بەڵام وەک هەمیشە کەمی کاندیدانی ژن سەرنج ڕادەکیێشێت.
سیستمی کۆتا بۆ کەمکردنەوەی پێگەی ژن
لە هەرێمی کوردستان بەکۆی گشتی ٣٠١ کاندید هەن لەم ژمارەیە ٩٤ـیان ژنن، بەمشێوەیە؛ لە پارێزگای هەولێر کە وەک بازنەی هەولێر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ١٠٨ کاندید هەن، ٣٦ـیان ژنن، لە بازنەی سلێمانی ١٣٦ کاندید هەن و ٣٧ـیان ژنن و لە بازنەی دهۆکیش لەکۆی ٥٨ کاندید ٢٠ـیان ژنن.
لەکۆی ئەو ٣٢٩ کورسییەی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، ٨٣ کورسی وەک کۆتا بۆ ژنان دیاریکراون، هەرێمی کوردستان کە، ٤٥ کورسی بۆ دیاریکراوە، بەپێی سیستمی کۆتا، ١١ کورسی بۆ ژنان دەبێت.