"ژنان لە دوای جیابونەوە زیانبەرکەوتووی سەرەکین"

بۆ زۆرێک لە ژنان، جیابوونەوە تەنها کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکی هاوژینی نییە، بەڵکو سەرەتای ڕووبەڕووبونەوەیەکی سەختە لەگەڵ واقیعێکی تاڵدا، ئەمەش لە نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی و کەمتەرخەمی حکومەت لە دابینکردنی مافی نیشتەجێبون و مافە سەرەتاییەکانە.

میهرەبان سەلام 

 

هەڵەبجە-زۆرێک لە ژنان، کاتێک لە هاوژینەکانیان جیادەبنەوە ، هەندێک جاروا دەزانرێت ئەمە کۆتایی پەیوەندییەکی هاوژینییە تەواو، بەڵام بە ڕاستی، ئەمە تەنانەت دەبێت بە سەرەتایەکی نوێ بزانرێت، سەرەتای ڕووبەڕوونەوەیەکی سەخت  بەتایبەت بۆ ژنان.

 

"ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و ئابووری دێتەپیش ژنانی جیابووەوە"

سەبارەت بەم بابەتە ئاشتی محەمەد، پارێزەر باسی مافەکانی ژنانی لەپاش جیابوونەوە ئەو ئاستەنگانەی کرد کە دێنە بەردەمیان وتی: بمانەوێت و نەمانەوێت کۆمەڵگەی کوردی  کۆمەڵگەیەکی داخراوە لە ڕووی داب ونەریت  و عەشایەری زۆر زاڵە بەسەر کۆمەلگەی کوردی، کاتیک ژن و پیاوێک لە یەکتری جیا دەبنەوە کۆمەڵێک ئاستەنگ و نارەحەتی رووبەروویان  دەبیتەوە ئەویش بە دوو شێواز  ئاستەنگ دیتە پێش ژنان یەکەم لە رووی کۆمەلایەتی دووەم لە رووی ئابووری.

 

خەمی نیشتەجێبوون دوای جیابوونەوە یەکیکە لە کیشەکان بۆ ژنان
ئاماژەی بەو ئاستەنگانە کرد کە دێتەبەردەم ژنانی جیابووەوەو وتی: لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە کاتێک ژنێک جیا دەبیتەوە  یەکەم شت بیری لێ دەکاتەوە منداڵە ئایا لای دایکە یان باوک، ئەمە لە ڕووی دەروونیەوە پێی خۆشە منداڵەکە لای خۆی بێت، بەڵام بیریش لەوە دەکاتەوە کە شوێنێکی نیشتەجێبوون هەبێت بۆ خۆی و منداڵەکانی، یان زۆربەی کات خێزان قبولی ناکات و توشی توانج و ناڕەحەتی دەبێت و بەوەی مندالی کەسی کەیان هێناوە، بێئاگا لەوەی مندال زیاتر پەیوەستە بە دایکەوە بە حوکمی ئەوەی دایک زیاتر خەریکی دەبێت و هۆگریانە، دایک میهرەبانی و سۆزی هەیە بەرامبەر منداڵەکانی بۆیە کاتیک جیا دەبێتەوە رووبەروی توانج و کێشە دەبێتەوەو ئەم دایکە ناچارە بژاردەیەک هەڵبژێرێت.


"بە چاوێکی کەم سەیری ژنانی بێهاوژین دەکەن"
سەرەرای ئاستەنگەکان ئاشتی محەمەد ئاشکرایکرد، لەناو کۆمەڵگە بە چاوێکی کە سەیر  دەکرێت  و بەدەر لەوەی  کەمترین جار، دەوترێت هۆکاری جیابوونەوە پیاوە هەمیشە دەوترێت ژنە، زۆربەی تاوانەکە دەخرێتە سەر ژنان ژنێک هەرچەند بارودۆخی سەخت بێت، کۆمەڵگە رووحم ناکات، چۆن هاوسەرگیری خوا دایناوە ئاواش جیابوونەوە، بۆیە هەندێک جار جیابوونەوە چارەسەری کیشەکانەو کۆمەڵگە بەچاوێکی تر سەیری ژنان دەکات،  ئەوە نابینن کە ژنەکە کۆمەلێک کیشەی هەبووە و چەندین تۆمەت دەخەنە پال ژنەکە، هەندێکجار خیزانەکانیش توشی کیشە دەبن، ئەو کەیسانەش زۆر بە قورسی تێدەپەڕێت.


ئاماژەی بەوەشکرد، لە لایەنی ئابووری بارودۆخی هەڵەبجە ڕوونەو ئیشی کەمی تێدایە، زۆر سەخت دەبێت، بدوای جیابوونەوە ئاستەنگ زۆرن، وەرگرتنی مافەکان ئاستەنگی هەیەو لە وەرگرتنی توشی کێشە دەبن و ئەو ژنانەی کە جیا دەبنەوە نەفەقەو مافەکانی بە مووچە دەدرێت و هەموو دوو مانگ جارێک پێیان دەدرێت، کەیسمان هەیە موچەی مانگی چواری وەرنەگرتووە لە کاتێکدا لەمانگی حەوتین.


ئاشتی محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: حکومەت مافی ژنانی بێهاوژین نادات و پالپشتیان ناکات لە دابین کردنی شویێی نیشتەجیبوون و دابین کردنی بیمەی کۆمەڵایەتی، بۆیە پێویستە کۆمەڵگە هۆشیار بێتەوە لەوەی جیابوونەوە نەک بڕیارێکی تایبەتی یەک کەسە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ماف و ئازادییە گشتییەکان، بۆ ژیانی باشتر، لەبەر ئەوەش، پێویستە پشتیوانییەکان، دامەزراندنی بیمە و یارمەتیدانی یاسایی و مانگانە، بە تایبەتی بۆ ژنان دابین بکرێت.